راكان سه‌عید، پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت، دوو لێپرسراوی به‌ش له پشكی كورد و له دیوانی پارێزگا ده‌گۆڕێت و پێكهاته‌ی عه‌ره‌ب له شوێنیان داده‌نێت، به‌ڵام به هه‌وڵی لیستی برایه‌تی له ئه‌نجومه‌نی پارێزگا بڕیاری گۆڕینی یه‌كێكیان هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه.
ئه‌و بڕیاره‌ی راكان سه‌عید، یەکشەمە 28ی نیسان ده‌ركرا و به‌پێی سه‌رچاوه‌یه‌ك له دیوانی پارێزگا له‌سه‌ر داوای كوتله‌ی عه‌ره‌بی له ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك بووه.
به‌پێی بڕیاره‌كه، هه‌ریه‌كه له لێپرسراوی بەشى سەرچاوە مرۆییەکان و لێپرسراوی بەشى کاروبارى هاوڵاتیان گۆڕدران، به‌ڵام بڕیاری لادانی ئه‌وه‌ی دووه‌میان هه‌ڵوه‌شایه‌وه.
ئەندامێکى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک لە لیستى برایەتى، نه‌یویست ناوی بڵاوبكرێته‌وه، به (كه‌ركوك ناو)ی وت "توانیمان دووشه‌ممه 29ی نیسان بڕیاری گۆڕینی لێپرسراوی به‌شی هاوڵاتیان بۆ شوێنه‌كه‌ی خۆی بگه‌ڕێنینه‌وه، ئه‌وه‌ش به‌پێی رێككه‌وتنمان له‌گه‌ڵ پارێزگاری كه‌ركوك".
وتیشی "ئه‌و دوو پۆسته هه‌ردوكی به‌ده‌ستی كورده‌وه بوو، لێپرسراوی بەشى کاروبارى هاوڵاتیان ماوەى چەندین ساڵە ئەو كاره به‌باشی ده‌كات و كێشه‌ی هاوڵاتیان چاره‌سه‌ر ده‌كات، ئه‌مڕۆ گه‌ڕایه‌وه سه‌ر كاره‌كه‌ی".
له‌باره‌ی هۆكاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی لێپرسراوی به‌شی كاروباری هاوڵاتیان، ئه‌و سه‌رچاوه‌یه وتی "لێكتێگهیشتنێكمان له‌گه‌ڵ پارێزگار هه‌بوو بۆ ئه‌و مه‌به‌سته... له به‌رامبه‌ر گۆڕینی لێپرسراوی به‌شی سه‌رچاوه مرۆییه‌كانیش چه‌ند داواكارییه‌كمان ئاراسته‌ی پارێزگار كردووه"، به‌بێ ئه‌وه‌ی زانیاری تر بدركێنێت.
له ئێستادا زۆرینه‌ی لێپرسراوێتییهكانی دیوانی پارێزگا به‌ده‌ست كوردیه‌وه كه هه‌شت لێپرسراوی به‌شیان هه‌یه.
هه‌فته‌ی رابردوش، به‌بڕیاری وه‌زاره‌تی ناوخۆی عیراق، عەمید محەمەد تاھیر (لە نەتەوەی کورد)، لە پۆستی بەڕێوەبەری پۆلیسی نەوتی باکور دورخرایەوە و لە شوێنی ئەو عەمید رافد تالب دانرا، ناوبراو لە نەتەوەی عەرەبە.
ئه‌و گۆڕانكارییانه پێكهاته‌ی كوردی نیگه‌ران كردووه و به‌هۆیه‌وه په‌رله‌مانتار دیلان غه‌فور، ئه‌ندامی فراکسیۆنی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان له په‌رله‌مانی عیراق به (که‌رکوک ناو)ی وت "تائێستا 45 بۆ 50 بەڕێوەبەری بەش و بەڕێوەبەری فەرمانگەکانی کەرکوک لە نەتەوەی کورد لەپۆستەکانیان دورخراونه‌ته‌وه و ئه‌وه‌ش پێشێلكارییهو قابیلی قبوڵ نییه".