ئه‌گه‌ر كه‌ركوك وه‌ك نمونه‌یه‌كی دیاری ناوچەكانی جێناكۆك لە عیراق وه‌ربگرین، له‌و شاره‌دا بته‌وێت به بایسكلێكهوه به‌ناو كۆڵان و شه‌قامه‌كانی بسوڕێیته‌وه، ئه‌وا راسته‌وخۆ توشی گرفتی ناڕێكی رێگه‌وبان، نه‌بونی كارئاسانی بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه ده‌یانه‌وێت له‌جیاتی به‌كارهێنانی ئۆتۆمبێل و پیسكردنی ژینگه روو له لێخوڕینی بایسكیل بكه‌ن ده‌بنه‌وه!
ئه‌و خراپییه‌ی كه سروشتی شاره‌كه هه‌یه‌تی جیاوازی ناكات له‌وه‌ی كه تۆ كوردیت، توركمانیت یاخود عه‌ره‌ب! به‌ڵكو لهناڕێكیی و خراپی ژینگه‌ی شاره‌كه‌دا هه‌مووان وه‌ك یه‌كن.
ئه‌گه‌ر له نمونه‌ی پایسكیلهوه بپه‌ڕینه‌وه بۆ سه‌وزكردنی شار، هاوڵاتی ئه‌و جێناكۆكانه مرۆڤن وه‌ك هه‌ر مرۆڤێكی دیكه‌ی پاریس و له‌ندن و تۆكیۆ، هه‌روه‌ها زیاتر له دروشمی ئاینی و وانه‌ی مێژووی و لیستی قوربانییه‌كان پێویستییان به‌سه‌وزایی و دره‌خته، چونكه ئه‌گه‌ر پارێزگاره‌كه عه‌ره‌ب بوو مانای وانییه شار بۆ ئه‌وان فێنكتره! به‌ڵكو شار به‌زیادكردنی سه‌وزایی و دره‌خت و پاركه‌وه هه‌م ژینگه‌یه‌كی خاوێن و هه‌میش ئارامییه‌كی رۆحی و شاریش جوانتر ده‌كات!
بۆیه هه‌ر كه‌سێك و لایه‌نێك بیه‌وێت حوكم و خزمه‌تی شاری كه‌ركوك بكات ده‌بێت له‌وه تێگه‌یشتبێت كه لە ماوه‌ی 100 ساڵی رابردودا خه‌ڵكی ئه‌م شاره له حوكمی مهلیكییهوه بگره تا ده‌گاته ئه‌مڕۆ هه‌موو جۆره حوكمڕانییهكییان ئه‌زمون كردوه و هیچ كاراكتهرێكیش نه‌یتوانیوه خۆی له‌دڵی خه‌ڵكی وه‌ك فریادڕه‌س و پاڵه‌وانێك جێ بكاته‌وه؟! له‌به‌ر چی؟ له‌به‌ر هۆكارێكی زۆر بچوك، چونكه حوكمڕانه‌كانی رابردوو زیاتر به‌ته‌نگ كۆده‌نگی سیاسیی و ئاینی و قه‌ومی و مفاوه‌زاتی سیاسییه‌وه بون نه‌ك كۆده‌نگی هاوڵاتییان و مفاوه‌زاتی چۆنییه‌تی باشترین بنیادنان.
ئه‌گه‌ر چاوێك به‌مێژوی گفتوگۆ‌و پلانه‌كانی حوكمڕانه‌كانی رابردوی كه‌ركوك بگێڕینه‌وه ده‌بینین سه‌رجه‌مییان بۆ دروستكردنی كۆده‌نگی و خاریتهیهكی سیاسییه كه هیچی لێ شین نه‌بووه! له‌پاڵیشیدا كه‌مترین گفتوگۆ‌و كامپهین هه‌بووه بۆ بیناكردن و نۆژه‌نكردنه‌وه و سه‌وزكردنی ئه‌و شاره.
بۆ نمونه ئه‌گه‌ر نمونه‌یه‌ك وه‌ربگرین هه‌ر وه‌ك به‌راوردكاری، كه ناوچه‌یه‌كی ئاوه‌دان و پێشكه‌وتوی وه‌ك ئێل-دی-فرانس له‌فه‌ره‌نسا له‌چاو ئه‌و هه‌مووه پێشكه‌وتنه‌ی كه بهدهستییانهێناوه (به به‌راورد به‌عیراق و ناوچه‌ی ئێره)، كه زیاتر له 1280 شاره‌وانی له‌خۆ ده‌گرێت، ئه‌وا به‌ته‌نها بۆ پێشخستنی رێژه‌ی سه‌وزایی و ئابوری ناوچه‌كه‌و بیناكردن كه لهماستهرپلانی ساڵی 2008 دا هاتووه؛ 51 وۆركشۆپ و به‌شداری پێكردنی 5000 كه‌س له‌كۆنفرانس و فۆرومهكانی له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته به‌شداری پێكردووه، 50 هه‌زار وه‌ڵامی راپرسییه‌كانیان له‌باره‌ی ماسته‌ر پلانی شار وه‌رگرتۆته‌وه‌و زیاتر له 200 هه‌زار لیفلێت و نامیلكه له‌باره‌ی پلانه‌كان خراونه‌ته‌روو. ئه‌م نمونه‌یه بۆ ئه‌وه نییه كه هاوتای ئه‌و ناوچه‌یه بكرێت به‌ڵكو ئه‌و نموونه‌یه بۆ ئه‌وه‌یه بپرسین بۆ بنیاتنانه‌وه‌و سه‌وزكردن و گه‌شانه‌وه‌ی ئابووری چه‌ند هه‌وڵدراوه؟ به‌به‌راورد به‌كێشه سیاسی و قه‌ومی و ئاینییه‌كان؟ بۆیه هه‌قوایه به‌شی توێژینه‌وه كار بكات بۆ ده‌رخستنی ئه‌و راستییانه كه به ملیۆنه‌ها دۆلار له نزیككردنه‌وه‌ی پێكهاته‌و ئاین و سیاسییه‌كان خه‌رجكراوه (هه‌وڵێكی خراپ نییه و ده‌كرێت هه‌بێت) به‌ڵام له‌پاڵیدا چه‌ندی بۆ جوانكردن و بهشاركردن خه‌رجكراو و خۆیان ماندوو كردووه؟
بۆیه ناوچه‌كانی جێناكۆك به‌ر له‌وه‌ی پێویستییان به ده‌سه‌ڵاتدارو پارێزگار هه‌بێت له‌هه‌ر كاتێك و له‌هه‌ر شتێك زیاتر پێویستییان به ستراتیژییه‌تی بنیاتنان و گه‌شانه‌وه‌ی ئابووری هه‌یه. چونكه له‌هه‌موو جیهاندا ئیشی پارێزگار نییه رۆڵی قه‌زا بگێڕێت و دادپه‌روه‌ری له‌نێوان پێكهاته قه‌ومی و ئاینییه‌كان ده‌سته‌به‌ر بكات، به‌ڵكو كاری بنیادنانی شاره‌و پاكراگرتنییهتی! كاری دروستكردنی پرده كه له‌دواجاردا كورد‌و عه‌ره‌ب و توركمان و كریستیانه‌كانی شار هه‌مان پرد پێكه‌وه به‌كاردێنن بۆ چوونه قوتابخانه‌و بازار‌و سه‌ركار.
ناوچه‌كانی جێناكۆك به‌ر له‌وه‌ی پێویستییان به ده‌سه‌ڵاتدارو پارێزگار هه‌بێت له‌هه‌ر كاتێك و له‌هه‌ر شتێك زیاتر پێویستییان به ستراتیژییه‌تی بنیاتنان و گه‌شانه‌وه‌ی ئابووری هه‌یه
خێزان و هاووڵاتییانی كه‌ركوك هه‌بوونی پاسی مۆدێرن و پابه‌ند كات-رێكخراو‌و پردی كورتبرو پاركی پڕ له‌یاری منداڵان و شه‌وانی رووناك ئه‌و هه‌سته‌یان لا دروست ده‌كات كه پێویسته ئه‌و ده‌سه‌ڵاتداره‌ی ئه‌و شتانه‌ی فه‌راهه‌م كردووه ده‌رفه‌تی مانه‌وه‌ی پێبدرێت له‌سه‌ر حوكم نه‌ك دروشمی قه‌ومی ودینی!
بۆیه پارێزگار‌و ده‌سه‌ڵاتداری سه‌ركه‌وتوو ئه‌و كه‌سه نییه كه ئه‌وه‌نده موجامل بێت دڵی هه‌موو پێكهاته‌كان رازی بكات! به‌ڵكو حوكمرانی سه‌ركه‌وتووی شاره‌كان ئه‌و كه‌سه‌یه كه ده‌توانێت به‌ر له‌هه‌موو شتێك هه‌م پرۆژه بێنێته به‌رهه‌م هه‌میش له‌دابه‌شكردنی پرۆژه‌كاندا هیچ چاویلكه‌یه‌كی قه‌ومی و دینی نه‌به‌ستبێ!
ناوچەكانی جێناكۆك كه‌سانی سیاسی و ره‌وان له‌خیتابی سیاسی گه‌ره‌ك نییه و ئه‌وه‌ش ناڵێین كه كاندیده‌كان حزبی نه‌بن و بێلایه‌ن نه‌بن! به‌پێچه‌وانه‌وه ده‌بێت پارێزگار له‌به‌هێزترین پارتی سیاسی شاره‌كه بێت تاوه‌كو بتوانێت كۆ ده‌نگی له‌سه‌ر پرۆژه خزمه‌تگوزارییه‌كانی دروست بكات و جێبه‌جێكردنیان سانا بكات! ئهوخهسڵهتهی كه پێویسته تێیدا هه‌بێت ئه‌وه‌یه ده‌بێت ئه‌و پارێزگاره یاخود شاره‌داره به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه له‌ماسته‌ر پلان و ئه‌ندازیاری شاره‌زا بێت چونكه خزمه‌تكردنی شار كه‌سانی ته‌كنیكاری گه‌ره‌كه نه‌ك كامپهین و خه‌تیب و ئاشنا به‌كاری سه‌ر كاغه‌ز!
بۆیه به‌ر له‌دانانی هه‌ر پارێزگارێكی داهاتوو بۆ كه‌ركوك ده‌بێت ئه‌و پارێزگاره ببێته مۆدێلی نموونه‌یی له‌حوكمرانی شار‌و تكایه به‌بێ ماسته‌ر پلان و پرۆژه‌ی بنیادنان، رهقورووت مهینێرنه سه‌ر كورسی!
ئیدی بۆ عیراق و ناوچه‌كانی جێناكۆك هه‌مان پره‌نسیپ كه بۆ كه‌ركوك خستمانه‌روو گرنگه، چونكه لهشیعرو دروشم و خیتابی رق لێبوونه‌وه‌و دینی و سیاسی، خه‌ڵكی عیراق و ئه‌و ناوچانه پێویستییان به‌چاره‌سه‌ری پاك را‌گرتن و كێشه‌ی زبڵ و كه‌مئاوی و ئاوی خاوێن و به‌رهه‌می كشتوكاڵی و بیناو رێگا‌و بان هه‌یه! تیرۆرێكی دیكه‌ی حوكمرانی هه‌یه بوونی هه‌یه ئه‌ویش پیسكردنی ژینگه‌ی عیراقییه‌كان و تێكدانی شاره‌كان و تووشكردن به‌نه‌خۆشی و موجازه‌فه‌ی رێگا‌و بان و خنكاندنییانه له‌ناو رۆتین!