وتەبێژی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، رایدەگەیەنێت هیچ هەنگاوێكی نوێ لەئارادا نییە لەبارەی هەڵبژاردنی پارێزگارێكی كورد بۆ كەركوك، ئەوەش لەكاتێكدایە 40 رۆژ تێپەڕدەبێت بەسەر رێككەوتنەكەی نێوان یەكێتیی و پارتی بۆ كاندیدكردنی تەیب جەبار، بۆ پۆستی پارێزگاری شارەكە.
لەتیف شێخ عومەر، لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ (كەركوك ناو)، وتی "جارێ هیچ هەنگاوێكی نوێ نەنراوە بۆ ئەو پرسە... لە ئێستادا لێدوانمان لەسەر ئەو پرسە راگرتووە و نامانەوێت هیچ بڵێین".
یهكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، دوای 21 مانگ له مشتومڕ و ناكۆكی، 11ی تهمموزی 2019 بڕیاریاندا به كاندیدكردنی تهیب جهبار بۆ پۆستی پارێزگاری كهركوك، وهك كاندیدی هاوبهشی لیستی برایهتی له ئهنجومهنی پارێزگا.
جارێ هیچ هەنگاوێكی نوێ نەنراوە بۆ ئەو پرسە
یەكێتی چەند جارێك جەختیكردۆتەوە كە هەڵبژاردنی پارێزگار هاوتەریب دەبێت لەگەڵ پێكهێنانی حكومەتی هەرێمدا، ئەوەش لەكاتێكدایە 41 رۆژیش بەسەر پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمدا تێدەپەڕێت.
لەتیف شێخ عومەر، وتەبێژی یەکێتی وتی "گفتوگۆكان بەردەوامن و ماونەتەوە"، ئامادەنەبوو زانیاریی زیاتر بدات.
شاخەوان عەبدوڵا، ئەندامی وەفدی دانوستكاری پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پرسی ئاساییكردنەوەی دۆخی پارێزگای كەركوك، بە (كەركوك ناو)ی وت "گفتوگۆكانمان دەستپێكردۆتەوە... بۆ ئەوە رێككەوتنمان كردووە كە بگەینە ئەنجام، گفتوگۆی زیاتر لەچەند رۆژی داهاتوودا دەبێت لە نێوان یەكێتیی و پارتی لەلایەك و پێكهاتەكانی تری شارەكە لەلایەكی تر".
هەروەها وتی "لەگەڵ بەغداش دەبێت لەسەر ئەو پرسە گفتوگۆی زیاتر بكرێت".
لەبارەی پرسی دانانی پارێزگاری كەركوكەوە كە لە ئێستادا 40 رۆژ بەسەر وادەی رێككەوتنەكەدا تێپەڕدەبێت، شاخەوان وتی "گفتوگۆكانی چەند رۆژی داهاتوو گرنگ دەبێت و پێویستە ئەنجومەنی پارێزگی كەركوكیش هەندێك رێكار هەن بیگرێتەبەر لەوانە راگەیاندنی ناوی كاندید و كاتی كۆبونەوە".
ئەوەش لەكاتێكدایە پێشتر ئاسۆ مامەند، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی و لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوك، بە میدیای حزبەكەی راگەیاندبوو كە بەپێی رێككەوتنەكەیان لەگەڵ پارتی دەبێت لە ماوەی 45 رۆژدا پارێزگاری كەركوك دابنرێت.