فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه هاوبه‌شه‌كانی عیراق، ئۆپه‌راسیۆنێكی به‌رفراوانی له خانه‌قین و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی تری دیاله ده‌ستپێكرد، به ئامانجی نه‌هێشتنی مه‌ترسییه ئه‌منییه‌كان، ئه‌وه‌ش به‌بێ به‌شداری هێزه‌كانی پێشمه‌رگه.
كاتژمێر 6ی به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه 5ی ئاب به چاودێری عادل عه‌بدولمه‌هدی، فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كان و سه‌رپه‌رشتی فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه هاوبه‌شه‌كان، قۆناغی سێیه‌می ئیراده‌ی نه‌سر له دیاله ده‌ستیپێكرد.
فه‌ریق روكن عه‌بدولئه‌میر ره‌شید یاره‌ڵا، جێگری فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه هاوبه‌شه‌كان له راگه‌یه‌ندراوێكدا رونیكرده‌وه ئامانجی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه، پاككردنه‌وه‌ی ناوچه‌كانی خانه‌قین، ناحیه‌ی جه‌له‌ولا و باكوری قه‌زای میقدادیه‌یه.
له پێشه‌نگی كاره‌كانی ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌شدا، وه‌ك یاره‌ڵا باسیكردووه، عه‌تشانه و زنجیره چیاكانی بادوش، شێخ ئیبراهیم و ناوچه‌كانی تره، به پاڵپشتی هێزی ئاسمانی عیراق و فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی.
ناحیه‌ی جه‌له‌ولا و قه‌زای خانه‌قین، له هه‌فته‌كانی رابردودا روبه‌ڕوی چه‌ندین روداوی ئه‌منی بونه‌وه له هێرشی چه‌كداریی و ته‌قینه‌وه، كه به‌هۆیه‌وه ده‌یان هاوڵاتی كوژران و برینداربون.
ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه له سنوری قه‌زای خانه‌قین زیاتر له شه‌ش هێز هه‌یه له نێویاندا پێشمه‌رگه، پۆلیسی فیدراڵی، حه‌شدی شه‌عبی، ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان و پۆلیسی ناوخۆیی سه‌ر به وه‌زاره‌تی ناوخۆی عیراق.
عەمید عیرفان حەمەخان، جێگری فەرماندەی لیوای 3ی پێشمه‌رگه له سنوری قه‌زای خانه‌قین به (كه‌ركوك ناو)ی وت "وەک ھێزەکانی پێشمەرگە ئاگاداری ئۆپراسیۆنەکەین، بەڵام بەشداریمان تێدا نەکردووە و ھیچ ھەماھەنگییهك لەگەڵ ئێمە نەکراوە، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ھێزەکانمان خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییه‌وه".
"له‌به‌ر ئه‌وه خراونه‌ته ئاماده‌باشییه‌وه چونكه هێزه‌كانی عیراق لە ناوچەکەدا جوڵەیان بەھێزەکانیان کردووە لە ھێڵی تەماس لەگەڵ پێشمەرگە و ئەگەری ئەیە لە کاتی ھەڵاتنی تیرۆرستانی داعش دزە بکەنە سنوری ھێزەکانی پێشمەرگە" به‌وته‌ی عه‌مید عیرفان.
فه‌رمانده و نوێنه‌رانی هێزه جیاوازه‌كانی دیاله، به ئاماده‌بونی نوێنه‌رانی پێشمه‌رگه، حوزه‌یرانی ئه‌مساڵ بڕیاریاندا به پێكهێنانی ژوری هه‌ماهه‌نگی ئه‌منی له سنوره‌كه‌دا، به ئامانجی پاراستنی ئاسایش و گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌قامگیری.
لیوا فه‌یسه‌ڵ كازم عه‌بادی، فه‌رمانده‌ی پۆلیسی پارێزگای دیاله ده‌ڵێت ئۆپه‌راسیۆنه‌كه له دوو قۆڵه‌وه ده‌ستیپێكردووه به‌ره‌و قه‌زای خانه‌قین له رۆژهه‌ڵاتی پارێزگاكه، دواتر ناوچه‌كانی باكوری میقدادیه‌ش ده‌گرێته‌وه.
به‌پێی بەدواداچونهكانی په‌یامنێری (كه‌ركوك ناو)، ئۆپه‌راسیۆنه‌كه له ناوچه‌كانی باكوری خۆرئاوای خانه‌قین به‌ره‌و باكوری جه‌له‌ولا له ناوچه‌ی شێخ باوه و سه‌رچه‌می سیروان درێژده‌بێته‌وه.
ناحیەی جەلەولا لەپارێزگای دیالە، له ناوه‌ڕاستی 2014دا كه‌وته ده‌ستی داعش و لەكۆتایی هەمان ساڵدا هێزەكانی پێشمەرگە كۆنترۆڵیان كردەوەو هەر ئەوانیش دۆسییەی ئەمنی ناحییەكەیان گرتەئەستۆ، تا له 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017دا ئه‌منیه‌تی له‌لایه‌ن هێزه‌كانی سه‌ر به حكومه‌تی فیدراڵییه‌وه وه‌رگیرایه‌وه.
ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی ئیراده‌ی نه‌سر، پێشتر دوو قۆناغی له چه‌ند ناوچه‌یه‌ك و به تایبه‌ت نه‌ینه‌وا ئه‌نجامدرا، له ئێستاشدا هه‌وڵده‌درێت له‌ورێیه‌وه مه‌ترسییه‌كانی دیاله له نێویاندا خانه‌قین بنه‌بڕبكرێت.
له دوای 2003وه دۆسیه‌ی ئه‌منی خانه‌قین به‌ده‌ست پۆلیس و هێزه سه‌ربازییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه بوو تا گه‌ڕانه‌وه‌ی سوپا و هێزه‌كانی تری سه‌ر به حكومه‌تی ناوه‌ندی عیراق له 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017دا.