ژماره‌یه‌ك له كه‌سایه‌تی ئایینی و رۆشنبیری شنگال، ده‌سته‌یه‌كی نوێی ئایینی تایبه‌ت به پێكهاته‌كه‌یان پێكده‌هێنن، ئه‌وه‌ش بۆته جێی ناڕه‌زایی جڤاتی روحانی و ئێزیدییه‌كان لالش، به‌وپێیه‌ی راوێژیان پێنه‌كراوه و ئامانجه‌كانیشیان بۆ ئه‌وان رون نین.
یه‌كشه‌ممه 21ی تهمموز له ناوه‌ندی قه‌زای شنگال، كه‌سایه‌تییه ئانیی، ئه‌كادیمی و رۆشنبیره‌كانی ئایینی ئێزیدیی ده‌سته‌یه‌كی ئاینییان له 16 ئه‌ندام پێكهێنا، به ئامانجی پاراستنی ئایین و زیندوكردنه‌وه‌ی مه‌زارگه پیرۆزه‌كانی ئه‌و پێكهاته‌یه.
شێخ فاخر خه‌ڵه‌ف، لێپرسراوی ده‌سته نوێیه‌كه به (كه‌ركوك ناو)ی وت "بۆ پاراستنی ئایینی ئێزیدیی و په‌روه‌رده‌كردنی نه‌وه‌ی نوێ له‌سه‌ر رێبازی پیرۆزی ئه‌و ئایینه ده‌سته‌كه‌مان له 16 كه‌سایه‌تی پێكهێنا".
بنكه‌ی سه‌ره‌كی ئه‌و ده‌سته‌یه ده‌كه‌وێته سه‌نته‌ری شاری شنگال و كار‌و چالاكییه‌كانیشیان هه‌ر له سنوری قه‌زاكه‌دا ده‌مێنێته‌وه.
"ئامانجی زۆرمان هه‌یه له‌وانه په‌روه‌رده‌كردنه‌وه‌ی ئه‌و منداڵانه‌ی له‌ژێر ده‌ستی داعشدا بون و به‌شێكیان ئایینی باوباپیرانی خۆیان گۆڕیووه و هه‌ڵگری بیری داعشن".
ئه‌وه‌ش له كاتێكدایه زۆرینه‌ی ئه‌و منداڵانه‌ی له‌ژێر ده‌ستی داعش رزگارده‌كرێن، له‌رێی خوێندنگه‌یه‌كی تایبه‌ته‌وه له كه‌مپێكی ئاواره‌كانی دهۆك، جارێكی‌تر له‌سه‌ر ئاینی ئێزیدی په‌روه‌رده ده‌كرێنه‌وه.
سه‌رۆكی ده‌سته‌ی نوێی ئایینی ئێزیدی له شنگال ده‌ڵێت ئامانجێكی تریان نه‌هێشتنی دابڕانی نێوان شنگال و به‌رێوه‌به‌رایه‌تی كاروباری ئایینی ئێزیدییه له حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، جگه له به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندی ئایینی به هه‌ردوو حكومه‌تی عیراق و هه‌رێمه‌وه.
فاخر خه‌ڵه‌ف باسی له‌وه‌كرد هه‌وڵی راكێشانی ده‌ستی ئاوه‌دانی ده‌ده‌ن بۆ شنگال، به تایبه‌ت مه‌زارگه ئایینییه‌كان، ئه‌وان بۆ پاڵپشتی سه‌ردانی قایمقامیه‌تی شنگالیان كردووه و ده‌چنه هه‌رێمی كوردستانیش، چونكه هیچ لایه‌نێكی سیاسی‌یان له پشته‌وه نیه و ئه‌و ده‌سته‌یه‌ش دژی جڤاتی روحانی نیه و په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ پیاوانی ئایینی لالش زۆرباشه.
ناوی ئێزیدییەكان بە سادەیی "یەزدانپەرست" دەگەیەنێت، هەر لەوەشەوە ئێزدییەكان وەسفی خۆیان دەكەن، هەموو دەقە ئایینییەكانیان بە دیالێکتی كرمانجی کوردییە، ئه‌وان بانگهێشتی كه‌س ناكه‌ن بۆ ئایینه‌كه‌یان، هیچ كه‌سێك له ئایینی تر وه‌رناگرن و رێ به گۆڕینی ئایینیش ناده‌ن.
عەلی خدر، لێپرسراوی نوسینگەی جڤاتی روحانی ئێزیدی كه سه‌رپه‌رشتی كاروباری ئایینی و كۆمه‌ڵایه‌تی پێكهاته‌كه ده‌كات بە (کەرکوک ناو)ی وت "مۆڵەتی کردنەوەی ئەو دەستەیە لای ئێمەوه نه‌بووه و نازانین به‌رنامه‌یان چییه، یان له ئاینده‌دا چی ده‌كه‌ن".
هه‌روه‌ها جه‌ختیكرده‌وه له‌وه‌ی هه‌ر ده‌سته‌یه‌كی ئایینی پێشتر پێویسته مۆڵه‌ت له جڤاتی روحانی ئێزیدی وه‌ربگرێت، عه‌لی خدر وتی، ئه‌وان له رۆژانی داهاتودا هه‌ڵوێستی خۆیان به‌رانبه‌ر ئه‌و ده‌سته بڵاوده‌كه‌نه‌وه.
هه‌ر له‌مساڵدا و له قه‌زای شێخان، جڤاتێكی 15 ئه‌ندامی له رزگاربوان و كه‌سوكاری قوربانیانی ده‌ستی داعش پێكهێنرا، به‌ئامانجی هه‌وڵدان بۆ پاراستن و به‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانیان ده‌ده‌ن، له نێویاندا دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و كچ و ژنانه‌ی هێشتا چاره‌نوسیان به نادیاری ماوه‌ته‌وه.
شه‌مۆ قاسم، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی باڵا له بنكه‌ی رۆشنبیری و كۆمه‌ڵایه‌تی لالش به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئه‌و ده‌سته‌یه نوێیه‌ی له شنگال پێكهێنراوه شه‌رعی نیه و ده‌ربڕی رای ئێزیدییه‌كان نیه، چونكه له هه‌موو جیهان ته‌نیا جڤاتی روحانی و په‌رستگای لالش مه‌رجه‌عی ئایینی ئێزیدییه و نوێنه‌رایه‌تی ئایینه‌كه ده‌كات".
ژمارەی ئێزیدی لە عیراق 550 هەزار كەس بووە، 360 هەزار هاوڵاتی ئەو پێكهاتەیە ئاوارە بوون و زیاتر لە 100 هەزار كەسیش وڵاتەكەیان بە جێهیشتووەو كۆچیان كردووە، بەپێی دوایین ئاماری بەرێوەبەرایەتی گشتی كاروباری ئێزیدی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان.
هاوڵاتیانی ئێزیدی، له‌كاتی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی شنگال له‌لایه‌ن داعشه‌وه له ئابی 2014دا روبه‌روی كۆمه‌ڵكوژی بونه‌وه، شه‌ش هه‌زار و 417 كه‌سیان رفێنران، كه هێشتا چاره‌نوسی نزیكه‌ی سێ هه‌زار ژن و منداڵ و پیاو دیارنییه.