به ده‌گمه‌ن خانویه‌ك ده‌بینی له‌سه‌ر پێ وه‌ستابێ، ناوچه‌كه یه‌كپارچه وێرانه‌یه و خه‌ڵكیش به‌ئومێدی هه‌واڵێكی نوێ له پارێزگار كۆبونه‌ته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌یبیستن جێی دڵخۆشی هه‌موان نیه، چونكه هه‌وڵێك هه‌یه ئه‌و شاره مێژوییه بكرێته پرۆژه‌یه‌كی وه‌به‌رهێنان.
مه‌نسور مه‌رعید، پارێزگاری نه‌ینه‌وا له‌سه‌ر داروپه‌ردوی خانوه روخانوهكانی به‌ری راست قسه‌ی بۆ خه‌ڵك كرد و داوای له دانیشتوانی سێ ناوچه‌ی مێژویی ئه‌وه‌بوو، موڵكه‌كانیان بفرۆشن تا له جێگاكه‌ی پرۆژه‌ی مۆدێرن بنیاتبنرێت.
په‌یامه‌كه‌ی مه‌رعید، له‌و سه‌ردانه‌یدا له 18ی حوزه‌یرانی 2019، بۆ خاوه‌نی خانووه روخاوه‌كانی هه‌رسێ ناوچه‌ی مه‌یدان، شه‌هوان و قه‌لیعات بوو له به‌ری راستی موسڵ.
"حكومه‌ت رێنادات هیچ كه‌سێك به‌هه‌ڕه‌مه‌كی خانوه‌كه‌ی له ناوچه‌ی كۆن بنیاتبنێته‌وه، به‌تایبه‌ت گه‌ڕه‌كه‌كانی مه‌یدان، شه‌هوان و قه‌لیعات كه خاپور بون و له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران پێشنیار خراوه‌ته‌ڕوو ئه‌و سنوره بكرێته شارێكی نوێ وه‌ك داون تاون" پارێزگاری نه‌ینه‌وا وای به خه‌ڵك وت.
هه‌روه‌ها داوایكرد ره‌زامه‌ندی بده‌ن له‌سه‌ر فرۆشتنی موڵكه‌كانیان به لایه‌نی وه‌به‌رهێنه‌ر له‌به‌رانبه‌ر پاره‌ی زۆردا تا بتوانن له ناوچه‌كانی تر بۆ نمونه له به‌ری چه‌پی موسڵ خانوو بكڕن.
ئه‌و سێ ناوچه‌یه له شاری كۆنی موسڵ، مێژویه‌كی كۆن و گرنگیان هه‌یه له یعراق، ده‌كه‌ونه سه‌ر روباری دیجله.
داواكه‌ی پارێزگار، ناڕه‌زایی خه‌ڵكی موسڵی لێكهوتهوه و كاردانه‌وه‌كان وه‌ك هه‌ڵمه‌تێك گه‌یشته تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، له‌ژێر ناوی "نه‌خێر بۆ سڕینه‌وه‌ی مێژوی موسڵ"، دژایه‌تی ئه‌و هه‌وڵه راگه‌یه‌ندرا.
عه‌بدولـله‌تیف نه‌جار، هاوڵاتییه‌كی ته‌مه‌ن 60 ساڵه، له نزیك داروپه‌ردوی خانوه روخاوهكهیدا راوه‌ستابوو له ناوچه‌ی مه‌یدان، وێڕای ره‌تكردنه‌وه‌ی داواكاری تێكدانی ناوچه‌كه‌یان به (كه‌ركوك ناو)ی وت "دوو ساڵ به‌سه‌ر كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی شاری موسڵدا تێپه‌ڕیووه و تائێستا پرۆسه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه ده‌ستیپێنه‌كردووه".
"حكومه‌ته‌كانی ناوخۆیی نه‌ینه‌وا و ناوه‌ندیش جددی نین له ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه‌ی كۆن و چاككردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی جه‌نگ وێرانی كرد، پرۆژه خزمه‌تگوزارییه‌كان نه‌ماوه، داروپه‌ردوی وێرانكاری له هه‌موو شوێنێكه و سیمای رێگه‌وبانه‌كان و كۆڵانه‌كان ون بووه".
دادوبێدادییهكانی تری نه‌جار له ده‌ست ته‌رمی به‌جێماو بوو، كه هێشتا سه‌دانیان له‌ژێر خانوه روخاوهكاندایه، "لایه‌نی حكومه‌تی هه‌وڵی ده‌رهێنانه‌وه‌ی ته‌رمه‌كان ناده‌ن، ئه‌وه به‌ڵگه‌ی یه‌كلاییكه‌ره‌وه‌یه بۆ قه‌باره‌ی ئه‌و تاوانه‌ی خه‌ڵكی ئه‌م ناوچه‌یه روبه‌ڕوی ده‌بنه‌وه".
ئیداره‌ی نه‌ینه‌وا، دوای هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی زیاتر له پێنج هه‌زار ته‌رمی شه‌ڕی داعش له مه‌ده‌نی و چه‌كدارانی ئه‌و رێكخراوه پرۆسه‌كه‌ی راگرت، له ئێستادا ته‌نیا دوای ئاگاداركردنه‌وه له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه تیمه‌كانیان ده‌رده‌چن.
شه‌ڕی چه‌ند ساڵه‌ی داعش، جگه له زیانی گیانی، شارێك له وێرانه‌ی دوای خۆی به‌جێهێشت، به تایبه‌ت له به‌ری راستی موسڵ، كه بناغه‌ی بنیاتنان و ئاوه‌دانی شاره‌كه له‌وێوه ده‌ستیپێكردووه.
مه‌نسور مه‌رعید، پارێزگاری نه‌ینه‌وا دوای ئه‌و ناڕه‌زاییانه‌ی به‌هۆی لێدوانه‌كه‌یه‌وه له‌باره‌ی شاری كۆنه‌وه سه‌ریهه‌ڵدا، بۆ (كه‌ركوك ناو) وتی "ئه‌وه‌ی له‌باره‌ی داواكارییه‌كه‌مه‌وه بڵاوبۆته‌وه راست نیه گوایه خاوه‌ن خانوه روخاوه‌كان ناچارده‌كرێن موڵكه‌كانیان بفرۆشن".
مه‌رعید كه له ناوه‌ڕاستی ئایاری ئه‌مساڵه‌وه ئه‌و پۆسته‌ی وه‌رگرته‌وه، له‌باره‌ی داواكارییه‌كه‌یه‌وه زیاتر رونیكرده‌وه "ئه‌وه‌ی له كۆنگره نێودهوڵیهتیهكاندا تاوتوێی ده‌كرێت ئه‌وه‌یه پلانی ئاوه‌دانكردنه‌وه چی بێت بۆ شاری كۆن له‌سه‌ر روباری دیجله، پێشنیاری زۆر هه‌یه بۆ دروستكردنی پرۆژه له‌سه‌ر روباره‌كه، ئه‌وه‌ش له‌لایه‌ن لیژنه‌ی تایبه‌تمه‌نده‌وه دیراسه ده‌كرێت تا باشترینیان و گونجاوترین بۆ خه‌ڵك و موسڵ و نه‌ینه‌وا به‌گشتی هه‌ڵبژێردرێت".
كه‌ناری روباری دیجله له شاری كۆنه‌وه تا پردی كۆن، به ئاراسته‌ی پردی پێنجه‌م به ته‌واوی خاپور بووه، به‌وته‌ی پارێزگار، بۆچونی ئه‌ندازیار و شاره‌زایانی بنیاتنانه‌وه ئه‌وه‌بوو له‌و كهنارهدا پرۆژه‌ی به‌شێوه‌ی ستونی دروستبكرێت، له كۆمه‌ڵگه‌ی نیشته‌جێ بون و خزمه‌تگوزاری و پرۆژه‌كانی كات به‌سه‌ربردن.
مه‌نسور مه‌رعید وتی "به‌وشێوه‌یه سودی زۆری ده‌بێت بۆ خه‌ڵكی ناوچه‌كه و خاوه‌ن زه‌ویی و موڵكه‌كانیش قه‌ره‌بوی باش ده‌كرێنه‌وه".
ئه‌وه‌ش له كاتێكدایه، له دوو ساڵی رابردودا به‌شێك له هاوڵاتیان هه‌وڵیانداوه به هاوكاری رێكخراوه مرۆییه‌كان خانوه‌كانیان نۆژه‌نبكه‌نه‌وه و ژیانی ئاسایی له شاری كۆنی موسڵ ده‌ستپێبكه‌نه‌وه.
به‌پێی ئاماره‌كانی به‌رنامه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ په‌ره‌پێدان، ده‌ستكراوه به پرۆژه‌ی بنیاتنانه‌وه و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی 30 هه‌زار خانووی داڕوخاو له رۆژئاوای شاری موسڵ، ئه‌وه‌ش له چوارچێوه‌ی پرۆژه‌كانی دامه‌زراوه‌ی كۆمه‌كیكردن بۆ سه‌قامگیری.
وه‌لید خالید، خه‌ڵكی ناوچه‌ی قهلیعاته له موسڵی كۆن و ده‌ڵێت له‌گه‌ڵ هاوڵاتیانی ئه‌و سنوره‌دا، رۆژانه بیران لای ئه‌وه‌یه چی به‌سه‌ر گه‌ڕه‌كه‌كانیاندا دێت، ئه‌وه‌ی ده‌یبیستن له‌باره‌ی پرۆژه‌كانی ئاوه‌دانكردنه‌وه ته‌نیا قسه‌یه و له كرداردا هێشتا هیچیان نه‌بینیووه.
به‌وته‌ی ئه‌و هاوڵاتییه بۆ (كه‌ركوك ناو)، له حكومه‌تی ناوخۆیی نه‌ینه‌وا، رای پێچه‌وانه‌وه و دژیه‌ك هه‌یه له‌سه‌ر چاره‌نوسی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی موسڵی كۆن، بۆیه هانا براوه بۆ حكومه‌تی ناوه‌ندی له به‌غدا تا دۆسیه هه‌ڵپه‌سێراوه‌كانی ئه‌و شاره‌كه یه‌كلاییبكاته‌وه.
ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا، ناوه‌ڕاستی تهمموز، بودجه‌ی 2019ی پارێزگاكه‌ی په‌سه‌ند كرد كه ده‌گاته زیاتر له 500 ملیار دینار، ئه‌وه‌ش به‌پێی وێرانكاری ناوچه‌كان و ئه‌وله‌ویه‌تی پرۆژه‌كان دابه‌شكراوه.
به‌پێی به‌دواداچونه‌كانی شاره‌وانی، رێژه‌ی وێرانكاری له شاری كۆن ده‌گاته سه‌دا 90، به‌شێكی زۆریش له‌و روبه‌ره‌ی خاپور بووه، به ئه‌سته‌می ده‌زانن وه‌ك پێشتر و باری سروشتییه‌كه‌ی خۆی لێبكرێته‌وه.
سه‌رچاوه‌یه‌ك له شاره‌وانی موسڵ كه لێپرسراوێتی هه‌یه و داوایكرد ناوی نه‌هێنرێت به (كه‌كوك ناو)ی وت كه هیچ شتێك له ده‌ستی ئه‌واندا نیه بیكه‌ن و توانای خزمه‌تگوزارییان زۆر لاوازه به‌راورد به قه‌باره‌ی ئه‌و وێرانكاریی و زیانه‌ی هه‌یه.
شاری موسڵ، له ناوه‌ڕاستی 2014دا كه‌وته ده‌ستی داعش و له ته‌مموزی 2017دا هێزه عیراقییه‌كان كۆنتڕۆڵیانكردهوه.
پارێزگاری نه‌ینه‌وا به (كه‌ركوك ناو)ی وت "هه‌وڵه‌كانمان به‌رده‌وامی هه‌یه له‌گه‌ڵ لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانی حكومه‌تی ناوه‌ندی و رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان بۆ هاوكاری خه‌ڵك و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان، تا هه‌موان بتوانن ژیانی ئاسایی ده‌ستپێبكه‌نه‌وه".
شه‌ڕ و ئاڵۆزییه‌كانی موسڵ، هه‌زاران خێزانی ئه‌و شاره‌ی ئاواره كرد، به‌هۆی نه‌بونی خزمه‌تگوزاریی و وێرانكاریی و نه‌بونی سه‌قامگیری ته‌واوه‌تی ئه‌منیه‌وه، هێشتا به‌شێكی زۆر له دانیشتوانی به‌ری راست نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه و له كه‌مپه‌كاندا ده‌ژین.