ئه‌وه‌نده هێرشه‌كه كتوپڕ بوو، پۆلیسه‌كان نه‌یانده‌زانی چی بكه‌ن، داوای هاوكارییان له خه‌ڵكی ناوچه‌كه و دوكانداره‌كان ده‌كرد.
روداوه‌كه دوشه‌ممه 6ی ئایار بوو، به‌دیاریكراوی كاتژمێر 10:05 خوله‌كی شه‌و ژماره‌یه‌ك چه‌كدار هێرشیانكرده سه‌ر خاڵێكی سه‌ربازیی پۆلیسی فیدراڵی، ئه‌وه‌ش له گوندی كه‌ڵوڕ له رێگای نێوان كه‌ركوك-هه‌ولێر له ناحیه‌ی پردێ (ئاڵتون كۆپری-42كم باكوری كه‌ركوك).
"گوێبیستی تەقەكردن بوین لەگەڵ دەنگی نارنجۆك، بینیمان شەڕە لە نێو خاڵێكی پۆلیسی فیدڕاڵی كە دەكەوێتە پشتی گومركی نێوان كەركوك-هەولێر لە گوندی كەڵوڕ" شایه‌تحاڵێك له‌و گونده وای وت، دوای ئه‌وه‌ی به‌مه‌رجی ناونه‌هێنانی ئاماده‌بوو باسی روداوه‌كه بكات.
خاڵه سه‌ربازییه‌كه‌ی پۆلیسی فیدراڵی، كه به‌رده‌وام هێزێكی بچوكی تێداجێگره، ده‌كه‌وێته گوندی كه‌ڵوڕ له نێوان پردێ و مه‌فره‌قی شوان، نزيكى ئه‌و بازكهی گومرگییه‌ی هه‌ڵگیراوه، ئه‌و ناوچه ئاوه‌دانه و ژماره‌یه‌ك دوكانی تێدایه، كه به‌هۆی ره‌مه‌زانه‌وه تا كاتی روداوه‌كه دانهخرابون.
شایه‌تحاڵه‌كه ده‌ڵێت دوای ده‌ستپێكردنی هێرشه‌كه "پۆلیسێك هاتە سەر شەقامەكە و هاواری دەكرد چی بكەین. دیاربوو شارەزا نەبوو، بۆیه وتمان بڕۆ بۆ مه‌خفه‌ری پۆلیسی كه‌ڵوڕ".
به‌پێی گێڕانه‌وه‌ی شایه‌تحاڵی روداوه‌كه، بۆ ئه‌وه‌ی ژیانیان پارێزراو بێت و له كێشه به‌دوربن، ئه‌و خه‌ڵكه‌ی له شوێنه‌كه‌دا بون، به دوكاندارهكانیشهوه، له‌و ناوچه‌یه رۆیشتن و دواتر هێزی زۆری ئه‌منی و ئۆتۆمبێلی فریاكه‌وتن گه‌یشت.
چه‌كداره هێرشبه‌ره‌كان، كه به چه‌كی سوك و نارنجۆك په‌لاماری هێزه‌كه‌ی پۆلیسیان داوه، به‌وته‌ی هێزه ئه‌منییه‌كان "تیرۆریست و داعش بون"، دوابه‌دوای روداوه‌كه‌ش به‌ره‌و به‌رزاییه‌كانی كانی دومه‌ڵان هه‌ڵاتون.
یه‌كێكی تر له شایه‌تحاڵه‌كانی روداوه‌كه به (كه‌ركوك ناو)ی وت "لەگەڵ رەفیقێكم لە نزیك گوندی كەڵوڕ قسه‌مان ده‌كرد كاتێك گوێمان له ده‌نگی ته‌قه‌كان بوو، دوای چه‌ند چركه‌یه‌ك سێ چه‌كداری پۆلیسی فیدراڵی كه یه‌كێكیان بیكه‌یسی پێ بوو، هاتنه سه‌ر شه‌قامه‌كه و ته‌قه‌یان كرد به ئاسماندا، دواتر گه‌ڕانه‌وه نێو گومرگه‌كه".
به‌پێی به‌یاننامه‌یه‌كی شانه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌منی، كه هێرشه‌كه‌ی به "تیرۆریستی" ناوبردووه، سێ چه‌كداری پۆلیسی فیدراڵی تێدا كوژراون و یه‌كێكی دیكه‌ش برینداربووه.
تائێستا هیچ گروپ و لایه‌نێك له نێویاندا داعش به‌رپرسیارێتی هێرشه‌كه‌ی له ئه‌ستۆ نه‌گرتووه.
عەقید عابدین نەجمەدین، بەڕێوەبەری بنكەی پۆلیسی پردێ به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئێمە ئاگاداری روداوەكە بوین كە سێ كوژراو دوو برینداری لێكەوتەوە، بەڵام دواتر پۆلیسی فیدراڵی خۆیان دەستیان بە لێكۆڵینەوە كرد بەبێ ئێمه، بۆیه نازانین لێكۆڵینەوەكانیان به كوێ گه‌یشتون".
به‌پێی زانیارییه‌كانی (كه‌ركوك ناو) له شوێنی روداوه‌كه‌وه، هێرشه‌كه ئۆتۆمبێلێكی پۆلیسی فیدراڵی كردۆته ئامانج له لیوای سێیی مغاویر و له ئه‌نجامدا هه‌ریه‌ك له نزار موسلم، مەكی كامیل مەهدی و مازن ساڵح عەبود كوژران و دوو برینداره‌كه‌ش كه یه‌كێكیان ئه‌فسه‌ره محه‌مەد حاتم هاشم و مەحمود سەفا بون.
هێزه‌كانی پۆلیسی فیدراڵی، سه‌ر به وه‌زاره‌تی ناوخۆی عیراقین و له دوای روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017وه ئه‌منیه‌تی به‌شێك له ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری پارێزگای كه‌ركوكیان گرتۆته‌ده‌ست.
ئه‌و هێرشه له كاتێكدایه، زیاتر له ساڵێك و نیوه كۆتاییهاتنی داعش له ته‌واوی عیراقدا راگه‌یه‌ندراوه، به‌ڵام هێشتا جموجۆڵی چه‌كداریی هه‌یه، به تایبه‌ت له ناوچه‌كانی جێناكۆك.
روداوه‌كه دوای هه‌فته‌یه‌كیش دێت له په‌یامه‌كه‌ی ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی، كه بۆ یه‌كه‌مجار له دوای ساڵی 2014و له‌وكاته‌ی له مزگه‌وتی گه‌وره‌ی موسڵ خه‌لافه‌ته‌كه‌ی راگه‌یاند، جارێكی تر له گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیدا ده‌ركه‌وت و چه‌ند په‌یامێكی بۆ چهكدارانیی داعش و كۆمه‌ڵگه‌ی جیهان نارد.