دایكی محه‌مه‌د، به سه‌رسوڕمانه‌وه له‌به‌رده‌م خانوه‌كه‌یدا راوه‌ستاوه و بێ هیوایه له بارودۆخی خزمه‌تگوزاری ناوچه‌ی موسڵی كۆن، چونكه دوای دوو ساڵ له كۆتایی شه‌ڕ هێشتا پاشماوه‌ی وێرانكاریی به‌ربه‌ستێكی گه‌وره‌یه.
"زۆر نه‌خۆشی وابڵاودهبێتهوه و مه‌ترسی بۆ دانیشتوانی ناوچه‌كه دروستكردووه، به تایبه‌ت منداڵان كه توشی چه‌ندین نه‌خۆشی جیاوازی پێست بون، ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان ده‌سته‌وه‌ستانن بۆ هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی داروپه‌ردوی روخاو و لابردنی پاشماوه‌كانی شه‌ڕ" دایكی محه‌مه‌د بۆ (كه‌ركوك ناو) وای وت.
ئه‌و ژنه ده‌ڵێت "من و ته‌واوی خه‌ڵكی ناوچه‌كه رێناده‌ین منداڵه‌كانمان بچنه ده‌ره‌وه له ترسی ئه‌وه‌ی توشی ژه‌هراویبون نه‌بن یان به‌هۆی پاشماوه‌ی شه‌ڕه‌وه توشی روداوێك نه‌بن".
ناوچه‌ی كۆن له موسڵ، چڕترین شه‌ڕی داعش و هێزه عیراقییه‌كانی تێدابوو، دوایین ناوچه‌ش بوو له شاره‌كه تا له‌ده‌ست ئه‌و رێكخراوه كۆنتڕۆڵبكرێتهوه، ئه‌وه‌ش به‌دوای خۆیدا ناوچه‌یه‌كی وێرانه‌ی به‌جێهێشت.
هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی ته‌رم
له دوو ساڵی دوای كۆتاییهاتنی داعش له موسڵ، زیاتر له چوار هه‌زار و 700 ته‌رم هه‌ڵگیراونه‌ته‌وه، له نێویاندا مه‌ده‌نی، كه قوربانی شه‌ڕی چه‌ندین مانگه‌ی ئه‌و شاره بون.
عه‌قید زه‌كه‌ریا ئه‌حمه‌د، یاریده‌ده‌ری به‌رێوه‌به‌ری به‌رگری شارستانی نه‌ینه‌وا به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ته‌رمی مه‌ده‌نییه‌كان كه له‌لایه‌ن تیمه‌كانمانه‌وه هه‌ڵگیراونه‌ته‌وه گه‌یشتۆته دوو هه‌زار و 700 ته‌رم، له‌گه‌ڵ هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی ته‌رمی دوو هه‌زار نه‌ناسراو".
پێشتر هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی ته‌رمه‌كان له‌لایه‌ن تیمێكی هاوبه‌شی حكومییه‌وه بوو، به‌ڵام چه‌ند مانگێكه كاری ئه‌و تیمه راگیراوه و له ئێستادا، ته‌نیا به ئاگاداركردنه‌وه له‌لایه‌ن خه‌ڵك و بینینی ته‌رمه‌وه تیمی به‌رگری شارستانی ده‌رده‌چێت.
لێپرسراوه‌كه‌ی به‌رگری شارستانی وتی "ئێمه له‌گه‌ڵ ئاگاداری هاوڵاتیان به خێرایی ده‌رده‌چین بۆ هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی ته‌رمی به‌جێماو".
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه داروپه‌ردوی خانوه روخاوه‌كان، به‌ربه‌ستی گه‌وره‌ی به‌رده‌م كاره‌كانی ئه‌وانه، وه‌ك ناوچه‌كانی مه‌یدان، شه‌هوان، قه‌لیعات له ناوه‌ڕاستی شاری كۆنی موسڵ كه به ته‌واوی وێران بون.
موسڵی كۆن، به‌هۆی كۆنی خانوه‌كان و ته‌سكی كۆڵانهكانیانهوه، شه‌ڕی سه‌ختی تێدا بوو، ئه‌وه‌ش وایكرد سه‌دان خێزان رێگه‌ی هه‌ڵاتنیان نه‌بێت و زیانی زۆری گیانی لێكهوتهوه.
ته‌رمی دوو هه‌زار و 700 مه‌ده‌نی له موسڵ هه‌ڵگیراونه‌ته‌وه
وێرانكاریی و ته‌رمی به‌جێماو
لیس هاشم دانیشتوی ناوچه‌ی كۆنه له موسڵ و به ناچاری گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ ماڵه‌كه‌ی، ئه‌وه‌ش دوای ماوه‌یه‌ك له ئاواره‌یی، بۆیه ره‌خنه‌ی له رۆڵی لێپرسراوانی ئیداره‌ی نه‌ینه‌وا هه‌بوو له پرۆسه‌ی لابردنی پاشماوه‌كانی شه‌ڕ.
"زۆر ته‌رم هێشتا له‌ژێر داروپه‌ردوی خانوه روخاوه‌كاندا ماونه‌ته‌وه و بونه‌ته هه‌ڕه‌شه‌ی مه‌رگ بۆ خه‌ڵك، به‌هۆی ئه‌و نه‌خۆشییه مه‌ترسیدارانه‌ی له‌رێی ئه‌و ته‌رمانه‌وه بڵاوده‌بنه‌وه" لیس واده‌ڵێت.
ئه‌و هاوڵاتییه به (كه‌ركوك ناو)ی وت "لایه‌نه حكومییه‌كان سه‌ردانی ناوچه‌ی كۆنیان نه‌كردووه تا هه‌ڵمه‌تێكی گه‌وره رابگه‌یه‌نن بۆ پاككردنه‌وه‌ی ناوچه‌كه له‌و وێرانكارییه‌ی به‌هۆی شه‌ڕه‌وه دروستبووه و هێشتا ماوه".
به‌پێی به‌دواداچونه‌كانی شاره‌وانی، رێژه‌ی وێرانكاری له شاری كۆن ده‌گاته سه‌دا 90، به‌شێكی زۆریش له‌و روبه‌ره‌ی خاپور بووه، به ئه‌سته‌می ده‌زانن وه‌ك پێشتر و باری سروشتییه‌كه‌ی خۆی لێبكرێته‌وه.
پێشتریش نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان ئاشكرایكرد زیاتر له 21 هه‌زار خانوو له شاری موسڵ زیانی به‌ركه‌وتووه یان به ته‌واوی وێران بون.
موسڵی كۆن له چاوه‌ڕوانی پاككردنهوهدایه
هه‌رچه‌ند پێشتر هه‌ڵمه‌تی پاككردنه‌وه‌ی شار له پاشماوه‌ی شه‌ڕ هه‌بووه، به‌ڵام ئه‌و پرۆسه‌یه به‌رده‌وامی نه‌بووه و هێشتا به تێپه‌ڕبون به ناوچه‌ی كۆندا، به ئاسانی وێرانكارییه‌كان ده‌بینرێن و له زۆر شوێنیش‌دا بونه‌ته به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م گه‌ڕانه‌وه‌ی خه‌ڵكدا.
زوهێر ئه‌عره‌جی، قایمقامی ناوه‌ندی موسڵ جه‌ختده‌كاته‌وه له‌وه‌ی به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه خزمه‌تگوزاریییه مه‌ده‌نی و ئه‌منییه‌كان هه‌ڵمه‌تیان هه‌یه بۆ پاككردنه‌وه‌ی شاره‌كه له داروپه‌ردوی خانوه روخاوه‌كان و پاشماوه‌ی شه‌ڕ.
ئه‌عره‌جی به (كه‌ركوك ناو)ی وت "پاشماوه‌ی شه‌ڕ به تایبه‌ت له‌به‌ری راستی موسڵ زۆره و كاركردنی به‌رده‌وامی ده‌وێت تا پاكبكرێنه‌وه، ئه‌وه‌ش رۆڵی گرنگی ده‌بێت له هاندانی كۆمپانیاكانی وه‌به‌رهێنان تا بێنه پێشه‌وه و پرۆژه‌ی ئاوه‌دانی پێشكه‌شبكه‌ن".
له مانگه‌كانی رابردودا، مه‌نسور مه‌رعید پارێزگاری نه‌ینه‌وا، داوای له چه‌ند گه‌ڕه‌كێكی شاری كۆن له به‌ری راستی موسڵ كرد، به تایبه‌ت له كه‌ناری روباری دیجله تا موڵكه‌كانیان به حكومه‌ت بفرۆشن، بۆ ئه‌وه‌ی شوێنه‌كانیان كه به ته‌واوی وێران بووه بكرێته پرۆژه‌ی وه‌به‌رهێنانی نیشته‌جێبون و گه‌شتیاری و بازرگانی، به‌ڵام ئه‌و داوایه لای به‌شێك له دانیشتوانی ئه‌و ناوچه‌یه ناڕه‌زایه‌تی لێكهوتهوه و له به‌رانبه‌ردا داوایانكرد هاوكاری بكرێن تا خانوه‌كانیان ئاوه‌دان بكه‌نه‌وه نه‌ك به‌جێیبهێڵن.
شه‌ڕ و ئاڵۆزییه‌كانی موسڵ، هه‌زاران خێزانی ئه‌و شاره‌ی ئاواره كرد، به‌هۆی نه‌بونی خزمه‌تگوزاریی و وێرانكاریی و نه‌بونی سه‌قامگیری ته‌واوه‌تی ئه‌منیه‌وه، هێشتا به‌شێكی زۆر له دانیشتوانی به‌ری راست نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه و له كه‌مپه‌كاندا ده‌ژین.
شاری موسڵ، له ته‌مموزی 2017دا له‌سه‌ر ده‌ستی هێزه عیراقییه‌كان كۆنتڕۆڵكرایه‌وه، دوای ئه‌وه‌ی له حوزه‌یرانی 2014دا داعش ده‌ستیبه‌سه‌رداگرت.