لێپرسراوێكی یه‌كێتی: ئه‌و وه‌فده‌ی له‌گه‌ڵ بارزانی رێككه‌وتن‌ پرسی كه‌ركوكیان وه‌لاوه‌نا

هه‌ولێر/3ی ئازاری 2019/ كۆبونه‌وه‌ی مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پارتی، وه‌فدێكی یه‌كێتی به ‌سه‌رۆكایه‌تی كۆسره‌ت ره‌سوڵ فۆتۆ: ماڵپه‌ڕی بارزانی

كه‌ركوك ناو

جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی كه‌ركوكی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، نیگه‌رانی خۆی نیشانده‌دا له‌و وه‌فده‌ی حزبه‌كه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی دیموكرات له‌باره‌ی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی هه‌رێمی كوردستان رێككه‌وتون و ده‌ڵێت "پرسی كه‌ركوكیان وه‌لاوه‌ناوه‌"، پارتیش پێداگریی ده‌كات له‌وه‌ی پشتگیری له‌ "تێوه‌گلانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر ناكات".

له‌ 3ی ئازاری رابردوو، كۆسره‌ت ره‌سوڵ، جێگری یه‌كه‌می سكرتێری گشتی یه‌كێتیی و هه‌ریه‌كه‌ له‌ عیماد ئه‌حمه‌د و ئه‌رسه‌لان بایز ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی، له‌ پیرمام له‌ گه‌ڵ مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی كۆبونه‌وه‌ و رێككه‌وتن پرسی كه‌ركوك به‌ كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێم بسپێرن، ئه‌وه‌ش پێچه‌وانه‌ی پێداگرییه‌كانی پێشوی یه‌كێتییه‌وه‌ بوو كه‌ ده‌یویست له‌گه‌ڵ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێدا پارێزگارێكی نوێ له‌ پشكی یه‌كێتی بۆ كه‌ركوك هه‌ڵبژێردرێت.

غازی کەرکوکی، جێگێری لێپرسراوی مەڵبەندی دوو (كه‌ركوك)ی یەکێتی به‌ (کەرکوک ناو)ی وت "ئەو وەفدەی یەکێتی کە لەگەڵ مەسعود بارزانی رێككەوتنیان ئەنجامدا، پرسی کەرکوکیان وەلاوەناوه‌ و به‌هیچ شێوەیەک پێداگیرییان لەسەر دۆخی کەرکوک نەکردووه‌".

ئه‌و وەفدەی یەکێتی کە لەگەڵ مەسعود بارزانی رێككەوتنیان ئەنجامدا، به‌هیچ شێوەیەک پێداگیرییان لەسەر دۆخی کەرکوک نەکردووه‌

"سەرەتا یەکێتی بڕیاریدا پرسی كه‌ركوك و پێكهێنانی حكومه‌تی هه‌رێم بەیه‌ك پاکێج مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكات لە دانوستانەکانی لەگەڵ پارتی، بەڵام به‌ڕونی دەڵێم یەکێتیی و بە دیاریکراوی ئەو وەفدەی لەگەڵ پارتی دانوستانیان کردووە پرسی کەرکوکیان پشتگوێخست"، غازی وایوت.

یه‌كێتی له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017ه‌وه‌ پۆستی پارێزگاری كه‌ركوكی بۆ پێكهاته‌ی عه‌ره‌ب له‌ده‌ستدا، له‌وكاته‌وه‌ ده‌یان هه‌وڵی جۆراوجۆری له‌ به‌غدا، كه‌ركوك و هه‌ولێر داوه‌ له‌پێناو وه‌رگرتنه‌وه‌ی پۆسته‌كه‌، به‌ڵام سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌.

غازی كه‌ركوكی وتی "من بەرپرسیارم بەرامبەر ئەو قسانەی دەیکەم، پارتی دۆخی کەرکوکی بەلاوە گرنگ نییە، پارتی یاری بە هاوڵاتییانی کەرکوک ده‌كات، بۆیە مەرجی دانانی پارێزگارێکی کوردی بۆ ئەم شارە بەستۆتەوە بە ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکوک، واتا ئەوان نایانەوێت، هەتا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بۆ ئه‌و پرسه‌ بێنه‌ پێشەوه‌".

كه‌ركوك، 20ی ئازاری 2018، مه‌راسیمی یادكردنه‌وه‌ی جه‌ژنی نه‌ورۆز له‌سه‌ر قه‌ڵا فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

 

پارتی له‌دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017ه‌وه‌ نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ كه‌ركوك و به‌شێك له‌ باره‌گاكانی هێشتا ده‌ستیانبه‌سه‌ردا گیراوه‌، هه‌روه‌ها ئه‌ندامه‌كانی له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگا كه‌ زۆرینه‌ن، نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ كۆبونه‌وه‌كان و دۆخی ئێستای پارێزگاكه‌ به‌ "داگیركاریی" ناوده‌بات.

شاخەوان عەبدوڵا، ئەندامی دانوستانکاری پارتی بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکوک له‌گه‌ڵ یه‌كێتی، به‌ (کەرکوک ناو)ی وت "دانوستانی یەکێتیی و پارتی لەگەڵ حکومەتی عیراق بەردەوامە، بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شارەکە بۆ پێش روداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر، دانوستانەکان پێدەچێت تا دوو مانگی تر بخایه‌نێت".

وتیشی "ئێمە نامەوێت بەم دۆخەوە پارێزگارێک بۆ کەرکوک هەڵبژێردرێت کە دەسەڵاتی هیچی نەبێت، پارێزگارێکی کورد هەڵبژێردرێت تەنیا شەرعییەتدانە بەو داگیرکارییەی لە کەرکوک هەیە".

پارێزگارێکی کورد هەڵبژێردرێت تەنیا شەرعییەتدانە بەو داگیرکارییەی لە کەرکوک هەیە

پارتی چه‌ند جارێك جه‌ختیكردۆته‌وه‌ كه‌ ئاماده‌نییه‌ پشتگری هیچ كاندیدێكی یه‌كێتی بكات كه‌ "تێوه‌گلاوه‌ له‌ خیانه‌تی 16ی ئۆكتۆبه‌ر"، وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن.

له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌‌ كێن؟، شاخه‌وان وتی "وەکو کەس ناتوانین ناوی ئەو کەسانە بهێنین".

"پارتی بۆچونی وەهایه‌ کەسێک دیاریبکرێت بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکوک تێوەنەگلابێت لە خیانەتی شانزەی ئۆکتۆبەر و گەندەڵی ئیداری لە شارەکە، چه‌ند دۆخی کەرکوک بەلای پارتییەوە گرنگە ئەوەنده‌ش کاندید بەلای پارتییەوە گرنگە"، شاخه‌وان وایوت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT