ژماره‌یه‌ك له كه‌سایه‌تی و سه‌رۆك هۆزه‌كانی داقوق، داوای چاره‌سه‌ری كێشه ئه‌منییه‌كان و ره‌وانه‌كردنی هێزی زیاتر ده‌كه‌ن بۆ سنوره‌كه، ئه‌وه‌ش له سه‌ردانێكدا بۆ لای لێپرسراوانی باڵای عیراق.
شانده‌كه‌ی داقوق، چه‌ند رۆژێكه چونه‌ته به‌غدا و چاویان كه‌وتووه به به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆمار و یاسین یاسری، وه‌زیری ناوخۆ و به‌شێك له فه‌رمانده‌ی هێزه عیراقییه‌كان، بۆ تاوتوێی بارودۆخی ئه‌منی قه‌زاكه.
نه‌جات شێخ موكه‌ره‌م تاڵه‌بانی، كه‌سایه‌تی داقوق و ئه‌ندامی شانده‌كه به (كه‌ركوك ناو)ی وت "سەرۆك كۆمار پشتیوانی بۆ داواكارییەكانمان دەربڕی كه په‌یوه‌سته به خراپی رەوشی ئەمنی ناوچەكە بەگشتی و بەتایبەتی روداوه‌كانی بۆردومانی گونده‌كانمان كه ئه‌وانه‌ش زەنگیكی مەترسیدارن".
"سه‌رۆك كۆمار باسی له‌وه‌كرد له‌گه‌ڵ لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌سه‌ر خه‌ت ده‌بێت بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی داقوق" به‌وته‌ی نه‌جات تاڵه‌بانی.
روداوه‌كانی داقوق، زیاتر له هه‌فته‌یه‌كه به‌رده‌وامی هه‌یه و له هه‌ڵكشاندایه به‌پێی ئاماری هێزه ئه‌منییه‌كان، له نێویاندا هێرشی چه‌كداریی و ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبی چێنراو، دوایین روداویش بۆردومانی گوندی تۆپزاوه‌ی كاكه‌یی نشین بوو.
كاكهییەکان كه زۆرینه‌یان له گونده‌كانی داقوق (44كم باشوری كه‌ركوك نیشته‌جێن)، له چه‌ند مانگی رابردوودا روبه‌ڕوی هێرشی چه‌كداری، كوشتن و رفاندن بونه‌وه.
دیلان غه‌فور، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عیراق له پشكی كه‌ركوك و ئاماده‌ی كۆبونه‌وه‌ی سه‌رۆك كۆمار له‌گه‌ڵ شانده‌كه‌ی داقوق ده‌ڵێت باسی بارودۆخی ئه‌منی و مه‌ترسی جموجۆڵه‌كانی داعش كراوه له‌گه‌ڵ كێشه ئیدارییه‌كانی تردا، به (كه‌ركوك ناو)ی وت "لە یاداشتێكدا بە چەند خاڵێك كێشەكان و چۆنیەتی چارەسەركردنیان ئاراستەی سەرۆك كۆمار كراوه".
پێشتریش سەرۆك هۆز و عەشیرەتەكانی قەزای داقوق، له پەیامێكدا بۆ سەرۆك كۆمار و حكومەتی ناوەندی، هۆشدارییان دا له چۆڵكردنی ناوچه‌كانیان ئه‌گه‌ر گره‌نتی پاراستنی ژیانیان نه‌درێت.
عه‌زیز محه‌مه‌د كاكه‌یی، ئه‌ندامی شانده‌كه‌ی داقوق بۆ (كه‌ركوك ناو) ئاماژه‌ی به سه‌ردانی وه‌زیری ناوخۆ دا به ئامانجی زیادكردنی هێزه ئه‌منییه‌كان و وه‌ك ئه‌و وتی "وه‌زیری ناوخۆ له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌ی پۆلیسی فیدراڵی قسه‌ی كرد تا هێزی زیاتر ره‌وانه بكه‌ن".
به‌پێی به‌یاننامه‌یه‌كی سه‌رۆك كۆمار، له كۆبونه‌وه‌ی نێوان به‌رهه‌م ساڵح و شانده‌كه‌ی داقوق كه 5ی ئاب له به‌غدا به‌رێوه‌چوو، جه‌خت له پەیوەندی نێوان چین و توێژی کۆمەڵایەتییەکان كراوه بۆ بەرجەستەکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە شارەکەدا.
قەزای داقوق، بۆ چه‌ند ساڵێك زۆربه‌ی سنوره‌كه‌ی سه‌نگه‌ری شه‌ڕ بوو دژ به داعش و دوای كشانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه له 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017دا، دۆسیه‌ی ئه‌منی كه‌وته ده‌ستی هێزه‌كانی سه‌ر به حكومه‌تی ناوه‌ندی.