دوو كەس كە ماتۆڕسكیلێكیان پێبووە، بۆمبێك هەڵدەدەنە ماڵی سەرۆكی ئەنجومەنی قەزای داقوقەوە و هەڵدێن. بۆمبەكە نەتەقیوەتەوە و لەلایەن پۆلیسەوە هەڵدەگیرێتەوە، بەڵام سەرۆكی ئەنجومەن داوای لێكۆڵینەوەیەكی پڕۆفیشناڵ دەكات.
روداوەكە درەنگانێكی شەوی رابردوو لەگەڕەكی ئیلخانی داقوق رویداوە، بەپێی كامێرای چاودێری ئەو دوو كەسەی بۆمبەكەیان هەڵداوە دەموچاوی خۆیان پێچابوو.
جەلیل ئیبراهیم، سەرۆکی ئەنجومەنى قەزاى داقوق بە (کەرکوک ناو)ى وت "بۆمبەكە كەوتۆتە باخچەی ماڵەكەم، بەڵام خۆشبەختانە نەتەقیوەتەوە، دەزگا ئەمنییەكانم لە روداوەكە ئاگاداركردەوە و بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 18ی تەمموز، بۆمبەكەیان هەڵگرتەوە".
وتیشی "من هیچ كێشەیەكم لەگەڵ كەس نییە، تەنیا كاری خۆم بەپێی یاسا كردووە، هیوادارم دەزگا ئەمنییەكان بەشێوەیەكی پڕۆفیشناڵ لێكۆڵینەوەكە ئەنجام بدەن".
جەلیل ئیبراهیم لە نەتەوەی توركمان لە پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی قەزای داقوقە.