دۆسیه‌ی نۆژه‌نكردنه‌وه و چاودێری به‌نداوی موسڵ، راده‌ستی عیراق كرایه‌وه تا ده‌ستی ناوخۆیی كاریی تێدابكه‌ن، ئه‌وه‌ش دوای سێ ساڵ له سه‌رپه‌رشتی به‌رده‌وامی كۆمپانیایه‌كی ئیتاڵی له پرۆژه‌كه‌دا به هاوكاری ئه‌مریكا.
له رێوره‌سمێكدا شه‌ممه 15ی حوزه‌یران، كاری نۆژه‌نكردنه‌وه و چاودێری به‌نداوی موسڵ راده‌ستی وه‌زاره‌تی سه‌رچاوه‌كانی ئاوی حكومه‌تی عیراق كرایه‌وه، به ئاماده‌بونی هه‌ردوو باڵیۆزی ئه‌مریكا و ئیتاڵیا.
جه‌مال عه‌باس عادلی، وه‌زیری سه‌رچاوه‌كانی ئاوی عیراق له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی له‌كاتی وه‌رگرتنه‌وه‌ی به‌نداوی موسڵ كه په‌یامنێری (كه‌ركوك ناو) ئاماده‌ی بوو وتی "هیچ مه‌ترسییه‌كی داڕوخانی به‌نداوه‌كه نیه و ئاستی هه‌ڵگرتنی ئاو تێیدا گه‌یشتۆته زیاتر له 90 ملیار مه‌تر چوارگۆشه".
كۆمپانیای ئیتاڵی Trevi به هاوكاری فه‌یله‌قی ئه‌ندازیاری سوپای ئه‌مریكا، له ئایاری 2016وه و بۆ ماوه‌ی سێ ساڵ، كاریانكردوه له نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی به‌نداوه‌كه و راهێنانی كادیری عیراقی له‌سه‌ر ئه‌و كاری پڕكردنه‌وه‌یه.
به‌پێی ئاماره‌كانی وه‌زاره‌تی سه‌رچاوه‌كانی ئاو، له دوو ساڵ و نیوی رابردودا، به‌نداوی موسڵ نزیكه‌ی 40 هه‌زار مه‌تر چوارگۆشه پڕكراوه‌ته‌وه، ئه‌و پرۆسه‌یه‌ش به‌رده‌وامی ده‌بێت له‌مه‌ودوا و له‌رێی تیمه عیراقییه‌كانه‌وه.
ستیڤاتۆ تریفیسانی، به‌ڕێوه‌به‌ری كۆمپانیا ئیتاڵییه‌كه له‌و كۆنگره رۆژنامه‌وانییه‌دا له موسڵ رونیكرده‌وه، سێ شوێنی ده‌ره‌وه و تونێلێكی ناو به‌نداوه‌كه به به‌رده‌وامی و 24 كاتژمێر ده‌بێت پڕبكرێنه‌وه، ئه‌وه‌ش ده‌وروبه‌ری 250 كارمه‌ندی عیراقی كاری تێداده‌كه‌ن، كه راهێنانی پێویستیان پێكراوه له‌سه‌ر ئه‌و ئامێرانه‌ی كۆمپانیاكه هێناویه‌تی.
مه‌ترسیه‌كانی به‌نداوی موسڵ، چه‌ندینجار بۆته جێی دڵه‌ڕاوكێ و مشتومڕی نێو خه‌ڵك، به تایبه‌ت له سه‌روبه‌ندی شه‌ڕی داعش تا هه‌موو شه‌پۆلێكی به‌هێزی بارانبارین و به‌رزبونه‌وه‌ی ئاستی ئاوی روباره‌كان.
حسێن جبوری، لێپرسراوی كاری هه‌ڵكه‌ندن و پڕكردنه‌وه له به‌نداوی موسڵ له كۆنگره رۆژنامه‌وانیه‌كه‌دا وتی "له ئێستادا ئێمه له‌سه‌ر نوێترین ئامێر و كه‌ره‌سته كارده‌كه‌ین كه كۆمپانیا ئیتاڵییه‌كه هێناویه‌تی، 24 كاتژمێریش به به‌رده‌وامی كارمه‌ندانمان له پڕكردنه‌وه‌ی به‌نداوه‌كه و نۆژهنكردنهوهیدا كارده‌كه‌ن".
به‌نداوی موسڵ، له‌لایه‌ن كۆمپانیایه‌كی هاوبه‌شی ئه‌ڵمانی و ئیتاڵیه‌وه بنیاتنراوه، به دوری نزیكه‌ی 50كم له باكوری خۆرئاوای نه‌ینه‌وا و له‌سه‌ر روباری دیجله، ئه‌وه‌ش له ساڵی 1986دا به‌درێژی 3.2 كیلۆمه‌تر و به‌رزی 131 مه‌تر، كه به‌پێی كۆمپانیاكان ته‌مه‌نی به‌نداوه‌كه تا 80 ساڵ ده‌ڕوات.
ماسیۆ توله‌ر، باڵیۆزی نوێی ئه‌مریكا له عیراق له‌كۆنگره رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا له به‌نداوی موسڵ وتی "شانازی ده‌كه‌م رایبگه‌یه‌نم به‌هۆی كاری ئه‌مریكی و عیراقی و ئیتاڵییه‌كانه‌وه به یه‌كه‌وه بۆ سێ ساڵ ئه‌مڕۆ عیراق به‌نداوێكی سه‌قامگیری هه‌یه كه ده‌توانێت ئاو بۆ گه‌له‌كه‌ی دابینبكات".
به‌پێی به‌یاننامه‌یه‌كی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا، وڵاته‌كه‌یان بڕی 124 ملیۆن دۆلاری پێشكه‌شكردووه به فه‌یله‌قی ئه‌ندازیاری سوپاكه‌یان كه به سیفه‌تی ئه‌ندازیاری له پرۆژه‌كه‌دا به‌شداربون، وه‌ك به‌شێك له‌و گرێبه‌سته‌ی به تێچوی 408 ملیۆن دۆلار له نێوان حكومه‌تی عیراق و كۆمپانیا ئیتاڵییهكهدا واژۆكرا.
به‌نداوی موسڵ، گه‌وره‌ترین به‌نداوی عیراق و چواره‌م گه‌وره‌ترین به‌نداوی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته، ماوه‌ی دوو ساڵ نیو له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعشدا بوو، كه له‌و سنوره‌دا ده‌یان پێكدادانی نێوان ئه‌و گروپه چه‌كداره و هێزه‌كانی عیراق و هه‌رێمی كوردستان روویدا.