چوار كەس كە دوانیان مەدەنین لە حەویجە، دوبز و خانەقین كوژران و دوانی تریش برینداربون، ئەوەش لە ئەنجامی تەقینەوەی سێ بۆمبی چێنراوەوە.
كاتژمیڕ حەوتی بەیانی ئەمڕۆ شەممە 8ی حوزەیران، بۆمبێکی چێنراو بە جوتیارێکی گوندی یوسف بەگ لە باکوری خانەقین تەقییەوە و بەهۆیەوە جوتیارەكە برینداربوو، ئەوەش بەپێی سەرچاوەیەك لە پۆلیسی خانەقین بۆ (كەركوك ناو).
جوتیارەکە ناوی عەلی عەباس رۆستەم-ە و تەمەنی ٤٠ ساڵە و بۆ چارەسەر رەوانەی نەخۆشخانە كراوە.
لە تەقینەوەی بۆمبێكی تردا لە گوندی حەمدونیە سەر بە قەزای حەویجە 55كم باشوری خۆرئاوای كەركوك، ئەفسەرێكی پۆلیسی فیدراڵی و مەدەنییەك گیانیانلەدەستدا.
بەپێی راگەیەنراوێكی پۆلیسی فیدراڵی، بۆمبە چێنراوەكە بە ئۆتۆمبێلێکی فرقەی سێدا تەقیوەتەوە و بەهۆیەوە ئەحمەد هادی حەمود، یاریدەدەری لێپرسراوی فەوجی سێ كوژراوە.
هەر ئەمڕۆ شەممە لە گوندی غەڕە سەر بە قەزای دوبز لە خۆرئاوای كەركوك لەکاتێکدا پۆلیسی فیدراڵی سەرقاڵی دروستکردنی سەنگەر بون، بۆمبێکی چێنراو پێیاندا تەقیوەتەوە و بەهۆیەوە مەدەنییەك بە ناوی محمەد ئەحمەد رەوان و پۆلیسێکی فیدراڵی گیانیانلەدەستداوە و مەدەنییەكی تریش بریندار بووە.
ئەو روداوانە دوابەدوای زنجیرەیەك تەقینەوەی بۆمب هاتن لە ناو شاری كەركوك و لە شهوی 30ی ئایار، بههۆیهوه دوو كهس كوژران و 38ی تر برینداربون، لهنێویاندا ژن و منداڵ هەیە.