500 ملیار دیناره‌كه‌ی كه‌ركوك چۆن خه‌رجده‌كرێت؟

كه‌ركوك/ دیمه‌نی به‌شێك له‌ ناوه‌ندی شاره‌كه‌ فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

گۆران بابان – كه‌ركوك

ئیداری خۆجێیی كه‌ركوك، بودجه‌ی ئه‌مساڵی به‌پێی چڕی دانیشتوان و داواكاری دامه‌زراوه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان دابه‌شكردووه‌ بۆ ئه‌نجامدانی پرۆژه‌، ئه‌وه‌ش‌ به‌پێی پلانێك كه‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگا زیاتر له‌ 100 تێبینی له‌سه‌ری هه‌یه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ راكان سه‌عید جبوری خستۆته‌ ژێر چاودێرییه‌وه‌.

به‌پێی ئاماره‌كانی ئیداره و ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك، بودجه‌ی په‌ره‌پێدانی پارێزگاكه‌ ده‌گاته‌ 450 ملیار دینار، جگه‌ له‌ 51 ملیار دیناری پاره‌ی پترۆدۆلار، ئه‌وه‌ش به‌پێی پلانێكی داڕێژراو بڕیاره‌ له‌ نزیكه‌ی 430 پرۆژه‌دا خه‌رجبكرێت.

ئەحمەد عەسكەری، ئەندامی لیستی برایەتی له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك له‌ پشكی یه‌كێتی، كه‌ خۆی یه‌كێكه‌ بووه‌ له‌وانه‌ی پلانی پرۆژه‌كانی به‌ مه‌رجه‌وه‌ په‌سه‌ندكردووه‌، ده‌ڵێت راكان سه‌عید جبوری، پارێزگاری كه‌ركوك پابه‌نده‌ به‌ جێبه‌جێكردنی تێبنییه‌كانیان، "ئه‌گه‌ر رەچاوی نه‌كات ئه‌وكات ده‌بێته‌ موخاله‌فه‌".

"لەهەر پرسێك لەو پرسانەی تێبینی له‌سه‌ر هه‌یه‌ پارێزگار موخالەفەی هەبوو دەیدەینە نەزاهەو دادگا، بۆیه‌ دەمێنێتەوە سەر چاودێریكردنی چۆنیەتی جێبەجێكردنی پرۆژەكان".

عه‌سكه‌ری ده‌ڵێت تێبینیه‌كانی ئه‌وان له‌ سێ ته‌وه‌ردا بووه‌، له‌ نێویاندا داواكراوه‌ پابه‌ندی یاسای بودجه‌ی عیراق بن، یاسای گرێبه‌سته‌ حكومییه‌كان له‌به‌رچاوبگیرێت به‌هه‌موو ورده‌كارییه‌كانیه‌وه‌ و ته‌نیا پرۆژه‌ زۆر به‌په‌له‌كان له‌و رێكاره‌ به‌ده‌ربكرێن، ئه‌وه‌ش وه‌ك لافاو و بارودۆخی له‌ناكاو.

shosta.proja
كه‌ركوك، ئابی 2019، چاككردن و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی شه‌قامه‌كانی گه‌ڕه‌كی ره‌حیماوا فۆتۆ: راگه‌یاندنی پارێزگار

ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك، له‌ 11ی حوزه‌یرانی 2019دا به‌واژۆی زیاتر له‌ 23 ئه‌ندام له‌ نێویاندا زۆرینه‌ كورد، ره‌زامه‌ندی نیشاندا له‌سه‌ر خه‌رجكردنی پاره‌ی پرۆژه‌كانی 2019، ئه‌وه‌ش له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كی راوێژكاریدا، دوای ئه‌وه‌ی چه‌ندجارێك شكستی هێنا و نه‌یتوانی رێژه‌ی یاسایی ئه‌ندامان بۆ دانیشتنی ئاسایی كۆبكاته‌وه‌.

به‌وته‌ی عه‌سكه‌ری، ئه‌و رێگایه‌ باشترین چاره‌سه‌ر بوه‌، چونكه‌ ته‌نیا سێ بژارده‌ هه‌بووه و ئه‌وانیتر له‌ قازانجی كه‌ركوكدا نه‌بووه‌ و یان سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌ له‌كاتی خۆیدا.

ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراق، پێشتر واژۆكانی ئه‌نجومه‌نی په‌سه‌ند نه‌كرد و له‌ بری ئه‌وه‌ 18ی حوزه‌یران بڕیاریدا به‌ پێكهێنانی لیژنه‌یه‌ك بۆ چاره‌سه‌ری بابه‌تی كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك، تا ده‌نگ له‌سه‌ر پلانی پرۆژه‌كانی 2019 بدات و په‌سه‌ندی بكات، دواتر ئه‌و لیژنه‌یه‌ به‌دواداچونی بۆ دۆسیه‌كه‌ كرد و ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر پلانی پرۆژه‌كانی دا.

ئه‌نجومه‌نی پارێزگا، 128 تێبینی و داواكاری گۆڕانكاری پێشكه‌شی ئیداره‌ی كه‌ركوك كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ پلانی پرۆژه‌كاندا جێیان بكرێته‌وه‌ و له‌به‌رچاو بگیرێن.

ته‌حسین كه‌هیه‌، ئه‌ندامی كوتله‌ی توركمانی له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگا، جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌ مه‌رجه‌كانیان بۆ په‌سه‌ندكردنی پلانی پرۆژه‌كان و به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "له‌و هەنگاوانە دەكۆڵینەوە كە پێشێلكارییه‌ یان دژی ناوچه‌كانی توركمانییه‌ و ده‌مانه‌وێت پرۆژه‌كان بۆ هه‌موو ناوچه‌كان بن".

"خه‌می یەكەمی ئێمە شەفافیەتە لەو پرسەدا و ئێمه‌ بەنەزیهترین ئەنجومەن لەنێو پارێزگاكانی عیراق ناسراوین بۆیه‌ پێشێلكاری قبوڵ ناكەین" كه‌هیه‌ واده‌ڵێت.

anjwman
كه‌ركوك، ته‌موزی 2019، دانیشتنێكی ئیداره‌ی كه‌ركوك و یه‌كه‌ ئیدارییه‌كان و به‌شێك له‌ خه‌ڵكی شاره‌كه‌ بۆ تاوتوێی پلانی پرۆژه‌كانی ئه‌مساڵ فۆتۆ: راگه‌یاندنی پارێزگار

به‌پێی پلانی پرۆژه‌كانی ئیداره‌ی كه‌ركوك، له‌مساڵدا زیاتر له‌ 400 پرۆژه‌ ئه‌نجامده‌درێن، وه‌ك قۆناغی یه‌كه‌میش ده‌ستبه‌كاركردن ده‌كرێت له‌ 100 پرۆژه‌دا، له‌ هه‌موو ناوچه‌كانی پارێزگاكه‌دا.

راكان جبوری، پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت له‌ ناوه‌ڕاستی ته‌مموزی ئه‌مساڵدا و دواتریش له‌ چه‌ند كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا جه‌ختی له‌وه‌كردۆته‌وه‌، له‌ جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌كاندا هیچ جیاوازییه‌ك له‌ نێوان گه‌ڕه‌ك و ناوچه‌كاندا ناكه‌ن.

په‌روه‌رده‌ی پارێزگای كه‌ركوك، له‌ پلانی به‌رنامه‌ و پرۆژه‌كانیدا كه‌ ئاراسته‌ی ئیداره‌ی شاره‌كه‌ی كردووه‌ و وێنه‌یه‌كی ده‌ست (كه‌ركوك ناو) كه‌وتووه‌، داوای 800 ملیۆن دیناریان كردووه‌ بۆ دروستكردن و نۆژەنكردنەوەی 36 خویندنگە و باخچە، له‌گه‌ڵ 200 ملیۆن دینار بۆ پێداویستیه‌كانی خوێندنگه‌ و 500 ملیۆن دیناریش بۆ په‌ڕاوگه‌ و ده‌فته‌ری تاقیكردنه‌وه‌.

هه‌روه‌ها بەڕێوه‌بەرایەتی ئاوی كەركوك، لەپلانەكەیدا كه‌ هاوشێوه‌ی په‌روه‌رده‌ له‌لایه‌ن ئیداره‌ی پارێزگاكه‌وه‌ په‌سه‌ندكراوه‌، داوای شه‌ش ملیار دیناری كردووه‌ بۆ ژماره‌یه‌ك پرۆژه‌، له‌ نێویاندا ته‌واوكردنی پرۆژه‌ی ئاوی یه‌كگرتوو كه‌ نزیكه‌ی سه‌دا 90ی جێبه‌جێكراوه‌ و چه‌ند ساڵێكه‌ كاركردن تێیدا راگیراوه‌.

فەرمانگەی دابەشكردنی كارەبا، پرۆژه‌كانی له‌ چه‌ندین پێداویستیدا چڕكردۆته‌وه‌، له‌وانه‌ كڕینی محه‌ویلە و و نۆژەنكردنەوەی تۆڕه‌كانی دابه‌شكردن، بۆ ئه‌وه‌ش پێویستی به‌ دوو ملیار دینار هه‌یه‌.

به‌پێی پلانی پرۆژه‌كانی بەڕێوبەرایەتی ڕێگه‌وبان و پردەكان، 18 پردی ناوشار و ده‌ره‌وه‌ی شار به‌ تێچوی ملیارێك و 500 ملیۆن دینار نۆژه‌نده‌كرێنه‌وه‌، لەگەڵ دابینكردنی دوو ملیار دینار بۆ چاككردنی رێگا سه‌ره‌كییه‌كانی نێو كەركوك و پارێزگاكه‌ به‌ هه‌رێمی كوردستان و پارێزگا و ناوچه‌كانی تری عیراقه‌وه‌.

prd.proja
كه‌ركوك، 2019، بنیاتنانه‌وه‌ی پردی مریه‌م به‌گ له‌چوارچێوه‌ی پرۆژه‌كانی ئه‌مساڵدا فۆتۆ: راگه‌یاندنی پارێزگار

محەمەد كەمال، سه‌رۆكی لیستی برایه‌تی له‌ پشكی پارتی، كه‌ حزبه‌كه‌ی نزیكه‌ی دوو ساڵه‌ نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ كه‌ركوك، ره‌خنه‌ی له‌ شێوازی په‌سه‌ندكردنی پلانی پرۆژه‌كان هه‌یه‌ و ده‌ڵێت ئه‌وان دژی بون، چونكه‌ 128 هه‌ڵه‌ی تێدابووه‌، وه‌ك ئه‌و به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت.

"یەكێك لەو هەڵانەی پلانه‌كه‌ ناونانی هەندێك گەڕەكی كوردییە بەتەجاوز، ئەمە هەڵەیە، چونكه‌ ئەو گەڕەكانە بۆ چارەسەری بارودۆخی ئاوارە كوردە ستەملێكراوەكان دروستبون".

محه‌مه‌د كه‌مال ده‌ڵێت "جێبەجێكردنی پرۆژەكان لەكەركوك پەیوەست نیە بەنەتەوایەتییه‌وه‌، بەڵكو پەیوەستە بەویژدانەوە، لەسەردەمی تەواجودی ئێمە لەكەركوك كەس نەیدەتوانی تانە لەو گەڕەكانە بدات چونكە شەرعیەتی قانونییان هەبوو، قەناعەتمان بەعەرەب و توركمانیش هێنابوو لەسەر مەزڵومیەتی دانیشتووانی ئەو ناوچانە".

سه‌رۆكی لیستی برایه‌تی جه‌ختیشیكرده‌وه‌ "كاتێك لەئایندەدا دەگەڕێینەوە بۆ كەركوك هەموو ئەو بڕیارانە هەڵدەوەشێنینەوە كە لەدوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە دەركراون".

ده‌ستپێكردنی پرۆژه‌كانی كه‌ركوك له‌ كاتێكدایه‌، ئه‌نجومه‌نی پارێزگا له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017وه‌ ته‌نیا له‌ یه‌ك كۆبونه‌وه‌دا نیسابی ته‌واو كرد و كۆبۆوه‌، ئه‌وه‌ش له‌ 9ى نيسانی ئه‌مساڵدا بوو بۆ تاوتوێكردنی پلانی پرۆژه‌كان و بودجه، چونكه‌ به‌هۆی بایكۆتی ئه‌ندامانی پارتییه‌وه‌ نه‌یتوانیوه‌ دانیشتنی ئاسایی ئه‌نجامبدات.

sharawani

كه‌ركوك، 2019، شاره‌وانی دوای په‌سه‌ندكردنی بودجه‌ هه‌ڵمه‌تی پاككردنه‌وه‌ی شاری له‌ خۆڵ و خاشاك ده‌ستپێكرده‌وه‌ فۆتۆ: راگه‌یاندنی شاره‌وانی

ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌ری، ده‌ڵێت بودجه‌ی ساڵانه‌ بۆ سێ جۆر پرۆژه‌ خه‌رجده‌كرێن؛ یه‌كێكیان پرۆژه‌ به‌رده‌وامه‌كانه‌ كه‌ هێشتا بەڵێندەران سه‌دا 100یان جێبه‌جێنه‌كردووه‌، وه‌ك دروستكردنی بینای نوێی پارێزگا و باڵه‌خانه‌ی خوێندنگه‌كان كه‌ ته‌واونه‌كراون.

جۆری دوه‌می پرۆژه‌كان، وه‌ك ئه‌ندامه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌ن باسیكرد، پرۆژه‌ی نوێیه‌ وه‌ك باڵه‌خانه‌یه‌ك كه‌ ئه‌مساڵ ده‌چێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌.

عه‌سكه‌ری وتی "جۆرێكی تر پرۆژەی تەشغیلین، كە زیاتر خۆی لەپێداویستی فەرمانگەكاندا دەبینێتەوە وەك كڕینی محه‌ویلە بۆ فەرمانگەی كارەبا، پێداویستیەكانی فه‌رمانگه‌ی ئاوەڕۆ و دەرمان بۆ تەندروستی، ئه‌وه‌ش نزیكه‌ی سێ ملیار دیناری ده‌وێت".

به‌پێی پلانی پرۆژه‌كانی ئیداره‌ی كه‌ركوك، بودجه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای چڕی دانیشتوان دابه‌شكراوه‌، وه‌ك عه‌سكه‌ری رونیكرده‌وه‌، بۆ نمونه‌ ناحیه‌ی شوان كه‌ سێ هه‌زار دانیشتوانی هه‌یه‌، له‌رێی ئه‌نجومه‌نی ناحیه‌وه‌‌ پرۆژه‌كانی پێشكه‌شده‌كات و له‌و چوارچێوه‌یه‌دا پاره‌ی بۆ خه‌رجده‌كرێت.

له‌باره‌ی به‌شێك له‌ تێبیینه‌كانه‌وه‌ له‌سه‌ر پلانی پرۆژه‌كان، له‌ نێویاندا تێبینی كورد له‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك گه‌ڕه‌كی كه‌ركوك، ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌ری ده‌ڵێت مه‌به‌ست له‌و گه‌ڕه‌كانه‌یه‌ دوای 2003 دروستبون و پێیانده‌وترێت هه‌ڕه‌مه‌كی نه‌ك زیاده‌ڕۆ، به‌وپێیه‌ی شاره‌وانی سه‌رپه‌رشتی بنیاتنانی نه‌كردون و زه‌وییه‌كانیان كشتوكاڵی یان موحه‌ره‌مه‌ بون.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ئه‌نجومه‌ن به‌ ره‌وای نازانێت ئه‌و گه‌ڕه‌كانه‌ له‌ خزمه‌تگوزاری بێبه‌شبكرێن، "بە پارێزگارمان وتووە ساڵانی ڕابردوو پرۆژەكان چۆن لەكەركوك جێبەجێكراون دەبێت بەو شێوازە پرۆژەكان لەناوچە كوردییەكانیش درێژەی هەبێت".

مشتومڕی ئه‌مساڵی ئه‌نجومه‌ن و ئیداره‌ی كه‌ركوك له‌سه‌ر بودجه‌، دوای چه‌ند ساڵێك له‌ قه‌یرانی دارایی و راگرتنی ته‌واوی پرۆژه‌كان دێت له‌ شاره‌كه‌دا، به‌هۆی راگرتنی بودجه‌ و شایسته‌ داراییه‌كانی پارێزگاكه‌ به‌ پاساوی جیاواز له‌لایه‌ن حكومه‌تی فیدراڵی عیراقه‌وه‌.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT