دواى دوو ساڵ چاوه‌ڕوانی
رزگاربوانی ئێزیدی هاوكاری دارایی كران

هه‌ولێر، نیسانی 2019، هاوكاری دارایی رزگاربوانی ئێزیدی له‌لایه‌ن وه‌زیری كۆچ و كۆچبه‌رانی عیراقه‌وه‌ فۆتۆ: راگه‌یاندنی وه‌زاره‌ت

عه‌ممار عه‌زیز – نه‌ینه‌وا

ده‌یان رزگاربونی ئێزیدی، دوای دوو ساڵ له‌ چاوه‌ڕوانی به‌بڕی دوو ملیۆن دینار هاوكاری كران و هێشتاش دیارنیه‌ كه‌ی زه‌وی نیشته‌جێبونیان پێده‌درێت، هه‌رچه‌نده‌ بڕیاری بۆ ده‌رچووه‌.

له‌ شاری هه‌ولێر و به‌ ئاماده‌بونی وه‌زیری كۆچ و كۆچبه‌رانی عیراق، 100 رزگاربوی ئێزیدی له‌ ده‌ستی داعش هه‌ریه‌كه‌یان دوو ملیۆن دیناریان وه‌ك هاوكاری پێدرا، ئه‌وه‌ش له‌ چوارچێوه‌ی قۆناغی یه‌كه‌مدا كه‌ نزیكه‌ی هه‌زار كه‌س ده‌گرێته‌وه‌.

حسێن قائیدی، لێپرسراوی نوسینگه‌ی ڕزگاركردنی رفێنراوانی ئێزیدی له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "دوای پێنج كۆبونه‌وه‌ی گرنگ دواجار گه‌یشتینه‌ رێككه‌وتن هه‌ر رزگاربویه‌كی ده‌ستی داعش بڕی دوو ملیون دیناری عیراقی پێبدرێت و له‌ مه‌راسیمێكدا 100 رزگاربوو ئه‌و هاوكارییه‌یان وه‌رگرت".

پێدانی ئه‌و هاوكارییه‌ به‌ رزگاربوانی ئێزیدی، له‌ ساڵی 2017دا له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی عیراقییه‌وه‌ بڕیاری لێدرا.

"پرۆسه‌ی دابه‌شكردنی ئه‌و هاوكارییه‌ به‌رده‌وامی ده‌بێت و له‌ قۆناغی یه‌كه‌م 899 رزگاربووی ده‌ستی داعش ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ وه‌رده‌گرن".

به‌وته‌ی قائیدی ئه‌و هاوكارییه‌ بۆ هه‌موو رزگاربوانی ده‌ستی داعش خه‌رجده‌كرێت، به‌ڵام ئه‌وانیتر هێشتا كاتی دابه‌شكردنه‌كه‌ی دیارینه‌كراوه‌ و ده‌كه‌وێته‌ قۆناغه‌كانی تر، ئه‌وه‌ش وه‌ك ئه‌و وتی، "هه‌نگاوێكی گرنگه‌ و سه‌ره‌تایه‌كی باشیشه‌".

نه‌ینه‌وا، ئازاری 2019، شادبونه‌وه‌ی دایكێك به‌ كوڕه‌كه‌ی دوای رزگاركردنی له‌ده‌ستی داعش فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

 

بەپێی ئامارەكانی نوسینگەی رزگاركردنی رفێنراوان، داعش زیاتر له‌ شه‌ش هه‌زار هاوڵاتی ئێزیدی رفاند له‌كاتی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی شنگال له‌ ئابی 2014دا، سه‌رباری كۆتایی داعش له‌ عیراق و سوریا، به‌ڵام هێشتا چاره‌نوسی نزیكه‌ی سێ هه‌زار رفێنراو به‌نادیاری ماوه‌ته‌وه‌.

حسێن قائیدی له‌باره‌ی هاوكارییه‌كانی تری رزگاربوانی ئێزیدییه‌وه‌، به‌تایبه‌ت زه‌وی نیشته‌جێبون، وتی "تائێستا ته‌نیا له‌ راگه‌یاندنه‌كانه‌وه‌ باسكراوه‌ و هیچ هه‌نگاوێكی كرده‌ییمان نه‌بینیووه‌".

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا، به‌ر له‌ دوو ساڵ به‌ كۆی ده‌نگ بڕیاریدا به‌ دابه‌شكردنی پارچه‌ زه‌وی نیشته‌جێبون به‌سه‌ر رزگاربوانی ئێزیدی.

خوێدا خه‌ڵه‌ف، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا به‌(كه‌ركوك ناو)ی وت "بڕیاره‌كه‌مان ره‌وانه‌ی پارێزگای موسڵ و شاره‌وانی كردووه‌، جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كه‌ له‌ ئه‌ستۆی ئه‌واندایه‌".

داوای ئه‌وه‌شی له‌ رزگاربوانی ئێزیدی كرد مامه‌ڵه‌كانیان پێشكه‌شی شاره‌وانی و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان بكه‌ن تا هه‌ركاتێك ده‌ست به‌ دابه‌شكردنی زه‌وی كرا له‌و بڕیاره‌ سودمه‌ندبن.

"به‌رده‌وام به‌دواداچون بۆ ئه‌و دۆسیه‌یه‌ ده‌كه‌ین، به‌ڵام به‌هۆی ناسه‌قامگیری بارودۆخی پارێزگای نه‌ینه‌واوه‌ جێبه‌جێكردنی دواكه‌وتووه‌ و ئێمه‌ش واز له‌و بڕیاره‌ ناهێنین تا ده‌چێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌" خوێدا خه‌ڵه‌ف واده‌ڵێت.

پێكهاتەی ئاینی ئێزیدی، لەكاتی دەستبەسەرداگرتنی شەنگال لە 3ی ئابی 2014دا زۆرترین پێشێلكارییان بەرامبەر كرا‌وە لەلایەن داعشەوەو روبەڕوی كوشتنی بەكۆمەڵ بوونەوە، هەرچەندە لە تشرینی دووەمی 2015وە ناوچەكەیان كۆنتڕۆڵكراوەتەوە بەڵام هێشتا هەزاران خێزان ئاوارەن.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT