ته‌نیا له پارێزگای كه‌ركوك، شه‌ش هه‌زار دۆنم زه‌وی كشتوكاڵی سوتاون به‌هۆی روداوی جیاوازی ئاگركهوتنهوهوه، كه به‌پێی به‌دواداچونه‌كانی به‌رگری شارستانی گومانده‌كرێت به‌شێكیان به مه‌به‌ست بوبن.
له چه‌ند هه‌فته‌ی رابردوودا، ئاگر له روبه‌رێكی به‌رفراوانی زه‌ویی چێنراو به گه‌نم و جۆی چه‌ندین پارێزگای عیراق كه‌وته‌وه، له نێویاندا كه‌ركوك، نه‌ینه‌وا و ناوچه‌كانی تری جێناكۆك، كه به‌هۆیی زیانی زۆری گیانی و ماددی لێكهوتهوه.
لیوا كازم موهان، به‌رێوه‌به‌ری گشتی به‌رگری شارستانی له عیراق، له كاتی سه‌ردانیكردنی قه‌زای حه‌ویجه كه په‌یامنێری (كه‌ركوك ناو) روماڵی كرد، ئاماژه‌ی به‌وه‌دا 364 روداوی كه‌وتنه‌وه‌ی ئاگر له كه‌ركوك تۆماركراون كه ته‌نیا گژوگیا بوه نه‌ك به‌روبوم، به‌ڵام 10 روداو زه‌ویی چێنراوی به گه‌نم و جۆ كردۆته ئامانج.
"به‌هۆی روداوه‌كانی ئاگركه‌وتنه‌وه له كه‌ركوك شه‌ش هه‌زار دۆنم و له ته‌واوی عیراقدا 36 هه‌زار دۆنم سوتاون، ئه‌وه‌ش رێژه‌یه‌كی ئاساییه به‌راورد به زه‌وییه چێنراوه‌كان".
به‌رێوه‌به‌ری گشتی به‌رگری شارستانی وتی "ره‌نگه به‌شێك له روداوه‌كان به ئه‌نقه‌ست و مه‌به‌ست بن، كه ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ندی هه‌یه به ململانێ یان هه‌ندێك كه‌س ده‌یانه‌وێت له‌رێی ئاگره‌وه زیان به به‌روبومه‌كان بگه‌یه‌نن".
داواشی له جوتیاران و خه‌ڵك كرد له بینینی هه‌ر حاڵه‌تێكی جێی گومان ده‌ستبه‌جێ به‌رگری شارستانی ئاگاداربكه‌نه‌وه تا كۆتاییهاتنی وه‌رزی دروێنه.
روداوه‌كان هاوكاته له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی وه‌رزی دروێنه‌ی گه‌نم و جۆ، ئه‌وه‌ش دوای زستانێكی سه‌خت و بارانی زۆر، كه بۆ چه‌ندین رۆژ بوه هۆكاری دروستبونی لافاو.
عه‌لی عوبێدی، جوتیار له قه‌زای حه‌ویجه به (كه‌ركوك ناو)ی وت "هیچ ساڵێك وه‌ك ئێستا روداوه‌كانی ئاگركه‌وتنه‌وه زۆر نه‌بون، به‌شێك له روداوه‌كانی هۆكاره‌كه‌ی شۆرتی كاره‌بایه یان به‌رزبونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رما".
ئه‌و جوتیاره نمونه‌ی ئه‌وه‌ی هێنایه‌وه ته‌نیا به‌هۆی جگهرهكهیهوه ئاگرێكی گه‌وره كه‌وتۆته‌وه و زیاتر له 150 دۆنم چێنراو به گه‌نم و جۆ سوتاوه.
هه‌روه‌ها له‌باره‌ی هۆكاره‌كانی تری كه‌وتنه‌وه‌ی ئاگره‌وه وتی "ئه‌وه‌مان بیرنه‌چێت داعش له‌سه‌ره‌تاوه هه‌ره‌شه‌ی لێكردین جگه له‌وه‌ش خه‌ڵكێك هه‌یه رق و ناكۆكی له‌گه‌ڵ هاوڵاتیانی ناوچه‌كه هه‌یه".
له روداوه‌كانی ئاگركه‌وتنه‌وه‌دا، به‌شێك له تۆمه‌ته‌كان روو له چه‌كدارانی داعشه كه زیاتر له ساڵێك و نیوه كۆتاییهاتنی له عیراق راگه‌یه‌ندراوه، به‌شێكی تر به كارێكی دوژمنكارانه، یان تۆڵه‌كردنه‌وه، یاخود ناكۆكییه‌كان به‌هۆكار ده‌زانن له‌سه‌ر خاوه‌ندارێتی زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كانی ئه‌و سنوره.
محه‌مه‌د جبوری، دانیشتوی یه‌كێك له گونده‌كانی قه‌زای حه‌ویجه به (كه‌ركوك ناو)ی وت "دانیشتبون و له پڕ یه‌كێك له مۆلیده‌كانی نزیك زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كان ته‌قییه‌وه و به‌هۆیه‌وه ئاگر كه‌وتنه‌وه، له ئه‌نجامدا 50 دۆنم ده‌غڵ و دانی من سوتا".
په‌رله‌مانی عیراق، هه‌فته‌ی رابردودا له دانیشتنێكدا بڕیاریدا به قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی جوتیارانی زیانلێكه‌وتووی ئاگركه‌وتنه‌وه، ئه‌وه‌ش دوای به‌دواداچونی سوتانی زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كان و خه‌مڵاندنی زیانه‌كان له‌رێی لیژنه‌یه‌كه‌وه.
له هه‌فته‌كانی رابردوی وه‌رزی دروێنه‌ی ئه‌مساڵدا، ته‌نیا له كه‌ركوك و نه‌ینه‌وا، نۆ كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه و نزیكه‌ی 40 كه‌س برینداربون، به‌هۆی سوتاوییه‌وه له‌كاتی هه‌وڵدان بۆ كوژاندنه‌وه‌ی ئاگری زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كان، له نێویاندا كارمه‌ندانی به‌رگری شارستانی و هێزه ئه‌منییه‌كان هه‌ن.