دوو جوتیار بە تەقینەوەی بۆمب لە 24 كاتژمێری رابردودا گیانیانلەدەستدا، ئەوەش هاوكات بوو لەگەڵ سوتاندنی 400 دۆنم زەوی چێنراو بە دانەوێڵە و بەدەستی چەكدارانی نەناسراو لە خانەقین.
ئەو هەڕەشانە بۆ سەر گوندنیشانی قەزای خانەقین چەند مانگێكە درێژەی هەیە، بەڵام لە ئایاری ئەمساڵدا چڕبونەتەوە و بەهۆیەوە خەڵكی ناوچەكە نازانن هانا بۆ كوێ ببەن.
کاتژمێر 10:30ی شەوی رابردوو 16ی ئایار، ژمارەیەک چەکداری نەناسراو ئاگریان لە زەویی کشتوکاڵی جوتیارانی هەردوو گوندی دارا و موبارەک بەردا لە خانەقین، بەهۆی تەشەنەسەندنی ئاگرەكەوە لانیكەم 400 دۆنم زەوی جوتیاران سوتێنرا.
لەتیف مەجید، جوتیارێکی کوردی ناوچەكە بە (كەركوك ناو)ی وت "کێڵگەکانمان بە قەرز چاندووە، بەڵام شەوی رابردوو هەمووی سوتێنران، ئەگەر كەس نامانپارێزێت با رێگریمان لێنەكەن خۆمان چەكهەڵبگرین، ژیانمان لە مەترسدایە و نازانین هانا بۆ كێ ببەین".
کێڵگەکانمان بە قەرز چاندووە، بەڵام شەوی رابردوو هەمووی سوتێنران
خالید دارا، لێپرسراوی کۆمیتەی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە ناوچەی مێخاس كە ئاگرەكە لەو ناوچەیە كەوتۆتەوە، بە (کەرکوک ناو)ی وت "ژمارەیەک چەکداری نەناسراو هەستاون بە سوتاندنی کێڵگەی کشتوکاڵی جوتیاران، 400 دۆنم زەوی کشتوکاڵی سوتێنران کە بەروبومی دانەوێڵەن و ئاگرەكە تا كاتژمێر دووی شەو كۆنترۆڵنەكرا".
"لەگەڵ سوتاندنی کێڵگەی كشتوكاڵییەكان، بۆمبێکی چێنراو بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 17ی ئایار، لە گوندی دارا تەقییەوە و بەهۆیەوە هاوڵاتییەك شەهید بوو"، خالید دارا وایوت.
ئەو هاوڵاتییەی بە بۆمبەكە گیانیلەدەستدا، ناوی نەبیل ئەکبەرە و 40 ساڵە، ئەو هەرچەندە پیشەی مامۆستایە، بەڵام باخ و زەوی كشتوكاڵی هەیە لە گوندی موبارەك و ویستویەتی دڵنیابێتەوە لەوەی ئایا باخەكەی سوتاوە یان نا.
بەپێی شایەتحاڵەكان، ئەو هاوڵاتییە چەند مانگێك لەمەوبەر خانوی خۆیی و برایەكی هەر لەو گوندە سوتێنرابون بۆیە ماڵی بەرەو ناوەندی خانەقین گواستبۆوە.
هەردوو گوندی موبارەك و دارا دەكەونە باكوری قەزای خانەقین بەدوری تەنیا 3كم لە ناوەندی قەزاكە دانیشتوانەكەی كوردن.
بۆمبەكە نزیك خانووە سوتێنراوەكەی بە نەبیل ئەكبەردا تەقییەوە و دەستبەجێ گیانیلەدەستدا.
هەر ئەمڕۆ هەینی 17ی ئایار، لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێكی چێنراو، هاوڵاتییەكی 77 ساڵ لە گوندی یوسف بەگ لە خانەقین كوژرا.
خەلیل ئەشەرەف، کەسایەتی عەشیرەتی ئەرکەوازی لە خانەقین، بە (کەرکوک ناو)ی وت "چیتر ئومێدمان بەوە نەماوە کە داوا یان بانگەواز بكەین بۆ حکومەت، چونکە کەس بە هانامان نایەت و رۆژانە خەڵكی گوندەکانی خانەقین دەکوژرێن، بۆیە داواکارم لە سەرۆک هۆزەکان کۆنگرەیەک ئەنجامبدەن بۆ دۆزینەوەی رێگاچارەیەکی بە پەلە بۆ رزگارکردنی هاوڵاتییان و گوندنشینەکان لە تیرۆر".
چیتر ئومێدمان بەوە نەماوە کە داوا یان بانگەواز بكەین بۆ حکومەت، چونکە کەس بە هانامان نایەت
لێپرسراوەكەی یەکێتی دەڵێت داعش لە ناوچەکە جموجۆڵی هەیە و سودی لە کەلێنی ئەمنی بینیوە، بۆیە ئەوەی بیەوێت ئەنجامی دەدات.
لە ماوەی هەفتەیەكدا ئەمە سێیەم هێرشە بۆ سەر گوندنشینانی خانەقین، دوای ئەوەی شەوی 12ی ئایار، شۆفێرێكی تهكسی بهناوی دلێر نهجم، له بۆسهی چەكدارانی داعش له گوندی حەبیب عەبدوڵای سنوری خانەقین كوژرا و به ئۆتۆمبێلهكهیهوه سوتێنرا. باوكیشی كاتێك ویستی فریای كوڕهكهی بكهوێت، ئهویش فیشهكێكی بهردهكهوێت و گیانلهدهستدهدات.
داعش شەوی پێنجشەممە بەرپرسیارێتی خۆی لەو روداوەی گوندی حەبیب عەبدوڵا راگەیاند. بەڵام تائێستا دیار نییە روداوەكانی ئەمڕۆ و شەوی رابردوو چەكدارانی داعش بون یان نا.