حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ره‌تیده‌كاته‌وه رێگری كردبێت له گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان و ده‌ڵێت خۆیان ئه‌و خواسته‌یان نیه به‌هۆی چه‌ندین هۆكاری ئه‌منی و نه‌بونی خزمه‌تگوزارییه‌وه، ئه‌وه‌ش له وه‌ڵامی راپۆرته‌كه‌ی هیومان رایتس وۆچ-دا.
رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ، له دوایین راپۆرتیدا حكومه‌تی هه‌رێم تۆمه‌تبارده‌كات به رێگریكردن له گه‌ڕانه‌وه‌ی چوار هه‌زار و 200 خێزانی عه‌ره‌بی سونه له كه‌مپه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی كارگێڕی هه‌رێمه‌وه بۆ 12 گوندی رۆژهه‌ڵاتی موسڵ.
به‌پێی راپۆرته‌كه، كه چه‌ندین كه‌س له ئاواره‌كان قسه‌یان تێدا كردووه، ئه‌و خێزانانه سه‌رباری نه‌بونی خزمه‌تگوزاری له كه‌مپه‌كاندا، رێنادرێت بگه‌ڕێنه‌وه زێدی خۆیان به پاساوی جیاواز.
لهما فه‌قیه، به‌ڕێوه‌به‌ری كاتی هیومان رایتس وۆچ بۆ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌ڵێت "حكومه‌تی هه‌رێم رێگری له هه‌زاران عه‌ره‌ب له گه‌ڕانه‌وه بۆ گونده‌كانیان ده‌كات به‌بێ هیچ هۆكارێكی یاسایی،.. حكومه‌تی هه‌رێم رێگه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی به كورده‌كان و ئه‌و عه‌ره‌بانه داوه كه په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵیاندا باشه، ئه‌وه نیشانی ده‌دا كه عه‌ره‌به‌كان به‌شێوه‌یه‌كی نایاسایی سزاده‌درێن".
ئه‌و خێزانانه‌ی به‌وته‌ی هیومان رایتس وۆچ رێگری له گه‌ڕانه‌وه‌یان كراوه، له كه‌مپه‌كانی حه‌سه‌ن شام و خازر نیشته‌جێن، خۆیان خه‌ڵكی گونده‌كانی سه‌ر به قه‌زای حهمدانییهن له نه‌ینه‌وا.
به‌پێی یاسا مرۆییه نێو ده‌وڵه‌تیه‌كان ده‌ركردنی زۆره‌ملێی هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی له ناوچه‌كانیان قه‌ده‌غه‌یه ته‌نها له حاڵه‌تێكدا نه‌بێ بۆ سه‌لامه‌تی هاوڵاتیان خۆیان بێت یان هۆكاری سه‌ربازی لەپشتەوە بێت ئه‌وه‌ش دەبێت ته‌نها بۆ ماوه‌یه‌كی کاتی بێت.
هیومان رایتس وۆچ پێیوایه ئه‌گه‌ری سه‌رهه‌ڵدانی شه‌ڕو ناكۆكی له داهاتوودا بنه‌مای یاسایی نیه بۆ ڕێگریکردنی خەڵک.
دیندار زێباری، رێكخه‌ری راسپارده نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رونكردنه‌وه‌یه‌كی له‌سه‌ر راپۆرته‌كه‌ی هیومان رایتس وۆچ بڵاوكرده‌وه و جه‌ختیكردۆته‌وه، له‌كۆی دوو هه‌زار و 548 خێزان 347 خێزان گه‌ڕاونه‌ته‌وه بۆ گونده‌كانی ده‌وروبه‌ری حه‌سه‌ن شام و پرۆسه‌كه‌ش به‌رده‌وامی هه‌یه.
"به‌شێكی زۆری ئاواره‌كان ئاره‌زووی گه‌ڕانه‌وه ناكه‌ن"، به‌وته‌ی زێباری؛ ده‌ڵێت گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان به هیچ شێوه‌یه‌ك قه‌ده‌غه نه‌كراوه، به‌ڵام "به‌شێك له‌و گوندانه ده‌كه‌ونه هێڵه‌كانی پێشه‌وه و به‌هۆی بارودۆخی ئه‌منی و بوونی مینی چێندراو كه مه‌ترسیی له‌سه‌ر ژیانی دانیشتووانی ناوچه‌كه دروستده‌كات ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه".
به‌وته‌ی لێپرسراوه‌كه‌ی حكومه‌ت له زێدی ئه‌و خێزانانه‌دا خزمه‌تگوزارییه سه‌ره‌تاییه‌كان نیه، جگه له‌وه‌ی "ژماره‌یه‌كی زۆر شانه‌ی نوستووی داعش له‌و ناوچانه بوونیان هه‌یه و مه‌ترسیان بۆ ره‌وشی ئه‌منی و سه‌قامگیری ناوچه‌كه دروست كردووه".
"ئه‌و ئاوارانه‌ی كه ناوچه‌كانیان بۆ ژیان ده‌بێت و مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانیان نییه، رێگایان پێدراوه كه بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر ماڵ و حاڵی خۆیان".
دیندار زێباری باسی له هه‌وڵه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم كرد بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان؛ له‌وانه‌ش كارئاسانی و ته‌ئكیدكردنه‌وه له‌وه‌ی توشی مه‌ترسی نابن، به‌ڵام دواجار "بڕیاری گه‌ڕانه‌وه یاخود نه‌گه‌ڕانه‌وه ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی خودی ئاواره‌كان"
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، به‌شێكی له خه‌ڵكی ناوچه ئازادكراوه‌كان له‌وانه‌ش ناوچه‌كانی سنووری مادده‌ی 140 له پارێزگای نه‌ینه‌وا، "خۆیان رازی نین به گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی تاوانیان ئه‌نجامداوه دژی خه‌ڵكه‌كه و یارمه‌تی داعشیان داوه له كاتی هاتنی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی ئه‌و ناوچانه".
له ناوه‌ڕاستی ساڵی 2014وه به‌هۆی هێرشه‌كانی داعش و دواتر شه‌ڕی ئه‌و رێكخراوه، نزیكه‌ی شه‌ش ملیۆن هاوڵاتی ئاواره بوون كه ده‌كاته نزیكه‌ی سه‌دا 15ی ژماره‌ی دانیشتوانی وڵات، له‌و ژماره‌یه‌ش تائێستا زیاتر له ملیۆن كه‌س نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه كه زۆرینه‌یان ده‌كه‌ونه هه‌رێمی كوردستانه‌وه.