هه‌زاران ئاواره‌ی ئێزیدی، زیاتر له 44 ساڵ له ئاواره‌یی و راگواستنی زۆره‌ملێی رژێمی پێشوی به‌عس، له ئێستادا خواستی ئه‌وه‌یان هه‌یه جارێكی‌تر بۆ زێدی خۆیان بگه‌ڕێنه‌وه له چیای شنگال.
له ساڵی 1975 به‌دواوه، حكومه‌تی ئه‌وكاتی عیراق به پێشڕه‌وی حزبی به‌عس، دانیشتوانی 155 گوندی ئێزیدییه‌كانیان له زێدی خۆیان ده‌ركرد له چیای شنگال و به‌شێكی زۆر له خه‌ڵك، به‌ره‌و كۆمه‌ڵگه‌ی زۆره‌ملێ و ناوچه‌كانی تری شنگال ئاواره‌بون.
خەڵەف حەمەد پیوا، پیاوێكی ته‌مه‌ن 75 ساڵی ئێزیدییه و ساڵانێكی دورودرێژه دور له زێدی خۆیی درێژه‌ی به ژیان داوه، ته‌نیا داواكاری ئه‌وه‌یه گرنگی به گونده‌كان بدرێت و بتوانن جارێكی‌تر ژیانی پێشتریان بگه‌ڕێننه‌وه.
خه‌ڵه‌ف بۆ گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكی ئاواره‌بونی گه‌ڕایه‌وه بۆ 44 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر؛ "سەرەتای پایز بوو، تازه به‌رهه‌می رەز و باخەكانمان هه‌ڵگرتبوو، حكومەتی بەعس ده‌مه‌وئێواره هاتنه گوند و مۆڵه‌تی 24 كاتژمێریان پێداین تا بڕۆین".
دوای ئه‌و مۆڵه‌ته‌ی به‌عس، خه‌ڵه‌ف و سه‌دان خێزانی تر به ناچاری له گونده‌كانی چیای شنگال ده‌رچون و له ده‌شتاییه‌كانی ئه‌و قه‌زایه، خێوه‌تیان هه‌ڵدا، كه ژماره‌كان ده‌گاته هه‌زاران كه‌س.
"به شۆفڵ خانوه‌كانمان له گوند روخێنرا، به‌شێك له ره‌ز و باخه‌كانمان سوتێنرا، بۆیه ناچاربوین نه‌گه‌ڕێینه‌وه".
خەڵەف حەمەد له شوێنی ئاواره‌یی، وه‌ك خێزانه‌كانی تری ئێزیدی، خانوی دروستكرد، چونكه له هه‌موو مافێكی گوند و زێدی خۆی بێبه‌ش بوو.
له‌گه‌ڵ روخانی به‌عس، وێرانه‌یی گونده‌كان رێگر بوو له گه‌ڕانه‌وه‌ی خه‌ڵه‌ف و ئه‌و ئێزیدییانه‌ی به زۆره‌ملێ ده‌ركرابون، تا دوای روداوه‌كانی ئابی 2014 و هێرشه‌كانی داعش، جارێكی‌تر ژیانی ئاواره‌ییان نوێی بوه‌وه.
چه‌كدارانی داعش، چوار ساڵه له شنگال ده‌ركراون، به‌ڵام به‌هۆی زیانه‌كانی شه‌ڕه‌وه، خه‌ونی خه‌ڵه‌ف و هه‌زاران ئاواره‌ی تری سه‌رده‌می به‌عس و ساڵانی رابردووش بۆ گه‌ڕانه‌وه قورس‌تر بوو.
حكومه‌تی پێشوتری عیراق، 44 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر و به تۆمه‌تی پاڵپشتی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه، هه‌ڵمه‌تی راگواستن و ده‌ركردنی ئێزیدییه‌كان ئه‌نجامدا له چیای شنگال.
جه‌لال خه‌ڵه‌ف، به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی تلعوزێر و یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ی له زۆره‌ملێ له گونده‌كه‌ی خۆی ده‌ركراوه به (كه‌ركوك ناو)ی وت "له 1975دا خەڵكی ئیزیدی هەموو لە چیادا بوون، چیا بۆ ئیزیدییەكان زۆر گرنگ بوو، چونكه كه‌س نه‌یده‌توانی دهسهڕتی خۆی به‌سه‌ر خه‌ڵكی ئه‌و ناوچه‌یه‌دا بسه‌پێنێت، خه‌ڵك له‌وێ خۆیان به‌ڕێوه‌ده‌برد له‌روی ئابوری و ئه‌منیشه‌وه".
"له‌و ساڵه‌دا ئێزیدی بە ئاگری حزبە كوردییەكان سوتان، به پاساوی ئه‌وه‌ی پشتگیری حزبه كوردییه‌كان ده‌كه‌ن و هاوكاری پێشمه‌رگه ده‌كه‌ن، دانیشتوانی 155 گوند ده‌ركران به‌ره‌و 11 كۆمه‌ڵگه‌ی زۆره‌ملێ".
كۆمه‌ڵگه‌كانی زۆره‌ملێ، به‌شێكیان له باكوری چیای شنگال دروستكران و ژماره‌یه‌كیشیان له سنوری ناحیه‌ی تلعوزێر بون.
له‌گه‌ڵ راگواستنیاندا، ئێزیدییه‌كان روبه‌روی ره‌شبگیری بونه‌وه، به تایبه‌ت گه‌نجان و پیاوان بۆ سه‌ربازی زۆره‌ملێ.
جەلال خەڵەف وتی "ئێزیدییه‌كان به ناچاری له چیا رۆیشتن و له‌سه‌ر بهخوێكردنی مه‌ڕوماڵات ژیان، .. چونه چیای شنگال به ته‌واوی قه‌ده‌غه كرابوو، هه‌ركه‌س بڕۆیشتایه چیا كه‌سوكاری ده‌ستگیرده‌كران".
چیای شنگال، كه ناوچه‌یه‌كی به‌رفراوانه له سنوری نێوان عیراق و سوریا له پارێزگای نه‌ینه‌وا، ده‌یان گوندی كۆن و شوێنی ئایینی تێدایه، له 2014دا بوو به په‌ناگه‌ی هه‌زاران ئێزیدی كه له ده‌ستی داعش هه‌ڵاتبون.
ئەیزدین عەلۆ، كه 10 ساڵه له گوندی نسێری باكوری چیای شنگال نیشته‌جێیه، به (كه‌ركوك ناو)ی وت "له‌م گونده زۆر مورتاحم و هیچ مه‌ترسییه‌ك له‌سه‌ر ئێمه نییه، من 300 سه‌ر مه‌ڕ و بزنم هه‌یه، له كاتی هێرشه‌كانی داعش-یش له‌م شوێنه ده‌رنه‌چوم".
له ئێستادا، ئه‌و خێزانانه‌ی له 2014دا ئاواره‌ی چیا بون ده‌یانه‌وێت بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ناوشار و ناوچه‌كانی تری سه‌نته‌ری شنگال، ئه‌وانه‌یشی 44 ساڵه له ده‌ره‌وه‌ی چیاكهدان، هه‌وڵده‌ده‌ن بۆ گونده كۆنه‌كانیان له چیای شنگال بگه‌ڕێنه‌وه.
قه‌حتان عه‌لی، به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌وانی شنگال ده‌ڵێت له دوای 2014وه زۆربه‌ی گونده كۆنه‌كانی چیای شنگال خه‌ڵكی بۆ گه‌ڕاوه‌ته‌وه، (كاتی هێرشه‌كانی داعش)، ئێمه هه‌وڵمانداوه پرۆژه خزمه‌تگوزارییه‌كانیان پێبگه‌یه‌نین به تایبه‌ت ئاوی پاك".
جگه له گونده‌كان، خه‌ڵكی كه‌مپه‌كانی چیای شنگالیش كێشه‌ی كه‌می یان نه‌بونی ئاوی خواردنه‌وه‌یان هه‌یه، بۆیه له‌رێی هه‌ڵكه‌ندی بیری ئیرتیوازییه‌وه هه‌وڵی دابینكردنی ئاوی پاك ده‌درێت.
"ئه‌و ئاوه‌ی هه‌یه به‌ش ناكات، چونكه خه‌ڵك ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێنه‌وه ره‌ز و باخه‌كانیان ده‌بوژێننه‌وه و بژێوییان له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه، به‌وه‌ش جارێكی‌تر كێشه‌ی كه‌مئاوی سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه".
به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌وانی قه‌زای شنگال باسی له‌وه‌شكرد له پرۆژه‌كانی دیكه‌دا، تا ژیان بۆ گونده‌كانی چیای شنگال بگه‌ڕێته‌وه، دروستكردنی رێگه‌وبانه، به‌وپێه‌ی جگه له خه‌ڵك، هه‌ر گوندێك شوێنی پیرۆزی ئایینیشی تێدایه.