یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان ناوی پێنج كاندیدی تر بەڕەسمی ئاراستەی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكات و ئامادەنییە هیچ كاندیدێكی تر زیاد بكات. بە مەرجی قبوڵكردنی یەكێكیشیان ئامادەیە پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم.
ئەو هەڵوێستە نوێیەی یەكێتی لە كۆبونەوەی دوێنێ پێنجشەممە 6ی حوزەیرانی مەكتەبی سیاسیدا بڕیاری كۆتایی لێدرا.
ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، كە ئامادەی دانیشتنەكە بووە، بە (كەركوك ناو)ی وت "بڕیاری یەكێتی ئەوەیە، پێنج كاندیدی تر بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك بەڕەسمی بدرێتە پارتی و ئەوان سەرپشكبكرێن لە هەڵبژاردنی یەكێكیان، بەپێچەوانەوە یەكێتی ئامادەنییە ناوی هیچ كاندیدێكی تر بۆ پارتی بنێرێت".
یەكێتی شەوی 27ی ئایار، رۆژێك بەر لە هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم لە پشكی پارتی، سێ كاندیدی لەڕێی تەلەفونەوە بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك ئاراستەی ئەو حزبە كرد، پارتی هەر بە تەلەفون هەرسێ كاندیدەكەی رەتكردەوە.
ئەو سێ كاندیدە، بابەكر سدیق ناسراو بە (كاكەڕەش سدیق) و ئەحمەد عەسكەری ئەندامانی یەكێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، لەگەڵ رەوەند مەلا مەحمود جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوك.
سەرچاوەكەی (كەركوك ناو) لە مەكتەبی سیاسی یەكێتی كە لەبەر تێكنەچونی گفتوگۆكانیان لەگەڵ پارتی و هەستیاری پەیوەندییەكانیان نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، وتی "ئەو سێ كاندیدە و هەریەكە لە لیوا جەمال تاهیر، بەڕێوەبەری پێشوتری پۆلیسی كەركوك و د. عومەر ئینجە یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی كەركوكیش پێكەوە ناوەكانیان لە كۆبونەوەیەك دەدرێنە مەكتەبی سیاسی پارتی بۆ رەزامەندی نیشاندان لەسەر ئەو پێنج كاندیدە یان یەكێك لەو كاندیدانەی پێشتر ناوەكانیان بۆ پارتی نێردرابون".
بەڵام كاتی كۆبونەوەكەی دیارینەكرد و وتی "بەمزووانە دەبێت".
ئەو كۆبونەوەیەی یەكێتی دوای ئەوە هات كە پەرلەمانی كوردستان رۆژی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستانی دیاریكرد، كە بڕیارە 10ی حوزەیران لە مەراسیمێكی فراواندا بەڕێوەبچێت و هێشتا یەكێتی بڕیاری رەسمی نەداوە لەبارەی بەشداریكردن یان بایكۆتكردنی.
یەكێتی دەیەوێت لەگەڵ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمدا پارێزگاری كەركوكیش لە ئەنجومەنی پارێزگادا هەڵبژێردرێت لە بەرژەوەندی حزبەكەی.
سەرچاوەیەك لە ئەنجومەنی سەركردایەتی كەركوك – گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە (كەركوك ناو)ی وت "هێشتا ئەو پێنج كاندیدەی راگەیاندنەكان باسی دەكەن بەڕەسمی نەگەیشتۆتە دەست سەركرایەتی و مەكتەبی سیاسی حزبمان، ئێمە مامەڵە لەگەڵ شتی رەسمیدا دەكەین و دواتر وەڵاممان دەبێت".
یەكێتی لەكۆتایی 2017ەوە رزگار عەلی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و دواتر هەریەكە لە خالید شوانی و ئاسۆ مامەند ئەندامانی سەركرایەتیی بۆ ئەو پۆستە كاندید كرد، هاوتەریب لەگەڵ ناوی چەند كەسایەتییەكی تر، بەڵام لەگەڵ پارتی نەگەیشتنە رێككەوتن لەسەریان.
سەرچاوەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی وتی "ئێمە چیتر كاندید ناگۆڕین، ئەم پێنج كاندیدە نوێیە و ئەوانەشی پێشوتر، جارێكی هەموویان لەسەر مێزی گفتوگۆ دەبن لەگەڵ پارتی، پێمانوایە پارتی ئیتر هەموو بیانو و پاساوێكی نامێنێت، لەنێو هەشت بۆ 10 كاندید مەعقول نییە پارتی هەموی رەتبكاتەوە، ئەگەر وابێت دیارە مەبەستی نییە ئەو پۆستە بۆ یەكێتی بێت و پابەندی رێككەوتنەكە نابێت".
ئێمە چیتر كاندید ناگۆڕین، ئەم پێنج كاندیدە نوێیە و ئەوانەشی پێشوتر، جارێكی هەموویان لەسەر مێزی گفتوگۆ دەبن لەگەڵ پارتی
پارتی لە دوای گەڕانەوەی هێزە عیراقییەكان بۆ كەركوك و ناوچەكانی تری جێناكۆك لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە، جەختیكردەوە "ئەوەی بەشداریی ئەو خیانەتەی كردبێت بۆی نییە ببێت بە پارێزگار"، بەڵام هیچكات بەڕەسمی ئەو ناوانەی دیارینەكردووە كە پێیوایە بەشداربون لەو روداوە.