نەجمەدین كەریم، پارێزگاری پێشوی كەركوك، دوای 26 رۆژ لە دەستبەسەركردنی لەلایەن پۆلیسی ئینتەرپولەوە لە لوبنان، ئێوارەی دوێنێ شەممە گەڕایەوە هەرێمی كوردستان و لە ئێستادا لە شاری هەولێرە، ئەوەش بەپێی دوو سەرچاوە بۆ (كەركوك ناو).
سەرچاوەیەك نزيك لە نوسینگەی نەجمەدین كەریم، پارێزگاری پێشوی كەركوك، بە (كەركوك ناو)ی وت "بەڵێ دوێنێ شەممە 15ی حوزەیران لەڕێی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە گەڕاوەتەوە هەرێمی كوردستان"، بەبێ ئەوەی زانیاری زیاتر ئاشكرابكات.
سەرچاوەیەكی تر كە ئاگاداری ئەو دۆسیەیە، بەهەمان شێوە جەختیكردەوە لە گەڕانەوەی نەجمەدین كەریم و وتی "كێشەكەی بەرەو چارەسەربون دەڕوات"، بەبێ ئەوەی زانیاری زیاتر ئاشكرابكات.
نەجمەدین كەریم، پارێزگاری پێشوی كەركوك، لە 21ی ئایاری رابردوو لەلایەن پۆلیسی ئینتەرپول و لە فڕۆكەخانەی رەفیق حەریری لە لوبنان دەستگیركرا، ئەوەش بە تۆمەتی ئیختیلاس.
ناوبراو لە 31ی تشرینی یەكەمی 2018ەوە فەرمانی دەستگیركردنی لەلایەن عیراقەوە دراوەتەوە پۆلیسی ئینتەرپول، هەروەها لە 12ی نیسانی 2018ەوە بڕیاری دەستگیركردنی هەیە بەپێی دادگاكانی عیراق، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوێكی پێشوی وەزارەتی ناوخۆی عیراق كە لە 26ی ئایار بڵاوكراوەتەوە.
وەزارەتی ناوخۆی عیراق، نەجمەدین كەریم بە "تۆمەتبار، هەڵاتوو و داواكراو" ناودەبات و ئەوكات سوربونی خۆیان راگەیاند لە گەڕاندنەوەی ناوبراو بۆ بەغدا و دادگاییكردنی بە تۆمەتی ئیختیلاس.
پۆلیسی ئینتەرپول-یش لە وەڵامی نامەیەكی وەزارەتی ناوخۆی عیراقدا لەبارەی ئەو دۆسیەیەوە، جەختیكردەوە كە نەجمەدین كەریم بە كەفالەت ئازادكراوە، ئەوەش بەپێی یاساكانی لوبنان، بەڵام پاسپۆرتەكەی لێوەرگیراوەتەوە و قەدەغەی هاتوچۆی لەسەرە.
هێشتا گەڕانەوەی نەجمەدین كەریم بۆ هەولێر رون نییە، ئایا هەوڵەكانی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ئازادكردنی و چارەسەركردنی كێشەكەی لەڕێی پەیوەندییەكانیانەوە سەركەوتوو بووە، یان پێشهاتێكی نوێ لە ئارادایە.
ئەوەش لەكاتێكدایە وەزارەتی ناوخۆی عیراق لە راگەیەنراوەكەی 26ی ئایاردا، جەختیكردەوە "بەهیچ شێوەیەك كەمتەرخەم نابین بۆ جێبەجێكردنی یاسا بەتایبەت ئەو ماددانەی پەیوەستە بە هێنانەوەی تۆمەتبارانی هەڵاتوو".