ئیداره‌ی خۆجێیی نه‌ینه‌وا، له‌رێی سندوقی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه زیانلێكهوتووهكانهوه پلانی هه‌یه بۆ زیادكردنی پاڵپشتییه‌كان و بودجه‌ی بنیاتنانه‌وه‌ی پارێزگاكه له ساڵی داهاتودا، به ئامانجی گه‌ڕانه‌وه‌ی پرۆژه‌كان و خزمه‌تگوزاریی.
نه‌ینه‌وا و شاری موسڵ به تایبه‌تی، له هێرش و شه‌ڕی چه‌ند ساڵه‌ی داعش زیانی زۆریان به‌ركه‌وت، زۆربه‌ی كه‌رته گشتییه‌كان به ته‌واوی وێران بون و له دوای كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی سنوره‌كه‌وه، پرۆسه‌ی ئاوه‌دانی و نۆژه‌نكردنه‌وه ده‌ستیپێكردووه و به‌رده‌وامی هه‌یه.
مه‌نسور مه‌رعید، پارێزگاری نه‌ینه‌وا به (كه‌ركوك ناو)ی وت "سندوقی ئاوه‌دانكردنه‌وه پلانی هه‌یه بۆ زیادكردنی پاڵپشتی نه‌ینه‌وا له بودجه‌ی 2020دا، بۆ ئه‌وه‌ش حكومه‌تی ناوخۆیی هه‌وڵده‌دات كارئاسانی پێشكه‌شبكات تا سندوقه‌كه هیچ به‌ربه‌ستێكی بۆ دروستنه‌بێت، له پێناو به‌زویی جێبه‌جێكردنی پرۆژه پێویسته‌كاندا".
ئیداره‌ی نه‌ینه‌وا بۆ به‌ده‌ستهێنانی پاڵپشتی زیاتر، گفتوگۆكانی له‌گه‌ڵ سندوقی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌دا به‌رده‌وامی هه‌یه، به‌وته‌ی مه‌رعید، چه‌ندین كۆبونه‌وه ئه‌نجامدراوه بۆ تاوتوێی ئه‌و پرۆژانه‌ی له بودجه‌ی 2019-2020 ئه‌نجامده‌درێن، له‌گه‌ڵ به‌دواداچون بۆ به‌ربه‌سته‌كانی به‌رده‌م كاری به‌شێك له پرۆژه‌كان".
سندوقی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه زیانلێكه‌وتووه‌كان، به‌پێی یاسای بودجه‌ی 2015ی عیراق دامه‌زرا به‌مه‌به‌ستی هه‌ماهه‌نگی له نێوان رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و وه‌زاره‌ته‌كانی حكومه‌تدا.
به‌پێی خه‌مڵاندنی ئه‌و سندوقه، كه له كۆنگره‌ی دوه‌می هه‌ولێر بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه‌كانی زیانلێكه‌وتوی ده‌ستی تیرۆر ئاشكرایكرد، زیانه‌كانی شه‌ڕی داعش ده‌گاته 35 ملیار دۆلار.
مسته‌فا هیتی، سه‌رۆكی سندوقی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه زیانلێكه‌وتووه‌كان به (كه‌ركوك ناو)ی وت؛ هه‌ردوو كه‌رتی ژێرخان و به‌رهه‌مهێنان زۆرترین زیانیان به‌ركه‌وتووه له نه‌ینه‌وا، بۆیه هه‌وڵه‌كانیان به‌و ئاراسته‌دایه چاره‌سه‌ری ئه‌و دوو كه‌رته بكرێن، چونكه رۆڵیان ده‌بێت له سه‌قامگیری.
"ئه‌و ناوچانه‌ی زیانی زۆریان به‌ركه‌وتووه به‌هۆی شه‌ڕی ئازادكردنه‌وه ده‌كه‌ونه به‌ری راستی موسڵ كه شاری كۆنه، زیانلێكه‌وتووه‌كان هه‌ژارن و توانای داراییان كه‌مه و خانوهكانیشیان به ته‌واوی وێران بووه،.. ئه‌گه‌ر ئه‌و خه‌ڵكه نه‌گه‌ڕێندرێنه‌وه و ناوچه‌كانیان ئاوه‌دان نه‌كرێنه‌وه، ئه‌وا كێشهكهیهكی گه‌وره بۆ داهاتوی موسڵ و نه‌ینه‌وا و عیراق به گشتی دروستده‌بێت".
سه‌رۆكی سندوقی ئاوه‌دانكردنه‌وه ده‌ڵێت به‌رپرسیارێتیه‌كی گه‌وره له‌سه‌ر ده‌وڵه‌تی عیراق و دواتر كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تییه، كه نابێت ته‌نیا بۆ كۆتاییهاتنی داعش هاوكاریمان بكه‌ن، .. راسته به‌شداری شه‌ڕ بوین و براوه بوین، به‌ڵام دوباره ئاوه‌دانكردنه‌وه شه‌ڕێكی درێژخایه‌نه" مسته‌فا واده‌ڵێت.
بودجه‌ی 2019ی په‌ره‌پێدان بۆ نه‌ینه‌وا، ده‌گاته زیاتر له 500 ملیار دینار، كه ئه‌وه‌ش مانگی رابردوو له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی پارێزگاوه په‌سه‌ندكرا و بڕیاره به‌سه‌ر یه‌كه ئیدارییهكاندا دابه‌شبكرێن.
شاری موسڵ و پارێزگای نه‌ینه‌وا له حوزه‌یرانی 2014دا كه‌وتنه ده‌ستی داعش، دوای چه‌ند ساڵێك و له ئابی 2017دا، ته‌واوی سنوره‌كه كۆنتڕۆڵكرایه‌وه.