هه‌شت چه‌كدار له دیاله كوژران و 18 داواكراویش ده‌ستگیركران، له چوارچێوه‌ی ئۆپه‌راسیۆنی هێزه عیراقییه‌كاندا كه زۆرینه‌ی ناوچه‌كانی خانه‌قین و جه‌له‌ولای گرته‌وه، ئه‌وه‌ش دوای هه‌ڵكشانی روداوه جیاوازه‌كانی ئه‌و سنوره له نێویاندا هێرشی چه‌كداری و ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبی چێنراو.
قۆناغی سێیه‌می ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی ئیراده‌ی نه‌سر، به‌ره‌به‌بانی 5ی ئاب له چه‌ند قۆڵێكه‌وه ده‌ستیپێكرد و به‌شێكی سه‌ره‌كی ده‌كه‌وته سنوری قه‌زای خانه‌قین به تایبه‌ت له ناحیه‌ی جه‌له‌ولا، به ئامانجی نه‌هێشتنی مه‌ترسییه ئه‌منییه‌كان.
فه‌ریق روكن عه‌بدولئه‌میر ره‌شید یاره‌ڵا، جێگری فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه هاوبه‌شه‌كان له عیراق ئه‌مڕۆ هه‌ینی 9ی ئاب راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه و ئاشكرایكردووه، له ماوه‌ی ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌دا هێزه‌كانیان توانیویانه 18 داواكراو ده‌ستگیربكه‌ن له‌گه‌ڵ كوشتنی چوار چه‌كدار.
له ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌دا روبه‌ری زیاتر له 17 هه‌زار كیلۆمه‌تر چوارگۆشه له مه‌ترسی پاككراوه‌ته‌وه، كه زیاتر له 25 گوندی تێدابووه، له‌و هه‌ڵمه‌ته‌شدا ده‌ستیانگرتووه به‌سه‌ر 42 بۆمبی چێنراو، ژماره‌یه‌ك گولـله‌ی هاوه‌ن، پێنج لیكانهی 20 لیتری تی ئێن تی، له‌گه‌ڵ چه‌ندین پارچه چه‌كی تر و له‌ناوبردنی 12 تونێل و 24 حه‌شارگه‌ی داعش.
یاره‌ڵا باسی له‌وه‌شكردوه له ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌دا هێزه ئاسمانییه‌كانی عیراق به 38 بۆردومان به‌شداربون.
ناحیه‌ی جه‌له‌ولا و قه‌زای خانه‌قین، له هه‌فته‌كانی رابردودا روبه‌ڕوی چه‌ندین روداوی ئه‌منی بونه‌وه له هێرشی چه‌كداریی و ته‌قینه‌وه، كه به‌هۆیه‌وه ده‌یان هاوڵاتی كوژران و برینداربون.
له دوایین روداودا 8ی ئاب، دوو هاوڵاتی گیانیان له‌ده‌ستدا به‌هۆی بۆردومانی گوندی ئه‌بو نزار له سنوری سه‌عدییه له دیاله.
سه‌رباری كۆتایی ئۆپه‌راسیۆنی به‌رفراوانی هێزه عیراقییه‌كان، به‌ڵام هه‌ڵمه‌تی ئه‌منی به‌رده‌وامی هه‌یه و به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی هه‌واڵگری سه‌ربازی كه ئه‌مڕۆ 9ی ئاب بڵاویكرده‌وه، چوار داعشی ئینغماسی كوژراون.
ئۆپه‌راسیۆنی ئیراده‌ی نه‌سر له خانه‌قین و جه‌له‌ولا و میقدادییه‌ی دیاله، چه‌ندین هێزی جیاوازی عیراقی تێیدا به‌شداربون، به‌بێ پێشمه‌رگه.
عەمید عیرفان حەمەخان، جێگری فەرماندەی لیوای 3ی پێشمه‌رگه له سنوری قه‌زای خانه‌قین پێشتر به (كه‌ركوك ناو)ی وت "بەشداریمان تێدا نەکردووە و ھیچ ھەماھەنگییهك لەگەڵ ئێمە نەکراوە، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ھێزەکانمان خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییه‌وه".
ناحیەی جەلەولا لەپارێزگای دیالە، له ناوه‌ڕاستی 2014دا كه‌وته ده‌ستی داعش و لەكۆتایی هەمان ساڵدا هێزەكانی پێشمەرگە كۆنترۆڵیان كردەوەو هەر ئەوانیش دۆسییەی ئەمنی ناحییەكەیان گرتەئەستۆ، تا له 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017دا ئه‌منیه‌تی له‌لایه‌ن هێزه‌كانی سه‌ر به حكومه‌تی فیدراڵییه‌وه وه‌رگیرایه‌وه.
ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی ئیراده‌ی نه‌سر، پێشتر دوو قۆناغی له چه‌ند ناوچه‌یه‌ك و به تایبه‌ت نه‌ینه‌وا ئه‌نجامدرا، له ئێستاشدا هه‌وڵده‌درێت له‌ورێیه‌وه مه‌ترسییه‌كانی دیاله له نێویاندا خانه‌قین بنه‌بڕبكرێت.
له دوای 2003وه دۆسیه‌ی ئه‌منی خانه‌قین به‌ده‌ست پۆلیس و هێزه سه‌ربازییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه بوو تا گه‌ڕانه‌وه‌ی سوپا و هێزه‌كانی تری سه‌ر به حكومه‌تی ناوه‌ندی عیراق له 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017دا.