كه‌سایه‌تی و سه‌رۆك عه‌شیره‌ته‌كانی قه‌زای شنگال، ناڕه‌زایی ده‌رده‌بڕن دژی شێوازی هه‌ڵبژاردنی میری نوێی ئێزیدیان، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ پرس و رایه‌ك به‌وان بكرێت، بۆیه چه‌ند مه‌رجێك داده‌نێن بۆ پشتگیری له میری داهاتوی ئه‌و پێكهاته ئاینییه.
ئه‌و ناڕه‌زاییه له كاتێكدایه بڕیاره ئه‌مڕۆ شه‌ممه 27ی تهمموز، حازم ته‌حسین به‌گ، وه‌ك تاكه كاندیدی میری ئێزدیان رابگه‌یه‌ندرێت، ئه‌وه‌ش به‌پێی رێككه‌وتنی بنه‌ماڵه‌ی میری ئێزیدیا و، دوای حه‌وت مانگ له گفتوگۆ و ململانێی ناوخۆیی.
له به‌یاننامه‌یه‌كدا بۆ رایگشتی و ئێزیدییه‌كان، كه زیاتر له 15 سه‌رۆك عه‌شیره‌ت و كه‌سایه‌تی دیاری شنگال پشتگیریی ده‌كه‌ن، زنجیره‌یه‌ك داواكاری بۆ میری نوێی ئێزدیان و كاروباره‌كانی داهاتوی ئه‌و پێكهاته‌یه دیاریكراوه.
شێخ سه‌عید قاسم، یه‌كێك له سه‌رۆك عه‌شیره‌ته‌كانی شنگال به (كه‌ركوك ناو)ی وت "چوار مانگ له‌مه‌وبه‌ر هه‌مو سه‌رۆك عه‌شیره‌ته‌كان له‌گه‌ڵ پیاوانی ئایینی و رۆشنبیران له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنی میره‌وه به‌یاننامه‌یه‌كی 10 خاڵیمان راده‌ستی بنه‌ماڵه‌ی میر كرد به‌ڵام به‌داخه‌وه هیچ خاڵێكیان جێبه‌جێنه‌كرا".
پشتگوێخستنی ئه‌و داواكارییانه‌ی سه‌رۆك عه‌شیره‌ته‌كان، وایكردووه به شێوازی ئێستای دانانی میر رازی نه‌بن، ئه‌وه‌ش ئه‌گه‌ری سه‌رهه‌ڵدانی ناكۆكی و دوبه‌ره‌كی دروستكردووه.
"ئێمه دژی حازم ته‌حسین به‌گ نین، به‌ڵكو دژی ئه‌و شێوازه‌ی هه‌ڵبژاردنی میرین، ئه‌وه‌ی له هه‌موویان ناخۆشتره بۆ ئێمه له‌كاتی دیاریكردنی كاندیدی میر بنه‌ماڵه‌ی میر پرسیان به ئێمه نه‌كردووه و ئێمه‌یان پشتگوێخستووه، ئیتر چۆن ده‌كرێت مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ میری نوێ بكه‌ین" شێخ سه‌عید واده‌ڵێت.
هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی ئێزیدییه‌كان له عیراق و جیهان، چه‌ند قۆناغێكی جیاواز ده‌بڕێت دوای دیاریكردنی كاندیدێك له نێو بنه‌ماڵه‌ی میری كۆچكردوی ئه‌و پێكهاته‌یه، له دواههنگاویشدا جڤاتی روحانی ئێزیدییان بڕیاری یه‌كلاییكه‌ره‌وه و كۆتایی ده‌ده‌ن.
له نێو به‌یاننامه‌كه‌ی سه‌رۆك عهشیرتهكانی شنگال 10 داواكاری هه‌یه، له‌وانه پێكهێنانی جڤاتێكی راوێژكاری باڵای ئێزیدی كه له سه‌دا 70ی ئه‌ندامه‌كانی خه‌ڵكی قه‌زای شنگال بن، سنورداركردنی رۆڵی جڤاتی روحانی و ته‌نیا گرێ‌دراو بێت به پرسه‌كانی ئایینی و مه‌زارگه‌كان، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی جڤاتی راوێژكاری ئێستا و پێكهێنانی جڤاتێكی نوێ، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی لیژنه‌ی ئێستای سه‌رپه‌شتیكردنی سندوقی هاوكارییه‌كان.
هه‌ر له‌و داواكارییانه‌دا هاتووه پێویسته خه‌ڵكی شنگال له هه‌موو ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كانی حكومه‌تدا به‌پێی رێژه‌ی دانیشتوان دابمه‌زرێندرێن، میری نوێ به‌رگری له مافی هه‌موو ئێزیدییه‌كانی جیهان بكات، ئه‌گه‌ر میر پابه‌ند نه‌بوو به یاسا و دابونهریتهكانی ئێزدیخان ئه‌وا له‌ده‌سه‌ڵاتی ئه‌نجومه‌ندا بێت دوریبخاته‌وه، نابێت میر جێگر یاخود بریكاری هه‌بێت، پێویسته میر له عیراق نیشته‌جێبێت و نابێت بڕیاری تاكڕه‌وانه له‌سه‌ر ئێزیدییه‌كان بدات.
ئه‌وه‌ش له كاتێكدایه به‌پێی رێككه‌وتنی بنه‌ماڵه‌ی میر، كه نزیكه‌ی حه‌وت مانگی خایاند، به‌هۆی زۆری كاندیده‌كانه‌وه، میری نوێ چوار جێگری ده‌بێت.
عامر مەحمود، وتەبێژی بنەماڵەی میری ئێزدیان پێشتر بە(کەرکوک ناو)ی وت "به‌پێی رێككه‌وتنه‌كه حازم تەحسین بەگ دەبێتە میر و چوار جێگری دەبێت، هەرمان میرزا بەگ ده‌بێته وەلی عەهد، کامیران خەیری بەگ مەرجەعی ئایینی، هه‌ریه‌ك له شێرزاد فاروق بەگ و جەوهەر عەلی بەگ ده‌بنه وەکیلی میر".
ده‌زگای به‌رێوه‌بردنی ئێزیدییان له جڤاتی روحانی و سه‌رۆكی جڤات (میر)، بابه شێخ، شێخی وه‌زیره و سه‌رۆكی قه‌والان پێكهاتوون، هه‌موو ئه‌وانه‌ش له ده‌زگاكه‌دا ئه‌ندامن و بڕیاره‌كانی تایبه‌ت به‌و پێكهاته‌یه ده‌رده‌كه‌ن.
شێخ سه‌عید قاسم، له‌باره‌ی ناڕه‌زایی سه‌رۆك عه‌شیره‌ته‌كانی شنگال زیاتر رونیكرده‌وه و وتی "بۆ ئێمه گرنگ نییه كێ ده‌بێته میر، به‌ڵام هه‌ركه‌سێك ببێته میری ئێزدییان داواكارییه‌كانی ئێمه جێبه‌جێبكات، ئه‌گه‌رنا مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سه‌دا ناكه‌ین".
ئه‌و سه‌رۆك عه‌شیره‌ته‌ی شنگال داوایكرد به زویی داواكارییه‌كانیان جێبه‌جێبكرێت تا ناڕه‌زاییه‌كانیان فراوانتر نه‌بون، چونكه ئه‌وكات ئێزیدییه‌كان ده‌بنه دوو به‌ره و بارودۆخه‌كه زیاتر ئاڵۆز ده‌بێت.
جگه له سه‌رۆك عه‌شیره‌ته‌كانی شنگال، ده‌سته‌ی نوێی ئایینی له‌و قه‌زایه‌ش له به‌یاننامه‌یه‌كدا ناڕه‌زایی خۆیان ده‌ربڕیووه و هه‌ڵبژاردنی حازم ته‌حسین به‌گ، بۆ ئه‌ركی میر ره‌تده‌كه‌نه‌وه و تۆمه‌تباری ده‌كه‌ن به‌وه‌ی له‌لایه‌ن حزبێكی سیاسییه‌وه دیاریكراوه نه‌ك ئێزیدییه‌كان.
پێگه‌ی میر له نێو ئێزیدییه‌كاندا، له نێو هه‌مان بنه‌ماڵه‌دا بووه و ده‌بێته نوێنه‌ری ئه‌و پێكهاته‌یه له ئاستی جیهان، له دوای ئه‌ویش باباشێخ، وه‌كو مه‌رجه‌عی دینی ئێزیدیی له روی ئایینه‌وه كاره‌كان راییده‌كات.
28ی كانونی دوه‌می 2019 ته‌حسین سه‌عید عه‌لی به‌گ، میری ئێزدییان له عیراق و جیهان دوای مانه‌وه‌ی بۆ زیاتر له هه‌فته‌یه‌ك له نه‌خۆشخانه به‌هۆی نه‌خۆشی دڵه‌وه، له ته‌مه‌نی 86 ساڵیدا له شاری هانۆڤه‌ری ئه‌ڵمانیا كۆچی دواییكرد و له 5ی شوباتی ئه‌مساڵیشدا، له سه‌ر وه‌سیه‌تی خۆی له‌ناو باخچه‌ی ماڵه‌كه‌یدا له قه‌زای شێخان له‌ده‌ستی نه‌ینه‌وا به‌خاكسپێردرا.