دایك و كچێكی به ته‌مه‌ن له پێكهاته‌ی كریستیان، روبه‌ڕوی ئه‌شكه‌نجه و دزی ده‌بنه‌وه له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌سێكه‌وه، دوای ئه‌وه‌ی هه‌ڵده‌كوتنه سه‌ر ماڵه‌كه‌یان له ناحیه‌ی به‌رتڵه و له‌چوارچێوه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی هێزه ئه‌منییه‌كانیشدا، تائێستا دوو تۆمه‌تبار ده‌ستگیركراون.
ئه‌و روداوه‌كه كه كاردانه‌وه‌ی زۆری لێكه‌وته‌وه، به تایبه‌ت له پارێزگای نه‌ینه‌وا، چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر رویدا له سه‌نته‌ری ناحیه‌ی به‌رتڵه، كاتێك تۆمه‌تباره‌كان ده‌چنه سه‌ر خێزانه‌كه و له‌لایه‌ن دایك و كچه‌كه‌وه رێگرییان لێده‌كرێت دزی بكه‌ن، ئه‌وانیش ئه‌شكه‌نجه‌یان ده‌ده‌ن.
لوئه‌ی كه‌مال، هاوڵاتی كریستیانی و دراوسێی ماڵی قوربانییه‌كان به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئه‌و دوو ژنه ئاڵتۆن و خاچێكی كۆنی ئاڵتونیان هه‌بووه له‌گه‌ڵ بڕێك پاره، دزه‌كان كاتێك چونه‌ته سه‌ر ماڵه‌كه له‌لایه‌ن كچه‌كه‌وه رێگرییان لێكراوه شمه‌كه‌كان ببه‌ن بۆیه یه‌كێكیان بێڕه‌حمانه به چه‌كوشی ئاسن لێیداوه و دواتر ئه‌شكه‌نجه‌ی دوو ژنه‌كه‌یان داوه".
ئه‌و دایك و كچه؛ شه‌مێ ئیسحه‌ق هه‌دو (95 ساڵ) و حه‌نا به‌هنا (65 ساڵ)، ماڵیان ده‌كه‌وێته گه‌ڕه‌كی عه‌سكه‌ری له به‌رتڵه و به ته‌نیا ده‌ژین.
دزه‌كان ویستویانه ئاڵتۆن و خاچێكی كۆنی ئاڵتونی و بڕێك پاره ببه‌ن له‌و ماڵه‌دا
دوابه‌دوای روداوه‌كه، هێرشبه‌ره‌كان هه‌ڵاتون و به‌هۆی ئه‌شكه‌نجه‌دانیشیانه‌وه، دایك و كچه‌كه ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه كراون و له‌ژێر چاره‌سه‌ری پزیشیكیدان.
ليواروكن حه‌مه‌د نامس، فه‌رمانده‌ی پۆلیسی نه‌ینه‌وا له به‌یاننامه‌یه‌كدا ده‌ستگیركردنی دوو تۆمه‌تباری له روداوه‌كه‌دا راگه‌یاند، كه دراوسێی ئه‌و دایك و كچه بون و له ماڵه‌كه‌یاندا ده‌ستگیركراوه به‌سه‌ر سێ چه‌كی كڵاشینكۆف، چوار رومانه و حه‌وت حه‌ربه.
دوو ده‌ستگیركراوه‌كه، به‌پێی مادده‌ی 443 له یاسای سزادانی عیراقی تۆمه‌تباركراون، ئه‌و مادده‌یه تایبه‌ته به دزی له شه‌ودا و سزاكه‌ی زیندانییه به مه‌رجێك له 10 ساڵ زیاتر نه‌بێت.
له سه‌روبه‌ندی روداوه‌كه‌دا، هێزه ئه‌منییه‌كانی نه‌ینه‌وا، لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌یان پێكهێنا و هێشتا ده‌ره‌نجامی به‌دواداچونه‌كانیان ئاشكرانه‌كراوه، دوای ئه‌وه‌ی ده‌نگۆی ئه‌وه بڵاوبۆوه هێرشبه‌ره‌كان سه‌ر به حه‌شدی شه‌عبی بن.
ریان كلدانی، ئه‌مینداری گشتی بزوتنه‌وه‌ی بابلیۆن كه هێزێكی چه‌كدارییان له چوارچێوه‌ی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی هه‌یه و له نه‌ینه‌وا جێگربون، له په‌یامێككدا داوای لێكۆڵینه‌وه‌ی كرد، به تایبه‌ت دوای ده‌ستگیركردنی چه‌ند تۆمه‌تبارێك له دۆسیه‌كه‌دا.
ناحیەی بەرتڵە كه حه‌مدانییه‌یشی پێده‌وترێت، بەدوری 15 كیلۆمەتر دەكەوێتە رۆژهەڵاتی شاری موسڵ و دانیشتوانەكەی لەپێكهاتەی كرستیانن، ناحیەكه دوای زیاتر لەدووساڵ مانەوەی لەژێر دەستی داعش مانگی 10ی 2016 كۆنتڕۆڵكرایەوە.
فه‌یسه‌ڵ جارڵڵا، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی قه‌زای حه‌مدانیه -به‌رتڵه- به (كه‌ركوك ناو)ی وت "روداوه‌كه هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به حه‌شدی شه‌عبییه‌وه نیه و هیچ ده‌ستێكی سیاسی له پشته‌وه نیه، چونكه هه‌ردوو تاوانباره‌كه ده‌ستگیركراون و دوسیه‌كه‌یان له دادگایه".
"په‌ڕاوی لێكۆڵێنه‌وه له سه‌ر ڕوداوه‌كه له‌لایه‌ن پۆلیس و دادگاوه كراوه‌ته‌وه، به‌زوترین كات دادگا بڕیاری سزادان بۆ ئه‌و دوو تاوانباره ده‌رده‌كات".
له نێو كاردانه‌وه‌كاندا به‌هۆی ئه‌و روداوه‌وه، فاتن حه‌لفی، ئه‌ندامی كۆمسیۆنی باڵای مافه‌كانی مرۆڤ له عیراق په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه و داوایكرد، هه‌وڵی پاراستنی هاوڵاتیانی پێكهاته‌ی كریستیان بدرێت، كه روبه‌ڕوی سته‌می زۆر بونه‌ته‌وه.
ئه‌و دوو هاوڵاتییه‌ی هێرشه‌كه‌یان ئه‌نجامداوه له‌گه‌ڵ خێزانه كریستیانییه‌كه دراوسیێ یه‌كترن
كریستیانەكان هاوشێوەی پێكهاتەی ئاینییەكانی تر، لەلایەن داعشەوە روبەروی پێشێلكاری بونەوە‌و بەپێی ئامارێكی نەتەوە یەكگرتووەكان، ژمارەی كرستیانەكانی عیراق، لە ملیۆنێك و 500 هەزار كەسەوە بۆ 200-300 هەزار كەس كەمبۆتەوە.
داود باباوی، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا له پێكهاته‌ی كریستیان به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئه‌و دوو هاوڵاتییه‌ی هێرشه‌كه‌یان ئه‌نجامداوه له‌گه‌ڵ خێزانه كریستیانییه‌كه دراوسیێ یه‌كترن و ده‌یان ساڵه پێكه‌وه له گه‌ڕه‌كێك ده‌ژین، ئه‌وان بڕێك ئاڵتۆن و پاره‌یان بردووه، دواتر به توندی له هه‌ردوو ژنه‌كه‌یان داوه و ئێستا له نه‌خۆشخانه‌ن".
"به سوپاسه‌وه پۆلیس لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی پێكهێنا و دوو كه‌س ده‌ستگیركراون، كه دانیان به تاوانه‌كه‌دا ناوه".
باباوی ده‌ڵێت ئه‌و روداوه‌كه پێكهاته‌ی كریستیانی له سنوره‌كه تۆمه‌تباركردووه، بۆیه داوای پاراستنی موڵك و سامان و ژیانیان ده‌كه‌ن، "بۆ ئه‌وه‌ش ئێمه دڵنیایی ده‌ده‌ین به‌رده‌وام له په‌یوه‌ندیداین بۆ پاراستنی ئه‌وان له هه‌موو رویه‌كه‌وه و بۆ هه‌ر ڕوداوێكی چاوه‌رواننه‌كراویش ئێمه ئاماده‌ین به دواداچوونی ورد بكه‌ین".
داعش لەناوەڕاستی ساڵی 2014 دەستی بەسەر شاری موسڵ و چەندین ناوچەی دەوروبەریدا گرت و سێ پێشنیاری خستە بەردەم پێكهاتەی كرستیانەكان، بوون بەئیسلام یان پێدانی جزیە یاخود جێهێشتنی شارەكە، بۆیە هەزاران هاوڵاتی لەنێویاندا لەبەرتڵەوە بەناچاری ئاوارەبوون.