لیستی برایه‌تی له ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك، له هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه دانوستانه‌كانی دانانی پارێزگاری نوێ له ماوه‌ی مانگێكدا یه‌كلاییبكاته‌وه، دوای رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسییه‌كانی توركمان و عه‌ره‌ب.
گفتوگۆ و دانوستانه‌كانی كورد له‌گه‌ڵ عه‌ره‌ب و توركمان، له‌رێی لیژنه‌یه‌كی هاوبه‌شی لیستی برایه‌تیه‌وه ده‌بێت، كه هه‌ریه‌ك له یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان پێكهێنه‌ری سه‌ره‌كی ده‌بن، به ئامانجی جارێكی‌تر دابه‌شكردنه‌وه‌ی پۆسته‌كانی پارێزگای كه‌ركوك.
ئه‌و هه‌وڵه‌ی حزبه كوردییه‌كان، كه ئامانجی سه‌ره‌كی لێی دانانی پارێزگاره، دوابه‌دوای رێككه‌وتنی پارتی و یه‌كێتی دێت بۆ كاندیدكردنی تەیب جەبار، ئه‌ندازیار و شاعیری خه‌ڵكی شاره‌كه بۆ ئه‌و پۆسته، ئه‌وه‌ش له كۆبونه‌وه‌یه‌كی هاوبه‌شی هه‌ردولا كه 11ی ته‌مموز له سلێمانی ئه‌نجامدرا.
لیستی برایەتی رێككه‌وتنی كۆتایی دەخاتە دەنگدانەوە له ئه‌نجومه‌ن تا پەسەند بكرێت
عەدنان كەركوكی، ئەندامی سەركردایەتی كەركوك – گه‌رمیانی سه‌ركردایه‌تی پارتی بە (كەركوك ناو)ی وت "وەك پارتی لەو گفتوگۆیانەدا بەشدارده‌بین و لیژنەكەش لەئامادەسازیدایە تا ئەركەكەی جێبەجێبكات و بەوردی كار لەسەر ئەوە بابەتە دەكەین، نامانەوێ پێش ڕوداوەكان بكەوین، بەڵام ڕەنگە كۆی بابەتەكە ماوەیه‌ك بخایەنێت".
پارتی كه له 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017وه نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ كه‌ركوك، به په‌ككه‌وتنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا و دانانی پارێزگارێكی كورد تۆمه‌تبارده‌كرا، تا دوای چه‌ند مانگێك گفتوگۆ له‌گه‌ڵ یه‌كێتی، هاوكاتی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێم بۆ كاندیدی پارێزگاریش رێككه‌وتن.
ئەحمەد عەسكەری، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا له لیستی برایه‌تی / یه‌كێتی كه ئه‌ندامی لیژنه‌ی دانوستانكاریشه، به (كه‌ركوك ناو)ی وت "لیژنەكە بەناوی لیستی برایەتیەوە دەچێتە گفتوگۆكانەوە، بیریشمان نەچێت لیستی برایەتی ئەو پرسە لەدانیشتنێكی ئەنجومەندا بەهاوبەشی لایەنەكانی تر یه‌كلایده‌كاته‌وه و رێككه‌وتنی كۆتایی دەخاتە دەنگدانەوە تا پەسەند بكرێت".
دانیشتنه‌كانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لەدوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە پەكیكەوتووە، ئه‌وه‌ش به‌هۆی بایكۆتی پارتیه‌وه، دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزه‌كانی حكومه‌تی ناوه‌ندی و كشانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه، كاتێك په‌یوه‌ندیه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا له ئه‌نجامی ریفراندۆمدا گه‌یشته ئه‌وپه‌ڕی ئاڵۆزی.
"پێشتر دەبێت ئێمە وەك لیستی برایەتی خۆمان ڕێكبخەینەوە، پاش ئەو ماوە دورودرێژە لەدابڕانمان لەیەكتری، بۆیە واپێویست دەكات سەرەتا ئێمە و پارتی لەیەك حاڵی بین كە چیمان دەوێ و چیمان ناوێ دواتر لەگەڵ لایەنەكان تر گفتوگۆ بكه‌ین" عه‌سكه‌ری واده‌ڵێت.
كاندیده‌كه‌ی پارێزگار، ته‌یب جه‌بار، له پشكی یه‌كێتیه و ده‌بێته كاندیدی هاوبه‌شی لیستی برایه‌تی، كه 26 كورسی هه‌یه له كۆی 41 كورسی ئه‌نجومه‌ن، به‌رانبه‌ر نۆ ئەندامی كوتلەی توركمان و شەش ئەندامی پێكهاتەی عەرەب.
به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی له لێپرسراوانی یه‌كێتی و پارتیه‌وه ده‌ست (كه‌ركوك ناو) كه‌وتون، لیژنه‌ی دانوستانكار له شه‌ش كه‌س پێكهاتون، ئه‌وانیش یه‌كێتی و پارتی و ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا، بڕیاره ژماره‌كه‌ش به نوێنه‌ری چه‌ند حزبێكی تری لیستی برایه‌تی زیاتر بكرێت، دواتر له هه‌فته‌ی داهاتوودا ده‌ست به گفتوگۆ بكه‌ن له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كانی عه‌ره‌ب و توركمان.
عەرەب و توركمان لەلایەك و كورد لەلایەكی تره‌وه وەرەقەیەكی تەفاوزی بۆ دانوستانەكە ئامادەده‌كه‌ن
ئەندامێكی دیاریكراوی لیژنه‌ی دانوستانكار كه داوایكرد ناوی بڵاونه‌كرێته‌وه به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ماوه‌ی مانگێكمان بۆ دیاریكراوه تا لەسەر پرسەكانی ئیدارە و پۆستەكان و كۆمەڵێك بابەتی تری هەستیار لەگەڵ عەرەب و توركمان ڕێكبكەوین، پەیوەست بەوەی ئاخۆ ئیستیجابەی لایەنە توركمانی و عەرەبییەكان چۆنە بۆ ئەو هەنگاوە".
بنه‌مانی گفتوگۆی لیستی برایه‌تی له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كانی تر، رێككه‌وتنی 201ی دابه‌شكردنی پۆسته‌كانه، له‌وه‌شدا پارێزگار بۆ كورد، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا بۆ توركمان و جێگری پارێزگار بۆ عه‌ره‌ب ده‌بێت.
ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی كه نه‌یویست ناوی بڵاوبكرێته‌وه به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ویستومانە كۆی بابەتەكە نهێنی بێت، تا ئەنجامی گفتوگۆكان بەدەست دەگەن.. بڕیارە تا هەفتەی ئایندە هەردوولا، عەرەب و توركمان لەلایەك و كورد لەلایەكی تره‌وه وەرەقەیەكی تەفاوزی گفتوگۆئامێز بۆ دانوستانەكە ئامادەبكەن".
ئه‌وه‌ش له كاتێكدایه لایه‌نه‌كانی عه‌ره‌ب و توركمان، له‌رێی راگه‌یه‌ندراوه‌وه دژایه‌تی خۆیان بۆ رێككه‌وتنی پارتی و یه‌كێتی له دیاریكردنی كاندیدی پارێزگار نیشانداوه، جگه له خۆپیشاندانی ناڕه‌زایی به‌شێك له هاوڵاتیانی عه‌ره‌بی كه‌ركوك دژی هه‌مان پرس.
سه‌ركردایه‌تییه‌كه‌ی یه‌كێتی وتی "گفتوگۆكان بەشێوەی قۆناغبەندی بەڕێوەدەچن و هەموو پرسەكان سەبارەت بەئیدارەدانی شار‌و پۆستەكان و قۆناغی ئایندە لانیكەم تا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان تاوتوێ دەكرێن".
بڕیاره هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان، به كه‌ركوكه‌وه كه 14 ساڵه له‌و پرۆسیه‌یه بێبه‌شه، له نیسانی 2020دا ئه‌نجامبدرێت، به‌ڵام هێشتا ئه‌و واده‌یه له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و دواتر په‌رله‌مانه‌وه په‌سه‌ندنه‌كراوه.
مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی 13ی ته‌مموز له راگه‌یه‌ندراوێكدا به پێویستی زانیووه كێشەكانی كەركوك بە پارێزگاریشەوە سەرەتا لە نێوان هەولێر و بەغدا یەكلایی بكرێتەوە و چارەسەر بكرێت، هەر ئەنجامێكیش كە هەبێت دەبێ جێگەی ڕەزامەندیی هەموو پێكهاتەكانی كەركوك بێت.
لە دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەره‌وه پۆستی پارێزگاری كەركوك لەلایەن راكان سەعید جبوری، لەپێكهاتەی عەرەب بەوەكالەت بەڕێوەدەچێت، دوای ئەوەی نەجمەدین كەریم، لە پشكی كورد پۆستەكەی لەلایەن پەرلەمانی عیراقەوە لێسەندرایەوە.
توركمان و عەرەب ئیستیجابەیان بۆ هەنگاوەكانمان ئەرێنییە
جەنگی عیزەدین، كارگێڕی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی به (كه‌ركوك ناو)ی وت "توركمان و عەرەب ئیستیجابەیان بۆ هەنگاوەكانمان ئەرێنیە، چاوەڕوانی ئەنجامی گفتوگۆكانین تا بەفیعلی پارێزگاری نوێ لەئەنجومەنەوە شەرعیەت وەربگرێت".
ناكۆكییه‌كانی ئیداره‌دانی كه‌ركوك نوێ نیه، پێشتریش پێشنیارێكی حكومه‌تی ناوه‌ندی عیراق بۆ هاوسه‌نگی له نێوان پێكهاته‌كاندا به دابه‌شكردنه‌وه‌ی پۆست و لێپرسراوێتییه‌كانی ئیداره‌ی ناوخۆیی، مشتومڕی زۆری لێكه‌وته‌وه، به‌وپێه‌ی توركمان و عه‌ره‌ب داوایانكرد بنه‌مای له‌سه‌دا 32 بۆ هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك له‌به‌رچاوبگیرێت، كه كورد پێی رازی نیه.
پارێزگای كەركوك، وەكو ناوچەیەكی جێناكۆك لە دوای ساڵی 2003وە لەسەر بنەمای پرۆژەیەكی جەلال تاڵه‌بانی، سكرتێری كۆچكردوی یەكێتیی پۆستەكانی لەسەدا 32 بۆ هەریەك لە پێكهاتەكانی كورد، عەرەب‌و توركمان دیاریكرا، لەگەڵ سەدا چوار بۆ كریستیان.