لویس شێخ فەندی، قایمقامی قەزای داقوق بەوەکالەت، نیگەرانی خۆی نیشاندەدات لە بە ئامانجگرتنی مەدەنی لە ناوەندی قەزاكە و پێشنیاردەكات هێزە ئەمنییەكان بۆ سەنگەرەكانی پێشمەرگە بگەڕێنەوە كە بەر لە روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017، بۆ روبەڕوبونەوەی داعش بەكاریاندەهێنا.
ئەو داوا و نیگەرانییانەی لویس شێخ فەندی دوای ئەوە هات، كە كاتژمێر 11:30ی خولەكی شەوی رابردوو، دوای بۆردومانكردنی گوندی زهینلعابدین لە نزیك داقوق، زنجیرەیەك روداوی تر، تەقینەوەی بۆمب و روبەڕوبونەوەی چەكداریی رویاندا، بەهۆیانەوە شەش مەدەنی كوژران و نزیكەی 10ی تر برینداربون، دۆخی قەزاكەش تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە ئاسایی نەبوو.
ئەو بە (كەركوك ناو)ی وت "دوێنێ داقوق شەوێکی ناخۆشى بەڕێکرد و هاوڵاتیان بەترس و دڵەڕاوکێوه ئەو شەوەیان بەسەربرد".
وتیشى "داومان لەهێزە ئەمنییەکان كردووە لە باشورى گوندی زهینلعابدینەوە خاڵی سەربازی دابنێن، چونکە ئەو ناوچەیە هیج هێزێکى ئەمنى تێدا نییە، بەتایبەت چەمی رۆخانه کە ناوچەیەکى بەرفراوانە و چەكدارانی داعش دەتوانن لەوێوە جموجۆڵ و چالاكی ئەنجامبدەن".
لویس شێخ فەندی، قایمقامی قەزای داقوق بەوەکالەت نیگەرانی خۆی نیشاندا، لەوەی ئەمجارە "چالاكییەكانی داعش" ناوەندی شارەكەی گرتۆتەوە و ئەوەشی بە "مەترسییەكی گەورە" ناوبرد و داوای هەماهەنگی زیاتری لە هێزە ئەمنییەكان كرد. زیاتر وتی "ناكرێت دەرفەت بدریتە تیرۆریستان مەدەنی بكەنە ئامانج".
باشترین چارەسەر، بەلای قایمقامی داقوق بۆ دۆخی ئەو قەزایە، ئەوەیە "هێزە ئەمنییەکان سود لە سەنگەرەکانى پێشمەرگە وەرگرن و بەکاریبهێنن و بۆ ئەو سەنگەرانە بگەڕێنەوە، چونکە ئەو سەنگەرانە بەتەواوى دەوروبەرى داقوقى گرتۆتەوە و لەوێوە دەتوانرێت دۆخی قەزاكە كۆنترۆڵبكرێت"، وەك لویس فەندی وایوت.