كلیلی پارێزگای كەركوك دەدرێتە كێ؟
یەكێتی پەلەی كەركوكیەتیی و پارتیش سەرقاڵی هەرێمە

كەركوك/ بەر لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017، ئەوكات ئاڵای هەرێمی كوردستان بەڕەسمی لە شارەكە هەڵدەكرا فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو

پارتی دیموكراتی كوردستان، بەهێواشی سەرقاڵی رێكخستنەوە و پێكهێنانی هەردوو دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەتە، بۆیە كۆبونەوەكانی لەگەڵ یەكێتیی راگرتووە، هەرچەندە یەكێتی دەیەوێت بەزوترین كات وەڵامی قبوڵكردنی یەكێك لە كاندیدەكانی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك وەربگرێتەوە.

یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لە 6ی حوزەیرانەوە، دوای رەتكردنەوەی تەواوی كاندیدەكانی، لە كۆبونەوەیەكیدا دوو كاندیدی نوێی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك دەستنیشان كرد و لەوكاتەوە چاوەڕێی كۆبونەوەی پارتی دەكات، بەڵام ئەمەی دواییان بە پاساوی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی هەرێم و راسپاردنی مەسرور بارزانی ئامۆزای بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم، تەواوی كۆبونەوەكانی لەگەڵ یەكێتی راگرتووە.

ئەندامی سەركردایەتی پارتی، كە لەبەر ئەوەی رێپێدراو نییە بۆ قسەكردن بۆ راگەیاندنەكان، بە (كەركوك ناو)ی وت "یەكێتی و خەڵكی هەرێمی كوردستان و خەڵكی كەركوكیش دەزانن كە ئێمە سەرقاڵی دوو پرۆسەی گەورەین، سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێم و پێكهێنانی كابینەی نوێ، ئەگینا هیچكات پرسی كەركوكمان لەبیرنەكردووە، جگەلەوەش هێشتا بە ڕەسمی ناوی كاندیدی نوێی یەكێتیمان بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك بەدەست نەگەیشتووە".

ئەوەش لەكاتێكدایە ئەمڕۆ چوارشەممە 12ی حوزەیران، فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی بە دەنگی ئەمریكای راگەیاند، كە پارتی تەواوی كاندیدەكانی حزبەكەی بۆ پۆستی پارێزگار رەتكردۆتەوە و وتی "دواجاریش دوو ناومان پێشكه‌ش به‌ پارتی كردووه‌ كه‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ خالید شوانی و لیوا جه‌مال-ن".

هەولێر/ دوشه‌ممه‌ 10ی حوزه‌یران، سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێم فۆتۆ: راگەیاندنی سەرۆكایەتی هەرێم

بەڵام سەركردەكەی پارتی، وتی "تەنیا بە تەلەفون یان لە راگەیاندنەوە ناوی كاندیدەكانمان بیستووە، پارتی شتی رەسمی پێنەگەیشتووە".

بڕیاربوو شەممە، یان یەكشەممەی رابردوو (هەشت و نۆ)ی ئەم مانگە، وەفدێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، بە رەسمی و لە كۆبونەوەیەكدا پێنج كاندید بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك بدەنە دەست وەفدی پارتی، بەڵام ئەو حزبە بە پاساوی سەرقاڵبونیان بە پرۆسەی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی، كە 10ی حوزەیران لەمەراسیمێكی فراواندا بەڕێوەچوو كۆبونەوەكانی راگرت.

یەكێتی لە ئاستی باڵادا بەشداریكرد لە مەراسیمەكە، هەرچەندە پێشتر بەشداریی دانیشتنی پەرلەمانی كوردستانیان نەكرد، بۆ هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی، بەڵام بۆ یەكلاییبونەوەی كانددێك وەڵامی كۆنكرێتی پارتی وەرنەگرتووە.

سەركردەكەی پارتی، وتی "ئێمە كاندیدەكانمان بە تەلەفون و نامەوە پێگەیشتووە، چاوەڕێی شتی رەسمی مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەكەین، هێشتا نە كاندید گەیشتووە، نە تاوتوێكراوە تا رەتبكرێنەوە یان قبوڵبكرێن".

پرۆسەی هەڵبژاردنی پارێزگارێك بۆ كەركوك كە یەكێتی دوو ساڵ و هەشت مانگە هەوڵی بۆ دەدات، دەبێت لە پرۆسەیەكی دەنگداندا لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بەڕێوەبچێت، بەڵام پارتی لە دوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017 لە كەركوك كشاوەتەوە و ئەندامەكانی كە هێزی یەكەمن لە ئەنجومەنی پارێزگا، ئامادەی دانیشتنەكان نەبون، بە پاساوی خراپی دۆخی ئەمنی كەركوك و سەپاندنی دەسەڵاتی سەربازیی.

عەدنان كەركوكی، ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی كەركوك – گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە (كەركوك ناو)ی وت "تا ئەمڕۆ 12ی حوزەیران بڕیاری پارتی هەر ئەوەیە كەركوك داگیركراوە و بەمشێوەیەی ئێستا نە دەگەڕێتەوە بۆ شارەكە، نە بەشداریی كۆبونەوەی ئەنجومەن دەكات، چونكە ئەگەر پارێزگاری هەڵبژێردرێت هیچ دەسەڵاتی نابێت، بەڵكو دەسەڵات لای ئەو هێزە سەربازییانەیە كە لەو شارەن".

كه‌ركوك، 30ی نیسانی 2019، كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا به‌هۆی ته‌واونه‌بونی نیسابه‌وه‌ كرایه‌ راوێژكاری فۆتۆ: كاروان ساڵحی

 

بەڵام فەرید ئەسەسەرد، لە چاوپێكەوتنەكەی دەنگی ئەمریكا دەڵێت "ئه‌گه‌ر رێكبكه‌وین له‌گه‌ڵ پارتی هه‌ر له‌سه‌ر یه‌كێك له‌و دوو ناوه‌ (لیوا جەمال تاهیر و خالید شوانی) رێكده‌كه‌وین، ئه‌گه‌ر نه‌گه‌ینه‌ رێككه‌وتن ئه‌وا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی بڕیار و رێكه‌وتنی به‌شداریكردنمان له ‌حكومه‌تدا هه‌یه،‌ به‌ڵام كاریگه‌ری خراپی له‌سه‌ر ناوخۆی كوردستان و كابینه‌ی نۆی حكومه‌ت ده‌بێت... ره‌نگه‌ نه‌توانین به‌شداربین له‌ حكومه‌ت".

كورتەی رێككەوتنی یەكێتی و پارتی لەبارەی كەركوكەوە ئەوەیە، هاوتەریب لەگەڵ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، كاردەكرێت بۆ هەڵبژاردنی پارێزگارێك لە پشكی كورد و یەكێتی، بەو مەرجەی كاندید بۆ ئەو پۆستە رەزامەندی پارتی لەسەربێت.

ئەوەش دوای ئەوە دێت ئەمڕۆ چوارشەممە 12ی حوزەیران، بەڕەسمی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كرودستان، مەسرور بارزانی بۆ كابینەی نوێی حكومەت راسپارد.

لە 7ی ئەم مانگە، ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، بە (كەركوك ناو)ی وت "بڕیاری یەكێتی ئەوەیە، پێنج كاندیدی تر بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك بەڕەسمی بدرێتە پارتی و ئەوان سەرپشكبكرێن لە هەڵبژاردنی یەكێكیان، بەپێچەوانەوە یەكێتی ئامادەنییە ناوی هیچ كاندیدێكی تر بۆ پارتی بنێرێت".

ئەو پێنج كاندیدە هەریەكە لە بابەكر سدیق ناسراو بە (كاكەڕەش سدیق) و ئەحمەد عەسكەری ئەندامانی یەكێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، لەگەڵ رەوەند مەلا مەحمود جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوك، لیوا جەمال تاهیر، بەڕێوەبەری پێشوتری پۆلیسی كەركوك و د. عومەر ئینجە یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی كەركوك. بەڵام لەئێستادا جارێكی تر ناوی خالید شوانی وەكو كاندید بۆ ئەو پۆستە دەهێنرێتەوە.

تا ئامادەكردنی ئەم راپۆرتە، پارتی رەزامەندی تەواوی لەسەر هیچ كاندیدێكی یەكێتی نەداوە بۆ ئەو پۆستە، رەنگە لە نزیكترین كاتدا بەهۆی پەلەی یەكێتیی لەلایەك و تەواوبونی مەراسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی و راسپاردنی مەسرور بارزانی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ، دەرگای دواین كۆبونەوە بكرێتەوە و یەكێتی وەڵامی نوێ وەربگرێت.

سەرچاوەكەی (كەركوك ناو) لە سەركردایەتی پارتی. وتی "لە نزیكترین كاتدا وەڵاممان دەبێت و رەنگە دواین كۆبونەوە شتی نوێ روبدات"، بەڵام نەیوت شتی نوێ بە چ ئاراستەیەك و كۆبونەوەكەش كەی رودەدات؟

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT