هێزێكی هەواڵگری سەر بە پۆلیسی فیدراڵی چوار رۆژە دوو جوتیاری كاكەییان لە گوندی تۆپزاوای باشوری داقوق دەستگیركردووە و تائێستا ئازادیان نەكردون. ئەو دەستگیركردنە دوای هەوڵی كەسایەتییەكانی ناوچەكە دێت بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی ئەمنی گوندەكانی داقوق، بۆ ئەو مەبەستەش سەردانی بەغدایان كرد و لەگەڵ سەرۆك كۆمار و وەزیری ناوخۆ كۆبونەوە.
ئەو دوو جوتیارە، حوسەین عەتییە کەسایەتی كاكەیی و غەریب کوێخا سەلیم، شەممە 10ی ئاب، لە گوندەكەی خۆیان لەلایەن هێزێكی هەواڵگری لیوای 18ی فرقەی پێنجی پۆلیسی فیدراڵییەوە دەستگیركران، دوای ئەوەی هێزەكە گەمارۆی گوندەكەیاندا.
یەكێك لە كەسوكاری ئەو دوو جوتیارە، لەبەر كاردانەوەی هێزە ئەمنییەكان نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، بە (كەركوك ناو)ی وت "سەرەتا گەمارۆی گوندەكەیاندا و دواتر ئەو دوو كەسەیان لەگەڵ خۆیان برد و هیچ هۆكارێك نازانین بۆ دەستگیركردنیان".
سەرەتا گەمارۆی گوندەكەیاندا و دواتر ئەو دوو كەسەیان لەگەڵ خۆیان برد
وتیشی "تائێستا ئازادنەكراون، تەنانەت چارەنوسیاشیان نادیارە، چەند رۆژێكە لەڕێی كەسایەتییەكانی ناوچەكە و سەرۆك هۆز و عەشیرەتەكانەوە هەواڵیان دەپرسین، بەڵام پۆلیسی فیدراڵی هیچ رونكردنەوەیەكی پێنەداوین".
حوسەین عەتیە یەكێك لە دەستگیركراوەكان كە هاوكات كەسایەتییەكی ناوچەكەیە و دانیشتوی گوندى تۆپزاوا – گەورەترین گوندی كاكەیی-ە، سەرەتای ئەم مانگە چەند گولـلە هاوەنێك لەنزیك ماڵەكەی كەوتنەوە.
(كەركوك ناو) هێشتا لە هەوڵدایە بۆ وەرگرتنی بۆچونی پۆلیسی فیدراڵی لە ناوچەكە، بەڵام ئامادەنین هیچ زانیارییەك لەوباریەوە بڵاوبكەنەوە.
هاوكات پۆلیسی قەزای داقوق رەتیدەكاتەوە لەسەر ئەو پرسە لێدوان بدەن، بە پاساوی ئەوەی دۆسییەكە لای ئەوان نییە.
رەجب عاسى، چالاکوانى کاكەیی بە (كەركوك ناو)ی وت "هێزە ئەمنییەکانی ناوچەکە نەک نامانپارێزن، تەنانەت بە تۆمەتی جۆراوجۆر دەستگیرمان دەكەن"، وەك ئاماژەیەك بۆ ئەو دوو جوتیارەی لای پۆلیسی فیدراڵی دەستگیركراون، بەڵام وتی هیچ زانیارییەكی لانییە لەبارەی هۆكاری دەستگیركردنیان.
هێزە ئەمنییەکانی ناوچەکە نەک نامانپارێزن، تەنانەت بە تۆمەتی جۆراوجۆر دەستگیرمان دەكەن
لە دوو هەفتەی رابردودا 13 كەس لە گوندەكانی داقوق كوژران و 11ی تر برینداربون، ئەوەش بەهۆی زنجیرەیەك هێرشی چەكداریی، تەقینەوەی بۆمب و بۆردومانكردنی چڕی چەند گوندێكی ناوچەكە.
ئەو گوندانە كە مەترسییان لەسەرە، زۆرینەی دانیشتوانەكەی لە پێكهاتەی كاكهیین سەر بە قەزای داقوق (44كم باشوری كهركوك)، هەفتەی رابردوو چەند خێزانێك بڕیاری كۆچكردنیاندا، ئەوەش دوای بێئومێدبونیان هات لە چارەسەری كێشەكانیان و پاراستنی ژیانیان.
"سەرەڕای كوشتن، رفاندن و بۆردومانكردنمان، ئێستا دەستگیرماندەكەن، لەبری ئەوەی بمانپارێزن"، جوتیارێكی گوندی تۆپزاوا كە شایەتحاڵی دەستگیركردنی دوو جوتیاری گوندەكەی بوو وای بە (كەركوك ناو) وت.
رۆژی دوای دەستگیركردنی ئەو دوو جوتیارە، شەڕێكی قورس لە نێوان هێزێكی پۆلیسی فیدراڵی و ژمارەیەك چەكدار لە هەمان ناوچە دروستبوو، بەهۆیەوە دوو پۆلیسی فیدراڵی كوژران و دوانی تریش برینداربون. هێزە ئەمنییەكان دەڵێن "ئەوانە چەكداری داعش بوون".
هەفتەی رابردوو ژمارەیەك له كهسایهتی و سهرۆك هۆزهكانی داقوق، بۆ چارهسهری كێشه ئهمنییهكانی ناوچەكەیان سەردانی بەغدایان كرد و بۆ ئەو مەبەستە چاویان كهوت به بهرههم ساڵح، سهرۆك كۆمار و یاسین یاسری، وهزیری ناوخۆ و بهشێك له فهرماندهی هێزه عیراقییهكان.
ئەوكات نهجات شێخ موكهرهم تاڵهبانی، كهسایهتی داقوق و ئهندامی شاندهكه به (كهركوك ناو)ی وت "سهرۆك كۆمار باسی لهوهكرد لهگهڵ لایهنه پهیوهندیدارهكان لهسهر خهت دهبێت بۆ چارهسهری كێشهكانی داقوق".
بەڵام بەرزان غازی، ئەندامى ئەنجومەنى قەزاى داقوق بە (کەرکوک ناو)ی وت "چەندین جار هەردوو حکومەتى عیراق و هەرێمی کوردستانمان ئاگادارکردۆتەوە، بەڵام بێسود بووە"، وەك ئاماژەیەك بۆ بێئومێدبونیان لە هەوڵە بەردەوامەكانیان بۆ پرسی داقوق و گوندەكانی دەوروبەری.