رێبوار تاڵهبانی، سهرۆكی ئهنجومهنی پارێزگای كهركوك بهوهكالهت، رایدەگەیەنێت كە رۆژێك لە رۆژان نەیوتوە ناگەڕێتەوە بۆ كەركوك و جەختیكردەوە "هەركات بارودۆخەكە بگەڕێتەوە ئاستێكی یاسایی دەگەڕێمەوە".
ئەو وتەیەی تاڵەبانی، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا هات كە ئەمڕۆ دووشەممە 1ی تەموز لە هەولێر بەڕێوەچوو، تیادا لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی تۆمەت و فهرمانهكانی دهستگیركردنی قسەی كرد.
رێبوار وتی "سكاڵا و بڕیارەكانی دادگای كەركوك لەبارەی فەرمانی دەستگیركردنم و بڕیاری زیندانیكردم، باردۆخێكی سیاسی بەسەریدا زاڵبووە و زیاتر لەوەی یاسایی بێت، بەتایبەت دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر... بەهۆی ئەو بارودۆخەوە هەندێك دژایەتی منیان كرد و سكاڵایان كرد لە غیابی یاسادا، بەبێ ئەوەی بوێرن ناوی خۆیان بهێنن و كەسانی نادیار نەبون".
دادگای كهتنی كهركوك 26ی كانونی یهكهمی 2018 بڕیاریدا به زیندانیكردنی رێبوار تاڵهبانی بە غیابی بۆ ماوهی شهش مانگ، بەڵام دادگای كهتنی رهسافه دوێنێ یەكشەممە 30ی حوزەیران تۆمەت و فەرمانەكانی هەڵوەشاندەوە.
رێبوار لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا وتی "كەیسەكە دوێنێ یەكشەممە كۆتایی پێهات، بەوەی ئەو تۆمەتانە دروستكراو بون و هیچ بەڵگەیەكی یاسایی تیانەبوو"، بۆ ئەوەش دوجار سوپاسی مەسعود بارزانی كرد كە هەوڵی جدیی داوە، لەوكاتەوەی دادگای كەركوك بڕیاری دەستگیركردن و زیندانیكردنی داوە، ئەوەش لەڕێی ستافێكەوە بۆ پشتگیری رێبوار تاڵەبانی.
كەیسەكە دوێنێ یەكشەممە كۆتایی پێهات، بەوەی ئەو تۆمەتانە دروستكراو بون و هیچ بەڵگەیەكی یاسایی تیانەبوو
لەبارەی گەڕانەوەی بۆ كەركوك، دوای ئەوەی تۆمەت و بڕیارەكانی سەری هەڵوەشایەوە، تاڵەبانی وتی "هیچ رۆژیك لە رۆژان نەموتوە ناگەڕێمەوە كەركوك، بەڵام وتومە چاوەڕێی رێككەوتنی هەردوو حكومەتی هەرێم و ناوەند دەكەم... هەموو رۆژێك وتومە دەبێت سبەی بگەڕێمەوە یان ئەم دەقەیە بگەڕێمەوە، بەس بارودۆخەكە بگەڕێتەوە ئاستێكی دەستوریی و یاسایی".
رێبوار تاڵهبانی له ساڵی 2014هوه سهرۆکایهتی ئهنجومهنی پارێزگا دهکات بهوهکالهت، دوای ئهوهی حهسهن تۆران له بهرهی تورکمانی پۆستهکهی جێهێشت و بووه پهرلهمانتاری عیراق.
تاڵەبانی لە دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە كەركوكی جێهێشتووە و لە هەولێر دەژیت، ئەوەش بە پاساوی خراپی دۆخی ئەمنی و سەپاندنی دەسەڵاتی سەربازیی لە كەركوك.