كارمه‌نده‌كه‌ی ئاسایشی مه‌خمور، دوای كوشتنی له‌لایه‌ن داعشه‌وه به هه‌وڵی سێ كه‌سایه‌تی عه‌شایه‌ری سنوره‌كه ته‌رمه‌كه‌ی به‌ده‌ستی كه‌سوكاریی گه‌یشته‌وه، له‌وه‌شدا سوپای عیراقیی هاوكاریی كردون.
كۆتایی مانگی رابردوودا، رێكخراوی داعش كارمه‌ندێكی ئاسایشی یه‌كێتیی نیشتیمانی كوردستانی له مه‌خمور ده‌ستگیركرد و دوای چه‌ند رۆژێك، وێنه‌ی كوشتنه‌كه‌ی بڵاوكرده‌وه و دوێنێ شه‌ممه 5ی نیسان، ته‌رمه‌كه‌ی گه‌ڕێندرایه‌وه و به خاكسپێردرا.
كارمه‌نده‌كه‌ی ئاسایشی یه‌كێتی له مه‌خمور، ناوی به‌شدار سه‌فه‌ر حه‌مه‌د سلێمان-ــه، ته‌مه‌نی 30 ساڵه و خوێندكاری كۆلێژی یاسا بووه له كه‌ركوك، تاقانه‌ی حه‌وت خوشكه.
سەفەر محەمەد، باوكی بەشدار به (كه‌ركوك ناو)ی وت "دوای ئەوەی داعش كوڕەكەمی كوشت تەرمەكەی لە نزیك چیای قەرەچووغ فڕێدرابوو، لەوێ شوانێك تەرمەكهی بینیبووه، به‌ڵام نەیزانیوه تەرمی كێیه و بۆچی له‌وێدا فڕێدراوه".
"دواتر و دوای ئاگاداركردنه‌وه‌مان، به هەوڵی سێ لە كەسایەتیە عەشایەرەكانی سنوری مەخمور، توانرا تەرمەكە له‌و ناوچه‌یه ده‌ربكرێت و له‌رێی پشكنینه‌وه ده‌ركه‌وت ته‌رمی كوڕه‌كه‌ی منه".
بەپێی ئه‌و زانیارییانه‌ی (كه‌ركوك ناو) له كه‌سوكاری قوربانییه‌كه‌وه ده‌ستی كه‌وتون، سوپای عیراقی له سنوری مه‌خمور هاوكاربون به دابینكردنی ئۆتۆمبێل و كارئاسانی بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ته‌رمی به‌شدار سه‌فه‌ر له‌رێی ئه‌و سێ كه‌سایه‌تییه‌ی ناوچه‌كه‌وه.
باوكی بەشدار كه هێشتا له پرسه‌ی كوڕه‌كه‌یدایه، وتی "تەنها لە خودای گەورە داواكارم تۆڵەی من لە بكوژانی كوڕەكەم بكەنەوە، بەشداری من خاوەنی شەش خوشك بوو، تەنها خۆی تاقانەی ماڵەكەمان بوو".
ئه‌و ناوچه‌یه‌ی به‌شدار سه‌فه‌ر-ی تێدا ده‌ستگیركراوه، ده‌كه‌وێته زنجیره چیای قه‌ره‌چۆخ له رۆژهه‌ڵاتی قه‌زای مه‌خمور له باشوری خۆرهه‌ڵاتی پارێزگای نه‌ینه‌وا.
ئه‌و سنوره له نێوان هێزه عیراقییه‌كان و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌دایه، له مانگه‌كانی رابردوودا چه‌نجارێك ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌شی هێزه‌كانی تێدا ئه‌نجامدراوه دژ به داعش به پاڵپشتی ئه‌مریكا.
رەشاد گەڵاڵی، لێپرسراوی مەڵبەندی یەكێتی لە مەخمور پێشتر بە (كەركوك ناو)ی وت "27ی نیسان به‌شدار له‌گه‌ڵ چوار هاوڕێی چونه‌ته سنوری گوندی عەلی ڕەش بە مەبەستی دۆزینه‌وه‌ی دومەڵان (خۆراكێكی به‌هارییه) دواتر هەر پێنجیان لە لایەن مەفرەزەیەكی سێ كەسی داعشەوە دەسگیردەكرێن".
"دوای ئه‌وه‌ی وێنه‌كانی ناو مۆبایله‌كه‌ی به‌شدار ده‌پشكنن، زانیویانه كارمه‌ندی ئاسایشه، بۆیه هێشتویانه‌ته‌وه لای خۆیان و ئه‌وانیتر ئازادكراون" لێپرسراوه‌كه‌ی یه‌كێتی وای وت.