ژنێكی ته‌مه‌ن 55 ساڵ له‌نێو ماڵه‌كه‌ی خۆیدا به كوژراوی دۆزرایه‌وه، كه دایكی 10 منداڵه و له‌سه‌روبه‌ندی هێرشه‌كانی داعشه‌وه هاوسه‌ره‌كه‌ی بێسه‌روشوێنه، به‌ڵام هێشتا ورده‌كاریی روداوه‌كه ئاشكرانییه و هێزه ئه‌منییه‌كانیش له لێكۆڵینه‌وه‌دان.
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 3ی ئه‌یلول له گوندی گۆهبه‌ل له ناحیه‌ی سنونێ له قه‌زای شنگال، هێزه ئه‌منییه‌كان له هه‌بونی ته‌رمی ژنێك ئاگاداركرانه‌وه و دوای گه‌یشتنی تیمه‌كانیان به شوێنی روداوه‌كه‌وه، ده‌ركه‌وتووه ماوه‌یه‌كی كه‌م به‌سه‌ر "كوژرانی" ئه‌و ژنه‌دا تێپه‌ڕبووه.
خودێدا چوکی، بەرێوەبەری ناحیەی سنونێ به (كه‌ركوك ناو)ی وت "له‌لایه‌ن چەند هاوڵاتییەکهوه ئاگەدارکراینەوە کە حاڵەتێکی کوشتن ڕویداوە و دواتر دەزگا ئەمنیەکان لە شوێنی ڕوداوەکە ئامادەبوون، به‌ڵام دیار نیە ئه‌و ژنه خۆی كوشتووه یان كوژراوه، ته‌رمه‌كه‌ی ره‌وانه‌ی پزیشكی دادوه‌ری كراوه و چاوه‌ڕێی لێكۆڵینه‌وه‌كان ده‌كه‌ین".
به‌وته‌ی خودێدا، بارودۆخی ئه‌و سنوره كێشه‌ی ئه‌منی تێدانیه و ئارامه، لای ئه‌وانیش كه‌مترین رێژه‌ی كوشتن و خۆكوشتن هه‌یه به‌راورد به ناوچه‌كانی تر.
قوربانییه‌كه ناوی (سێڤی خودێدا سێڤۆ)یه، له‌دایكبووی ساڵی 1964ـه، دایكی 10 منداڵه؛ پێنج كوڕ و پێنج كچ، له‌كاتی هێرشه‌كانی داعشه‌وه بۆ شنگال (ئابی 2014)وه هاوسه‌ره‌كه‌ی بێسهرشوێنه.
سێ فیشه‌كی پێوه بوو، یه‌كێك به‌ر سه‌ری كه‌وتبوو ئه‌وانی تر له سكی درابون
سه‌لام حسێن، برای هاوسه‌ری ئه‌و ژنه كه هاوكات به‌رێوه‌به‌ری خوێندنگای گۆهبه‌ل-ـه به (كه‌ركوك ناو)ی وت "یه‌كه‌م رۆژی تاقیكردنه‌وه بوو ئه‌مڕۆ، من له ده‌وام بوم كاتژمێر 11ی پێشنیوه‌ڕۆ كه‌سێك له ته‌له‌فۆن پێیوتم ژنی براكه‌ت كوژراوه خێرا وه‌ره‌وه".
"توشی شۆك بوم و باوه‌ڕم نه‌ده‌كرد، تا گه‌یشتمه ماڵی براكه‌م و ته‌رمی براژنه‌كه‌م بینی به چاوی خۆم، كه سێ فیشه‌كی پێوه بوو، یه‌كێك به‌ر سه‌ری كه‌وتبوو ئه‌وانی تر له سكی درابون" به‌وته‌ی سه‌لام حسێن.
خێزانی ئه‌و ژنه، دوای دوو ساڵ له ئاواره‌یی به‌هۆی هێرشه‌كانی داعشه‌وه، له ته‌مموزی 2016دا گه‌ڕاونه‌ته‌وه بۆ زێدی خۆیان.
برای هاوسه‌ری ژنه‌كه وتی "له‌وه‌ی گه‌ڕاوینه‌ته‌وه بۆ گونده‌كه ئه‌وه یه‌كه‌مین روداوی كوشتنه روبدات، هه‌ركه‌سێك ئه‌م تاوانه‌ی ئه‌نجامدابێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك لێی خۆشنابین، چونكه تاوانێكی زۆر گه‌وره‌یه و پێیوسته ده‌زگا ئه‌منییه‌كان به‌دواداچونی ورد بكه‌ن بۆ دۆزینه‌وه و ده‌ستگیركردنی هه‌ر كه‌سێك ده‌ستی له‌و تاوانه‌دا هه‌بێت".
گۆندی گۆهبه‌ل، شوێنی روداوه‌كه‌یه، كه ده‌كه‌وێته سنوری ناحیه‌ی سنونێ و به‌ر له هێرشه‌كانی داعش نزیكه‌ی پێنج هه‌زار كه‌سی تێدا نیشته‌جێ بوو، تائێستاش نیوه‌ی خه‌ڵكه‌كه‌ی گه‌ڕاونه‌ته‌وه.
عومه‌ر عه‌جاج، موختاری گۆندی گۆهبه‌ل له‌باره‌ی روداوه‌كه‌وه به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئه‌و خێزانه كێشه‌یان له‌گه‌ڵ كه‌سدا نه‌بووه، یه‌كێك له كوڕه‌كانی پێشمه‌رگه‌یه و سێ كچیشی شوی كردووه، خێزانێكی بێ كێشه بون و دوای روداوه‌كه‌ش چومه‌ته ماڵه‌كه و پرسیارم كردووه، دراوسێیهكانیشیان توشی شۆك بون به‌و روداوه و كوژرانی ئه‌و ژنه".