هەریەكە لە باڵیۆزی ئەمریكا لە بەغدا و كونسوڵی ئەو وڵاتە لە هەرێمی كوردستان، دابینكردنی بڕی 500 هەزار دۆلاری زانكۆی په‌نسلڤانیایان بۆ نۆژەنكردنەوەی پەرستگای لالش راگەیاند، ئەوەش لە سەردانێكیاندا هات بۆ ئەو پەرستگایە. ئەوەش هاوكاتە لەگەڵ ئەوەی ئێزیدییەكان چاویان لە پاڵپشتی زیاتری ئەو وڵاتەیە بۆ پێكهاتەكەیان كە زەرەرمەندی گەورەی شەڕی داعش بون لە عیراق و هێشتا زۆرینەیان نەگەڕاونەتەوە زێدی خۆیان.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 18ی تەمموز، هەریەكە لە ماسی‌و تولەری، باڵیۆزی ئەمریكا لە بەغدا و ستیڤ ڤه‌یگن کونسوڵی گشتی ئه‌مریکا لە هەولێر سەردانی پەرستگای لالش-یان كرد لە دەشتی نەینەوا و لەگەڵ ئەندامانی جڤاتی روحانی ئێزیدیی و ژمارەیەك كەسایەتی ئەو پێكهاتەیە كۆبونەوە.
فارس کتی، ئه‌ندامی جڤاتی روحانی ئێزیدی که ئاماده‌ی كۆبونەوەكە بوو، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەم سەردانە له‌م بارودۆخەی كە ئێستا ئێزیدییەكان تێیدان گرنگییه‌کی زۆری هه‌یه که دوای چەند مانگێك دێت لە دەستبەكاربونی لە بەغدا، ئه‌مه ئاماژه‌یه‌کی رونه که ئه‌مریکا ده‌یه‌وێت به‌هه‌موو شێوەیه‌ک پاڵپشتی له ئێزیدییه‌کان بکات له‌ڕوی ماددیی و مه‌عنه‌وییەوە".
ئەم سەردانە له‌م بارودۆخەی كە ئێستا ئێزیدییەكان تێیدان گرنگییه‌کی زۆری هه‌یه
"لە كۆبونەوەكەدا باسمان له بارودۆخی ئێزدییه‌کان کرد و پرسی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌کان بۆ زێدی خۆیان، هه‌روه‌ها کێشه و داواکارییه‌کانی ئاواره‌کان له‌ناو که‌مپه‌کاندا، ئەوان ئاماده‌یی خۆیان ده‌ربڕی که به هه‌موو شێوه‌یه‌ک پاڵپشتی ئاواره‌کان ده‌کەن بۆ گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ زێدی خۆیان"، فارس كتی وایوت.
ئەو سەردانە هاوكاتە لەگەڵ بەڕێوەچونی كۆنگره‌ی وزاری بۆ به‌هێزكردنی ئازادی ئایینی، كه سێشه‌ممه 16ی ته‌مموز له واشنتنی پایته‌ختی ئه‌مریكا ده‌ستیپێكرد و چه‌ند رۆژێك به‌رده‌وام ده‌بێت، كە تیایدا نادیە موراد باڵیۆزی نیازپاكی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان داوای كۆتاییهاتنی ناكۆكییه‌كانی هه‌ردوو حكومه‌تی به‌غدا و هه‌ولێری كرد له‌سه‌ر شنگال، به‌وپێیه‌ی رێگرییه‌كی سه‌ره‌كییه له‌به‌رده‌م گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره ئێزیدییه‌كان.
فارس کتی وتی "سەردانەكەی باڵیۆز و كونسوڵی ئەمریكا بۆ لالش، كۆنگرەی وزاری لە واشنتن و سەردانی نادیە مراد بۆ لای دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا، كۆمەڵە هەنگاوێكی دڵخۆشكەرن بۆ ئێزیدییەكان و بەدەستهێنانی پاڵپشتی زیاتری ئەمریكا".
دوای تەواوبونی سەردان و كۆبونەوەی باڵیۆز و كونسوڵی ئەمریكا لە لالش، كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشیان لەگەڵ بریكاری میری ئێزیدیان و جفاتی روحانی رێكخست و تیایدا، باڵیۆزی ئه‌مریکا وتی "زانکۆی په‌نسلڤانیا له ئه‌مریکا بڕی 500 هەزار دولار دابیندەكات بۆ نۆژه‌نکردنه‌وه‌ی په‌رستگای لالش".
حازم ته‌حسین به‌گ، كوڕی میری كۆچكردوی ئێزیدیان و بریكاری میری ئێزیدییان سوپاسی ئه‌مریکای کرد و داوای له شاندی باڵای ئه‌و وڵاتە کرد که به‌رده‌وام پاڵپشتی ئێزیدییه‌کان بکه‌ن بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانیان.
نادیە موراد لە كۆنگره‌ی وزاری بۆ به‌هێزكردنی ئازادی ئایینی، داوایكردوه چاره‌سه‌ری دۆسیه‌ی ئیداره‌دانی ناوخۆیی شنگال بكرێت، له كاتێكدا ته‌نیا 80 هه‌زار كه‌س گه‌ڕاونه‌ته‌وه بۆ ئەو قەزایە.
ئەو وتی "ناكۆكییه ناوخۆییه‌كان، مانه‌وه و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی ژیانیان قورس‌تر ده‌كات، بۆیه پێویسته كۆتایی به ناكۆكی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر بێت له‌سه‌ر شنگال، كه هێشتا ئێزیدییه‌كان ده‌بنه قوربانی ئه‌و ناكۆكییانه".
پێویسته كۆتایی به ناكۆكی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر بێت له‌سه‌ر شنگال، كه هێشتا ئێزیدییه‌كان ده‌بنه قوربانی ئه‌و ناكۆكییانه
نادیه موراد به‌پێویستی ده‌زانێت كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هانی به‌غدا و هه‌ولێر بدات بۆ پاڵپشتی كه‌مایه‌تییه ئاینییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی باشتر له هێزه ئه‌منییه‌كاندا، ئه‌و هه‌وڵه‌ش واده‌كات، كه‌مایه‌تییه ئاینییه‌كان رۆڵیان هه‌بێت له پاراستنی ناوچه‌كانیان و رێگری بكه‌ن له دروستبونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵكوژی تر.
نادیه موراد، له په‌راوێزی ئه‌و كۆنگره‌یه‌دا له‌گه‌ڵ به‌شداربوانی تری پێكهاته ئاینییه‌كان، له كۆشكی سپی چاوی به دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مریكا كه‌وتووه و به‌شێكی له داواكارییه‌كانی وتاره‌كه‌ی به ناوبراو ده‌گه‌یه‌نێت، له نێویاندا ناكۆكییه‌كانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر، كه به‌وته‌ی ئه‌و، رێگره له به‌رده‌م گه‌ڕانه‌وه‌ی ئێزیدییه‌كاندا.
پێكهاتەی ئایینی ئێزیدی، هاوشانی كریستیانی، كاكەیی و توركمانەكان زۆرترین پێشێلكارییان لەلایەن داعشەوە بەرامبەر كرا و روبەڕوی كوشتنی بەكۆمەڵ بونەوە دوای دەستبەسەرداگرتنی شنگال (بەدووری 120 لە خۆرئاوای موسڵ) لە 3ی ئابی 2014، كه لە 13ی تشرینی دووەمی 2015دا كۆنتڕۆڵكرایەوە.