رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی تورکمانی، ناڕەزایی نیشاندەدەن لە گرتنبەری هەندێك رێكار دژ بە كارمەندەكانیان لە ئۆفیسی كەركوكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان، وەك خۆیان دەڵێن رێكارەكان بەهۆی رەخنەگرتنەوە بووە لە "تێوگلانی هەندێك كەس و لایەن لە ئەنجامدانی تەوزیر لە هەڵبژاردنەكانی رابردودا".
ئەمڕۆ چوارشەممە 29ی ئایار، ئەو رێكخراوانە لە بەیاننامەیەكدا جەخیانكردەوە كە لەسەروبەندی ئەوەی "هیوامان دەخواست ئەنجومەنی کۆمیسیاران بە هەڵەکانی رابردویدا بچێتەوە و هەیکەلیەتی ئێستای نوسینگەی کەرکوکی کۆمسیۆن بگۆڕدرێت، بەشێوەیەک مافی پێکهاتەکانی تێدا پارێزراوبێت، بەڵام توشی شۆک بوین کاتێک بینیمان ئەنجومەنی کۆمسیاران ژمارەیەک رێکاری دژ بەهەندێك لە کارمەندەكانمان گرتۆتەبەر کە ستەمێکی ئاشکرایە"، زیاتر هاتووە "لە بەرامبەردا پارێزگاری لە مانەوەی ئەوانە دەکرێت کە لەماوەی رابردودا لە گەندەڵیدا تێوەگلاون".
ئەو رێكخراوانە بەیاننامەیەكیان ئاراستەی راکان سەعید جبوری، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت كردووە و داوای گرتنبەری رێکاری پێویستی لێدەكەن.
ماردین جۆش قایا، سەرۆکی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی تورکمانی، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەنجومەنی کۆمیسیارانی عیراق، نیهاد عەباس بەیاتی، یاریدەدەری بەڕێوەبەری نوسینگەی کەرکوکی کۆمسیۆن و ژمارەیەک کارمەندی دیکەی لەپۆستەکانیان دورخستۆتەوە"، بەبێ ئەوەی ژمارەی ئەو كارمەندانە ئاشكرابكات.
"بەیاتی لەو پۆستەی خۆی لابراوە و كراوە بە كارمەندێكی ئاسایی"، ماردین وایوت. جەختیشیكردەوە "ئەم رێکارانە دەبوو دژی ئەوانە ئەنجامبدرایە کە تێوەگلاون لە ئەنجامدانی ساختەکاری لە هەڵبژاردنی رابردوو".
ئەم رێکارانە دەبوو دژی ئەوانە ئەنجامبدرایە کە تێوەگلاون لە ئەنجامدانی ساختەکاری لە هەڵبژاردنی رابردوو
لە 12ی ئایاری ئەمساڵ و دوای ساڵێك تێپەڕبون بەسەر هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی ئایاری 2018، رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی توركمانی داوای گۆڕانكارییان كرد لە لێپرسراوانی نوسینگەی كەركوكی كۆمسیۆن، بەهۆی ئەوەی "بێلایەن نین و بە تەزویر بۆ لایەنێكی دیاریكراو تێوەگلاون"، وەك لە بەیاننامەیەكیاندا هاتبوو.
قەیس محەمەد، بەڕێوەبەری نوسینگەی کەرکوکی کۆمسیۆن، بۆ (كەركوك ناو) رەتیكردەوە هیچ بڕیارێكیان لە ئەنجومەنی كۆمسیاران لە بەغداوە پێگەیشتبێت.
"لەنێو نوسینگەکە ئەمڕۆ جۆرێک لەناڕەزایی هەبووە لەلایەن ئەو کەسەی دەڵێت لەپۆستەکەی دورخراوەتەوە، بەڵام من پێموتوە هیچ بڕیارێکی فەرمیم لەو بارەیەوە پێنەگەیشتووە"، بەوتەی قەیس.
لەنێو نوسینگەکە ئەمڕۆ جۆرێک لەناڕەزایی هەبووە لەلایەن ئەو کەسەی دەڵێت لەپۆستەکەی دورخراوەتەوە
هەروەها وتی "ئەگەر هاتوو ئەو پرسە راستیش بێت ئاساییە، چونكە پێویست دەكات گۆڕانكاریی لە پۆستەكاندا بكرێت دوای چەند ساڵێك".
لەبارەی داواكاریی توركمان بۆ گۆڕانكاریی لە هەیكەلیەتی لقی كەركوكی كۆمسیۆن، قەیس وتی "ئێمە سەر بە دەزگایەکی سەربەخۆین و حزبی نین، ئەگەر بەرەی تورکمانیش لەسەر بابەتێکی وا دێتە وەڵام، دیارە ئەندامەکەیان حزبییە کە ئەمە لەکۆمسیۆن جێی نابێتەوە".