"زمانی كوردی له ناوچه‌كانی جێناكۆك له پاشه‌كشێدایه"، ئه‌وه‌ش به‌پێی ئه‌و توێژینه‌وه و گفتوگۆیانه‌ی له كۆنفرانسی زانستی تایبه‌ت به زمانی كوردی له ناوچه‌كانی جێناكۆك به‌ڕێوه‌چوو، تیایدا پێنج راسپارده ئاڕاسته‌ی نوێنه‌رانی كورد له به‌غدا و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرا.
کۆنفرانسه دوو رۆژییه‌كه یه‌كشه‌ممه 30ی ئازار له خانه‌قین كۆتایی هات و تیایدا ژماره‌یه‌ك له پسپۆڕانی زمانی كوردی له ناوچه‌كانی جێناكۆك به توێژینه‌وه و گفتوگۆكردن له پانێڵه‌كانی كۆنفرانسه‌كه به‌شدارییانكرد.
عەباس عەبدولڕەزاق، بەڕێوه‌بەری ماڵی روناکبیریی سەلام، به (کەرکوک ناو)ی وت "بیرۆکەی ئەم کۆنفرانسە پاش ئەوە هات کە تێبینیمان کرد لە ناوچە جێناكۆكه‌كان بە تایبەت خانەقین، گرفت بۆ زمانی کوردی دروستبووه".
ماڵی روناکبیریی سەلام بە هاوکاری رێکخراوی خانی بۆ لێکۆڵینەوەی هزری كۆنفرانسه‌كه‌یان به‌ڕێوه‌برد له‌گه‌ڵ کۆلێژی زمانی زانستە مرۆڤایەتییەکانی خانەقین.
"پاش خستنەڕوی توێژینەوهكان و گفتوگۆكردنیان له پانێڵه‌كاندا ده‌ركه‌وت زمانی كوردی به‌تایبه‌ت له دوای نه‌مانی ده‌سه‌ڵاتی كوردی له ناوچه‌كانی جێناكۆك به‌ره‌و پاشهكشێکردن ده‌ڕوات"، وه‌ك عه‌باس عه‌بدولڕە‌زاق جه‌ختیلێكرده‌وه و وتیشی "بۆیه پێنج راسپارده پەسەندکرا".
له 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017، ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی ناوه‌ندی بۆ ته‌واوی ناوچه‌كانی جێناكۆك گه‌ڕایه‌وه و پێشمه‌رگه پاشه‌كشێی كرد. به‌پێی گفتوگۆی پانێڵه‌كان، ئه‌و روداوه كه بۆته هۆی كه‌مبونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی كوردی له‌و ناوچانه كاریگه‌ری له‌سه‌ر پاشه‌كشێی زمانی كوردی هه‌یه.
یه‌كێك له خاڵه‌كانی پاشه‌كشێی زمانی كوردی كه له كۆنفرانسه‌كه‌دا جهختیلێكرایەوە ئه‌وه‌یه دایكان و باوكان منداڵه‌كانیان له خوێندنی كوردی ده‌رده‌كه‌ن و ره‌وانه‌ی خوێندنگه عه‌ره‌بییه‌كانیان ده‌كه‌ن، هاوکات، ژماره‌یه‌ك خوێندنگه‌ی كوردیش داخراون.
به‌پێی راپۆرتێكی پێشوی (كه‌ركوك ناو)، نۆ هه‌زار منداڵ له خوێندنی كوردی په‌روه‌رده‌ی كه‌ركوك بۆ ساڵی خوێندنی 2018 - 2019 تۆماركراون، له‌كاتێكدا ساڵی رابردوو له‌هه‌مانكاتدا 12 هه‌زار منداڵ تۆماركرابون، ئه‌وه‌ش به‌پێی ئاماری خوێندنی كوردی.
هه‌روه‌ها شه‌ش قوتابخانه‌ی خوێندنی كوردی له كۆتایی ساڵی 2018 له داقوق داخران، له‌به‌ر "ناسه‌قامگیری بارودۆخی ئه‌منی گونده‌كان"، به‌وهۆیه‌وه خوێندكاران و مامۆستایان به‌سه‌ر قوتابخانه‌كانی تردا دابه‌شكران، ئه‌م گرفته له قه‌زای دوزخورماتوو سه‌ر به پارێزگای سه‌ڵاحه‌دینیش بونی هه‌بوو.
د. ئومێد بەرزان، پڕۆفیسۆری یاریده‌ده‌ر له بواری زمانی کوردیی، له كۆنفرانسه‌كه توێژینه‌وه‌یه‌كی پێشكه‌شكرد و تیایدا پێیوابوو "زمانی کورد له ناوچه‌كانی جێناكۆك به‌ره‌و داڕوخان ده‌ڕوات" و داوایكرد لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان فریابكه‌ون.
"لە دوو ساڵی رابردودا بەهۆی لاوازبونی دەسەڵاتی کوردی، زمانی کوردیش له ناوچه‌كانی جێناكۆك پاشه‌كشێی كردووه، لەسەدا ٥٠ی قوتابخانە کوردییەکان کراون بە قوتابخانەی عەرەبی"، به‌ڵام (كه‌ركوك ناو) نه‌یتوانی له‌و ئاماره دڵنیابێته‌وه و پشتڕاستیبكاته‌وه.
لە دوو ساڵی رابردودا بەهۆی لاوازبونی دەسەڵاتی کوردی، زمانی کوردیش له ناوچه‌كانی جێناكۆك پاشه‌كشێی كردووه
د. ئومێد وتی "رێژەیەکی زۆر قوتابیانی کورد رۆیشتوون بۆ خوێندنی عەرەبی".
خوێندنی كوردی له ساڵی 2003و دوای روخانی رژێمی به‌عس له كه‌ركوك و ناوچه‌كانی تری جێناكۆك ده‌ستیپێكرد، پێش ئه‌و واده‌یه رێگهپێدراونهبوو. له ئێستادا هه‌شت هه‌زار مامۆستا له خوێندنی كوردی ناوچه‌كانی جێناكۆك وانه‌ده‌ڵێنه‌وه و حكومه‌تی هه‌رێم موچه‌یان پێده‌دات، جگه له‌و ژماره‌یه‌ی میلاكیان سه‌ر به حكومه‌تی فیدراڵییە.
ئه‌وانه‌ی سه‌ر به حكومه‌تی هه‌رێم بون، چوار ساڵه كێشه‌ی كه‌مكردنه‌وه‌ی موچه‌كانیان و دواكه‌وتنیان هه‌یه، به‌هۆیه‌وه چه‌ند جارێك بایكۆتی پرۆسه‌ی خوێندنیان كردووە.
ئەو پێنج راسپاردەیەی له كۆنفرانسهكەدا خرانه‌ڕوو له پێناو "رێگریكردن له پاشه‌كشێی زمان و خوێندنی كوردی" له‌و ناوچانه ئەمانە بوون:
1 - میتۆدێكی زانستی پهیڕەوبكرێت بۆ بە دواداچونی فەرمی لەلایەن دامودەزگای پەیوەندیدارەوە، بۆ دڵنیابون لە بەڕیوەچونی خوێندنی زمانی کوردی لەو ناوچانە بە شێوەیەکی سەرکەوتوو.
2 - بەپێی یاسا و ده‌ستوری هەمیشەیی عیراق، مافەکانی زمانی کوردی پارێزراوبێت و لە ته‌واوی ناوەندەکانی خوێندن لە عیراق.
3 - داوا لە حکومەتی هەرێم دەکەین تەواوی هەوڵەکانی بخاتەگەڕ لە بوارەکانی پەروەردە و خوێندن و راگەیاندن بەهەموو جۆرەکانییەوە و پشتگیری بەستنی کۆڕ و سیمینار و ۆرکشۆپ و کۆنفرانس بکات، ئه‌وه‌ش بەئامانجی لێکنزیککردنەوەی زار و شێوەزارەکانی زمانی کوردی.
4 - وەزارەتەکانی خوێندنی باڵا، پەروەردە، رۆشنبیری، ئەکادیمیای کوردی و ئەوقاف سەرپشک بکرێن لە گەڵاڵەکردنی پرۆژەی بەستانداردکردنی زمانی کوردی.
5 - لە بەشە کوردییەکانی زانکۆکانی هەرێم توێژینەوەکانی نامەکانی ماستەر و تێزەکانی دکتۆرا بایەخی زۆر بەزار و شێوەزارەکانی زمانی کوردی بە گشتیی و زار و شێوەزارەکانی ناوچه‌كانی جێناكۆك بدرێت.