به‌ره‌ی عه‌ره‌بی یه‌كگرتوو له كه‌ركوك، ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی دیاریكرد و له‌گه‌ڵ جه‌ختكردنه‌وه له عیراقیه‌تی شاره‌كه، جارێكی‌تر داوای ئاشته‌وایی و پێكه‌وه‌ژیانیان كرد.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 12ی ئایار له شاری كه‌ركوك، به‌ره‌ی عه‌ره‌بی یه‌كگرتوو دیاریكردنی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی حزبه‌كه‌ی راگه‌یاند، ئه‌وه‌ش دوای چه‌ند مانگێك له پێكهێنانی ئه‌و به‌ره‌یه.
محه‌مه‌د رهییاشی، وته‌بێژی هه‌ڵبژێردراوی به‌ره‌ی عه‌ره‌بی له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا كه په‌یامنێری (كه‌ركوك ناو) ئاماده‌ی بوو ئاشكرایكرد بڕیاردراوه به دانانی شێخ وه‌سفی عاسی، وه‌ك سه‌رۆكی به‌ره‌كه، به‌ئامانجی ئاماده‌كاریی بۆ قۆناغه‌كانی دواتر.
هه‌ریه‌ك له نازم شه‌ممەری و عەبدوڵا نعێمی، وه‌ك جێگرانی سه‌رۆكی به‌ره‌ی عه‌ره‌بی دیاریكراون و حەسەن مەشهەدانی، بووبه بڕیاردەری بەرە.
به‌ره‌ی عه‌ره‌بی، له سه‌ره‌تای ئه‌مساڵدا له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك له سه‌ركرده و كه‌سایه‌تی سیاسی، له پارێزگای كه‌ركوك پێكهێنرا.
وه‌سفی عاسی، دوای دانانی به سه‌رۆكی به‌ره‌ی عه‌ره‌بی له كۆنگره رۆژنامه‌وانیه‌كه‌دا له‌باره‌ی ناكۆكییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غداوه وتی "ئێمە بەهیچ شێوەیەك پەیوەست نین به‌و ناكۆكییانه‌وه، پێمانوایە كەركوك عیراقیە و پێویستە ئاشتەوایی و پێكەوەژیانی نێوان پێكهاتەكانی بپارێزرێت".
پێمانوایە كەركوك عیراقیە و پێویستە ئاشتەوایی و پێكەوەژیانی نێوان پێكهاتەكانی بپارێزرێت
هه‌روه‌ها جه‌ختیكرده‌وه له به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی كه‌ركوك، به‌ڵام ره‌تیكرده‌وه هیچ هاوپه‌یمانییه‌ك له ئێستاوه ئاماده‌بێت، رونیكرده‌وه "ناتوانین هاوشانی ئەوانە بچینە كێبڕكێی هەڵبژاردنەوە كە بڕیارەكانیان لە هەرێم و توركیا و ئێران و ئوردنەوە بۆ دێت، خاوەنی قسەو بەڵێن و بڕیاری خۆیان نین یا بڕیارەكانیان كەركوكیانە نییە".
"ئێمه پێمانوایه بەرەی عەرەبی یەكگرتوو كۆكەرەوەی ماڵی عەرەبیە لەكەركوك و مەرجەعیەتی شەقامی عەرەبیە".
هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك 14 ساڵه نه‌كراوه و هێشتا په‌رله‌مانی عیراق بڕیاری له‌باره‌ی واده‌ی ئه‌نجامدانی نه‌داوه له‌گه‌ڵ پارێزگاكانی تردا.
نازم شه‌ممەری، جێگری یەكەمی سەرۆكی بەرەی عەرەبی یەكگرتوو له كۆنگره‌كه‌دا ئاماژه‌ی به‌پێویستی هه‌بونی یاسایه‌ك دا بۆ هه‌ڵبژاردن له كه‌ركوك ئه‌گه‌ر به كاتییش بێت، ئه‌وه‌ش به ئامانجی پاراستنی ئاشته‌وایی و پێكه‌وه‌ژیان، وه‌ك ئه‌و ده‌ڵێت.
كۆتایی مانگی رابردووش له شاری كه‌ركوك، حزب و كه‌سایه‌تییه‌كانی ئه‌و پێكهاته‌یه ده‌سته‌یه‌كی باڵای هه‌ماهه‌نگی هاوبه‌شیان پێكهێنا، به ئامانجی یه‌كخستنی گوتاری پێكهاته‌كه له چاره‌سه‌ری كێشه و دۆسیه چاره‌نوسسازه‌كاندا.
جگه له به‌ره‌ی عه‌ره‌بی، چه‌ندین حزبی ئه‌و پێكهاته‌یه‌ش له ئه‌نجومه‌نی عه‌ره‌بی كۆبونه‌ته‌وه، كه له دوایین هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق له ئایاری ساڵی رابردودا به لیستێكی هاوبه‌ش به‌شداربون و توانییان سێ كورسی به‌ده‌ستبهێنن.