لەبەر گەرمای پڕوکێنی 40 پلەی سەدیدا، عەلی حسێن، 13 ساڵ، لەبەردەم دەروازەی زانكۆی كەركوكدا وەستاوە و ئاو دەفرۆشێت، باوك و دایكی ناچاری دەکەن رۆژانە 12 هەزار پەیدابكات، داواکارییەک کە لەسەروو توانای منداڵێکەوەیە.
نیوەڕۆیەكی گەرمی مانگی رەمەزان و چەند رۆژێك بەر لە رۆژی منداڵانی جیهان، تا دەهات گەرماكە تینی بۆ عەلی دەهێنا، بەڵام ئەو ناچار تەنیا لە خەمی پەیداكردنی ئەو پارەیەدا بوو.
"دەبێت هەموو رۆژێك 12 هەزار پەیدابكەم، دوو هەزار بۆ لەفە، 10 هەزاریش بۆ ماڵەوە، كرێ خانوو لەسەر منە"، عەلی حسێن وایوت.
دەبێت هەموو رۆژێك 12 هەزار پەیدابكەم، دوو هەزار بۆ لەفە، 10 هەزاریش بۆ ماڵەوە
رۆژانە کاتژمێر هەشتی بەیانی عەلی لە گەڕەكی حەی خەزرا - چەند كیلۆمەترێك لە زانكۆوە دوورە-، دەگاتە سەر كارەكەی و کاتژمێر سێی پاشنیوەڕۆ كە دەوامی زانكۆ بەرەو كۆتایی دەڕوات دەگەڕێتەوە ماڵەوە.
باوکی عەلی هیچ کارێک ناكات و لەماڵەوە دانیشتووە، برایەكی لەخۆی گەورەتری هەیە ئەویش كاردەكات، كرێی خانووەكەیان كە بڕەكەی 75 هەزارە، دەبێت عەلی پەیدای بكات، بۆیە نەیتوانیووە لە خوێندن بەردەوامبێت.
ئەمە چیرۆكی هەزاران منداڵی كەركوك و ناوچەكانی تری جێناكۆكە، كە بۆ بژێوی خێزانەكانیان وازیان لە خوێندن هێناوە؛ هەرچەندە یاسا بەركارەكان رێ بە منداڵان نادات، لە خوار تەمەن 15 ساڵەوە كاربكەن.
ئەو منداڵانە زۆرینەیان کلینێکس و ئاو دەفرۆشن یان جامی ئۆتۆمبێل پاکدەكەنەوە، یان كاری قورستری وەك حەماڵی دەکەن.
كاركردن تەنیا ئازاری منداڵانی ئیشكەر نییە لە كەركوك، بەڵكو هەندێكیان روبەڕوی ئازاری جەستەیی و سوكایەتیكردن دەبنەوە و دوركەوتنەوەش لە خوێندن ئازارێكی تری ئەو منداڵانەیە.
ئەو سێ ئازارە، لەیەككاتدا بەرۆكی عەلی حسێنیان گرتووە.
"رۆژێکیان لەكاتی ئاو فرۆشتندا ئۆتۆمبێلێک خۆی پێدا کیشام، ئازاری زۆرم پێگەیشت، كەچی شۆفێرەكە دابەزی و بەشەق و زلـلە كەوتە گیانم و بە سواڵكەر بانگیكردم، بەڵام كاتێك زانی ئازارم پێگەیشت 40 هەزاری پێدام"، عەلی وایوت.
عەلی دەڵێت ئەوە ئیشەكەیەتی، "ماندوودەبم، گەرما شەكەتم دەكات، لە خوێندن دابڕاوم و لێدانیش دەخۆم".
دەیان كەیسی توندوتیژی بەرامبەر بە منداڵانی ئیشكەر لە فەرمانگەی توندوتیژی خێزانی كەركوك تۆماركراوە، بەڵام زۆرێك لە منداڵان ئاشنانین بە وەرگرتنەوەی مافەكانیان كاتێك روبەڕوی ئەشكەنجە و پێشێلكاریی دەبنەوە.
عەقید رزگار تەپەلو، بەڕێوەبەری توندتیژی خێزانی – دامەزراوەیەكی سەر بە پۆلیس-ە، بە (كەركوك ناو)ی وت "زۆر حاڵەتی ئەشكەنجە و پێشێلكاریی هاتۆتە بنکەکەمان، ئێمە بەپێی یاسا مامەڵە لەگەڵ ئەو منداڵانە دەکەین، ئەگەر بێت و ئەو منداڵە شوێنی ئەشکەنجەدان بە جەستەیەوە دیاربێت دۆسییەی بۆ دەکەینەوە و رەوانەی دادگای دەکەین".
عومەر موختار، 11 ساڵ، لە بازاڕی جوتقاوە و خان خورما لە كەركوك حەماڵی دەکات، هەموو رۆژێك چواری بەرەبەیان دەچێتە سەركار، دەڵێت رۆژانە روبەڕوی سوكایەتیی و جوێن دەبێتەوە، بەڵام ئەو بێدەنگی هەڵدەبژێرێت تەنیا بۆئەوەی بێكار نەبێت.
"سەوزە و میوە بۆ بەقاڵەكان دەگوازمەوە، هەندێك كات ئەو پارەیەم پێنادەن كە لەسەری رێكدەكەوین"، عومەر وتی "كاتێك داوای مافەكەم دەكەم هەڕەشەم لێدەكەن یان لێمدەدەن".
سەوزە و میوە بۆ بەقاڵەكان دەگوازمەوە، هەندێك كات ئەو پارەیەم پێنادەن كە لەسەری رێكدەكەوین
عومەر باوكی نەماوە و دایكیشی ژنی ماڵەوەیە، بۆیە بەخێوكردنی خێزانەكەی لە ئەستۆی ئەودایە.
دۆخی ئابوری، یان ناچاركردنی دایك و باوك هۆكاری سەرەكی كاركردنی منداڵانە، ئەوەش پێچەوانەی بەندەكانی جاڕنامەی جیهانی مافەكانی منداڵانە، كە رێگە بەمنداڵان نادرێت كاربكەن.
لە عیراق هیچ رێگرییەكی كرداری حکومیی ئەوتۆ نییە بۆ بنەبڕكردنی كاركردنی منداڵ، یان سزادانی دایكان و باوكان كە كار بە منداڵەكانیان دەكەن.
شکۆفە عومەر، چالاکوان لە بواری مافەکانی منداڵان لە كەركوك، بە (كەركوك ناو)ی وت "جگە لە خراپی دۆخی ئابوری خێزانەكان و دایك و باوك، هەندێك لە منداڵان كەوتونەتە دەست باندەكان و بەنهێنی و هەڕەشە كاریان پێدەكەن".
"زۆرجار لە ئەشكەنجەدانی منداڵان لەسەر شەقام ئاگاداركراومەتەوە، بەڵام دەزگایەكی حكومی نییە گوێیان بۆ بگرێت"، شكۆفە وایوت.
رونیشیکردەوە كە بەشێک لەو کچانەی کە لە ترافیكەکان کاردەکەن و تەمەنیان لە نێوان 14 بۆ 16 ساڵاندایە، روبەڕوی گێچەڵی سکسی دەبنەوە، "زۆر شوفێر هەن داوای سێکسیان لێدەکەن، ئەمەش مەترسییەکی جدییە لەسەر منداڵان".
سەرباری كاركردنی ناچاریی، ئازاری دەرونی و پێشێلكردنی مافەكانیان، منداڵانی ئیشكەر خەونیان هەیە.
عەلی حسێن ئەو منداڵەی دەیەوێت رۆژانە 10 هەزار دینار بباتە ماڵەوە، وتی "من حەزدەكەم ببم بە پزیشك". هەرچەندە ساڵانێكە وازم لە خوێندن هێناوە.