به‌ره‌ی عه‌ره‌بی يه‌كگرتوو: له‌مه‌ودوا به‌ هێزیش بێت مافی خۆمان له‌ كه‌ركوك وه‌رده‌گرین

كه‌ركوك، 29ی ئابی 2019، كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی لێپرسراوانی به‌ره‌ی عه‌ره‌بی یه‌كگرتوو فۆتۆ: گۆران بابان

گۆران بابان – كه‌ركوك

به‌ره‌ی عه‌ره‌بی یه‌كگرتوو له‌ كه‌ركوك، هۆشداری ده‌داته‌ ئیداره‌ی پارێزگاكه‌ له‌باره‌ی پرۆژه‌كانه‌وه‌ و داوای لێپێچنه‌وه‌ له‌ گه‌نده‌ڵی ده‌كه‌ن، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ له‌مه‌ودوا "ئه‌گه‌ر له‌رێی هێزیشه‌وه‌" بێت مافی خۆیان وه‌رده‌گرنه‌وه‌ و چاوه‌ڕێی هاوكاری كه‌س ناكه‌ن.

ئه‌و هۆشدارییانه‌ی لێپرسراوانی به‌ره‌ی عه‌ره‌بی یه‌كگرتوو، له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا هات كه‌ ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 29ی ئاب له‌ كه‌ركوك به‌رێوه‌چوو، سه‌باره‌ت به‌ پلانی پرۆژه‌كان و چه‌ند دۆسیه‌یه‌ی تری تایبه‌ت به‌ كه‌ركوك.

وه‌سفی عاسی، سه‌رۆكی به‌ره‌ی عه‌ره‌بی یه‌كگرتوو له‌ كۆنگره‌كه‌دا كه‌ په‌یامنێری (كه‌ركوك ناو) ئاماده‌ی بوو، وتی "خه‌ڵكی كه‌ركوك 16 ساڵه‌ چاوەڕوانی گۆڕانكاری دەكات، بەڵام ساڵ لەدوای ساڵ ئەو هیوایە بەرەو نەمان دەچێت، لە 2014وه‌ تائێستا هەندێ ئومێدمان هەبوو بەڵام لێرەوە دەڵێم تەواو چیتر ئومێدمان لێ بڕاوە".

"بەداخەوە تا دوێنێ حزبەكان دەستیان بەسەر موڵك و ماڵی گشتیدا گرتبوو، بەڵام ئەمڕۆ دەبینین خێزانەكان خێروبێرمان دەبەن".

وه‌سفی عاسی، كه‌ كه‌سایه‌تی دیاری هۆزی عوبێده‌، پێشتریش چه‌ندینجار ره‌خنه‌ی له‌ ئه‌دای راكان جبوری، پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت هه‌بووه‌ و تۆمه‌تباری كردووه‌ به‌ كاركردن بۆ هۆزه‌كه‌ی خۆی.

سه‌رۆكی به‌ره‌ی عه‌ره‌بی یه‌كگرتوو جه‌ختیكرده‌وه‌ "لەمەودوا چاوەڕوانی كەس ناكەین هاوكاریمان بكات، خۆمان ئه‌گه‌ر بەهێزیش بێت مافی خۆمان ده‌به‌ین، چونكه‌ كەس نییە لێپێچینه‌وه‌ له‌ گەندەڵەكان بكات".

xopeshandan
كه‌ركوك، 12ی ته‌مموزی 2019، خۆپیشاندانی هاوڵاتیانی عه‌ره‌ب دژی رێككه‌وتنی یه‌كێتی و پارتی بۆ دانانی پارێزگار فۆتۆ: كاروان ساڵحی

له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا، به‌ره‌ی عه‌ره‌بی داوایانكرد بودجه‌ی كه‌ركوك بخرێته‌ خزمه‌تی خه‌ڵكه‌وه‌ و له‌ پرۆژه‌كاندا جیاكاری نه‌كرێت، خزخزمێنه‌ نه‌مێنێت و ته‌نده‌ری پرۆژه‌كان بدرێته‌ كه‌سانی شایسته‌، تا به‌دوربێت له‌ گه‌نده‌ڵی، گرنگریش بدرێت به‌ گه‌ڕه‌كه‌ عه‌ره‌بییه‌كانی وه‌ك واحید حوزه‌یران و عروبه‌.

بودجه‌ی ئه‌مساڵی كه‌ركوك، به‌ پاره‌ی پترۆدۆلاره‌وه‌ ده‌گاته‌ زیاتر له‌ 500 ملیار دینار و به‌پێی پلانێكی ئیداره‌ی پارێزگاكه‌، له‌ 400 پرۆژه‌دا خه‌رجده‌كرێن.

محەمەد رەییاشی، وتەبێژی بەرەی عەرەبی یەكگرتوو لە كۆنگره‌كه‌دا داوایكرد نه‌زاهه‌ی كه‌ركوك چاودێری پرۆژه‌كان بكات و پارێزگاری بكات له‌ موڵك و سامانی گشتی، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هاوسه‌نگی هه‌بێت له‌ دامه‌زراندن و بارودۆخی ناوچه‌ كۆنتڕۆڵكراوه‌كان له‌به‌رچاو بگیرێن.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی په‌روه‌رده‌ی كه‌ركوك، پرۆسه‌ی دامه‌زراندنی بۆ زیاتر له‌ دوو هه‌زار و 800 كه‌س ده‌ستپێكردووه‌ و گومانده‌كرێت، ده‌ستتوه‌ردان و بازرگانی به‌ پرۆسه‌كه‌وه‌ بكرێت، هه‌رچه‌نده‌ به‌رێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ "ته‌حه‌دای" هه‌ر كه‌سێكی كرد به‌ڵگه‌ی له‌سه‌ر واسیته‌ هه‌بێت.

وه‌سفی عاسی، كه‌ له‌باره‌ی پرۆسه‌ی دامه‌زراندنه‌وه‌ له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كدا باسی له‌وه‌كردوه‌ نرخی هه‌ر پله‌یه‌كی وه‌زیفی گه‌یشتۆته‌ 12 هه‌زار دۆلار، له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانیه‌كه‌ی ئه‌مڕۆدا جارێكیتر جه‌ختیكرده‌وه‌ "ئه‌گه‌ر هه‌ر گه‌نده‌ڵییه‌كی له‌وشێوه‌یه‌ هه‌بێت راسته‌وخۆ ده‌ڕژێینه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان و به‌رده‌م په‌روه‌رده‌ پڕده‌كه‌ین له‌ ناڕه‌زایی".

سه‌رۆكی به‌ره‌ی عه‌ره‌بی یه‌كگرتوو وتی "دەمەوێت قوتابخانەیەكی تازە بونیادنراو ببینم، یان شەقامێكی تازە قیرتاوكراو، بەداخەوە هیچ ناكرێت، شەقامەكانی ناوچەكانی ڕۆژئاوای كەركوك زۆر ماندون و كەس ئاوڕیان لێناداتەوە، كوا پرۆژە؟ كوا ئیدارەی شار، ئیتر بێدەنگ نابین".

هه‌روه‌ها له‌باره‌ی ناوهێنانی نه‌جمه‌دین كه‌ریم، پارێزگاری پێشوی كه‌ركوك به‌ مه‌لائیكه‌ به‌راورد له‌ لێپرسراوانی ئێستا، وه‌سفی عاسی ده‌ڵێت "ئه‌و به‌راورده‌م كرد چونكه‌ له‌ ئێستادا رۆژ بەڕۆژ توشی كەسانی خراپتر دەبین".

به‌ره‌ی عه‌ره‌بی، له‌ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵدا له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك له‌ سه‌ركرده‌ و كه‌سایه‌تی سیاسی، له‌ پارێزگای كه‌ركوك پێكهێنرا.

جگه‌ له‌ به‌ره‌ی عه‌ره‌بی، چه‌ندین حزبی ئه‌و پێكهاته‌یه‌ش له‌ ئه‌نجومه‌نی عه‌ره‌بی كۆبونه‌ته‌وه‌، كه‌ له‌ دوایین هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق له‌ ئایاری ساڵی رابردودا به‌ لیستێكی هاوبه‌ش به‌شداربون و توانییان سێ كورسی به‌ده‌ستبهێنن.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT