كه‌سوكاریی قوربانیانی ئێزیدی، له رێی جڤاتێكهوه هه‌وڵی پاراستن و به‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانیان ده‌ده‌ن، له نێویاندا دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و كچ و ژنانه‌ی هێشتا چاره‌نوسیان به نادیاری ماوه‌ته‌وه.
جڤاتی كه‌سوكاری قوربانیانی ئێزیدی، له 15 ئه‌ندام پێكهاتون له نێویاندا ژماره‌یه‌ك له كچان و ژنان، دوای هه‌ڵبژاردنیان له مانگی رابردودا به ده‌نگی ئه‌و كه‌سانه‌ی زیانلێكه‌وتوی ده‌ستی داعش بون.
داود موراد خه‌تاری، لێپرسراوی به‌شی په‌یوه‌ندی و راگه‌یاندنی جڤاتی كه‌سوكاری قوربانیانی ئێزیدی به (كه‌ركوك ناو )ی وت "پێش راگه‌یاندنی جڤات، زۆر گفتۆگۆ و دانیشتنمان كردووه بۆ ئه‌وه‌ی چیتر هیچ كه‌س و لایه‌نێك به‌بێ ڕاوێژ و پرسیار بڕیار له قوربانیان و كه‌سوكاریان نه‌دات، دواجار گه‌یشتینه ئه‌و بڕیاره‌ی جڤاتێك دروستبكه‌ین و نوێنه‌رایه‌تی هه‌موان بكات".
جڤاته‌كه باره‌گای سه‌ره‌كی ده‌كه‌وێته ناحیه‌ی باعهدره له قه‌زای شێخان، ئه‌ندامه‌كانی زیانلێكه‌وتوی ده‌ستی داعشن، زۆرینه‌یان له دوو كه‌س زیاتریان بێسه‌روشوێن بوه و قوربانی ده‌ستی ئه‌و رێكخراوه بووه.
"ئه‌مه جڤاتێكی شه‌رعی و ڕه‌سمییه، مۆڵه‌تمان له دام و ده‌زگاكانی حكومه‌ت وه‌رمانگرتووه، له هه‌مووشیان گرنگتر جڤاتی روحانی ئێزیدی ده‌ستخۆشییان له كاره‌كه‌ی ئێمه كردووه و به هه‌موو شێوه‌یه‌ك پشتگیری خۆیان نیشانداوه".
خه‌تاری ده‌ڵێت سه‌ردانی ئیداره‌ی قه‌زای شنگال و جڤاتی روحانی ئێزیدییان كردووه، ئه‌و هه‌نگاوه‌ش به‌رده‌وامی ده‌بێت، به ئامانجی هه‌ماهه‌نگی له دۆسیه‌كانی تایبه‌ت به كه‌سوكاری قوربانیان.
ژمارەی ئێزیدی لە عیراق 550 هەزار كەس بووە، 360 هەزار هاوڵاتی ئەو پێكهاتەیە ئاوارە بوون و زیاتر لە 100 هەزار كەسیش وڵاتەكەیان بە جێهیشتووەو كۆچیان كردووە، بەپێی دوایین ئاماری بەرێوەبەرایەتی گشتی كاروباری ئێزیدی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان.
هاوڵاتیانی ئێزیدی، له‌كاتی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی شنگال له‌لایه‌ن داعشه‌وه له ئابی 2014دا روبه‌روی كۆمه‌ڵكوژی بونه‌وه، شه‌ش هه‌زار و 417 كه‌سیان رفێنران، كه هێشتا چاره‌نوسی نزیكه‌ی سێ هه‌زار ژن و منداڵ و پیاو دیارنییه.
جڤاته نوێیه‌كه ئامانجێكی بێسه‌روشوێنانی ئێزدییه، وه‌ك لێپرسراوی په‌یوه‌ندییه‌كانیان باسیكرد، "به‌دواداچونێكی ورد ل سه‌ر ئه‌و ژن و منداڵانه ده‌كه‌ین كه تائێستا چاره‌نوسیان دیارنیه، بۆ ئه‌وه‌ش له‌به‌رنامه‌ماندایه سه‌ردانی رۆژئاوای كوردستان (سوریا) بكه‌ین بۆ گه‌ڕان به‌دوای رفێنراوانی ئێزیدی".
هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هه‌سه‌ده)، 23ی ئازاری 2019 كۆتاییهاتنی ته‌واوه‌تی داعشی له سوریا راگه‌یاند، دوای پێنج ساڵ له‌شه‌ڕ به‌پاڵپشتی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی، به‌وه‌ش هیچ ناوچه‌یه‌ك له‌ژێر ده‌ست و حوكمڕانی ئه‌و رێكخراوه‌دا نه‌ما، له‌و شه‌ڕه‌دا زیاتر له 200 ئێزیدی رزگاركران.
خه‌تاری ئه‌وه‌ی رونكرده‌وه ئامانجێكی تری سه‌ره‌كی جڤاتی كه‌سوكاری قوربانیانی ئێزیدی، رێگرییه له وه‌رگرتنی هاوكاری به‌ناوی قوربانیانی پێكهاته‌كه، بۆ له‌مه‌ودواش پێویسته راوێژ له‌گه‌ڵ جڤاتهكهدا بكه‌ن، به‌تایبه‌ت له دۆسیه‌ی قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ی زیانلێكه‌وتوانی ده‌ستی داعش.