حكومه‌ت ئاواره‌كان ده‌نێرێته‌وه‌
قايمقامى شه‌رگات: خێزانه‌كانی داعش وه‌رناگرینه‌وه‌

سنوری یه‌كێك له‌ كه‌مپه‌كانی ئاواره‌ له‌ پارێزگای كه‌ركوك فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كاروان ساڵحی – كه‌ركوك ناو

حكومه‌تی فیدراڵی عیراق، ده‌ستیكردووه‌ به‌ ناردنه‌وه‌ی زۆره‌ملێی ئاواره‌ی كه‌مپه‌كانی نه‌ینه‌وا، هه‌رچه‌نده‌ به‌شێكیان له‌ زێدی خۆیان روبه‌ڕوی هه‌ڕه‌شه‌ بونه‌ته‌وه‌ به‌پاساوی لایه‌نگرێتی داعش، ئه‌وه‌ش نیگه‌رانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانی لێكه‌وتۆته‌وه‌.

به‌پێی به‌دواداچونه‌كانی (كه‌ركوك ناو)، زیاتر له‌ هه‌فته‌یه‌كه‌ له‌ كه‌مپه‌كانی پارێزگای نه‌ینه‌واوه‌، ده‌ستكراوه‌ به‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی سه‌دان خێزانی ئاواره‌ بۆ ناوچه‌كانی خۆیان یان له‌ كه‌مپه‌كانی زێدی خۆیاندا نیشته‌جێ كراون، ئه‌وه‌ش له‌رێی ئیداره‌ی ئه‌و پارێزگاكه‌ و به‌پێی بڕیارێكی وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی عیراق.

عەلی دۆدح، قائیمقامی قەزای شه‌رگات له‌ پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر 150 خێزانی داعش كە لە 650 كەس پێكهاتبوون و سه‌دا 90یان ژن و منداڵ بون؛ لە كەمپی حەمام عەلیلی موسڵه‌وه‌ رەوانەی  كەمپی (بستان شیوخ) لە قەزای شه‌رگات كرابونه‌وه‌ به‌ بڕیاری كۆچ و كۆچبەران".

ئه‌و ئاواره‌نه‌ی له‌ نه‌ینه‌وا ره‌وانه‌ كراونه‌ته‌وه‌، پێشتر نیشته‌جێی ناوچه‌كانی بێجی، شه‌رگات و سامه‌را بون، به‌وته‌ی دۆدح، به‌رله‌وه‌ی له‌گه‌ڵ كۆتاییهاتنی داعشدا ئاواره‌بن.

قایمقامی شه‌رگات وتی "وەك قائیمقامیەت، سەرۆك هۆزەكان و دانیشتوانی قەزاكە رازی نین بە هێنانەوەی خێزانەكانی داعش كە بەشێكیان خێزانی ئەمیری داعشن و مەترسیدارن و باڵادەستن".

دۆدح ده‌ڵێت ده‌زگا ئه‌منییه‌كانیان ئاگاداركردۆته‌وه‌ له‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك له‌و خێزانانه‌ په‌یوه‌ندییان هه‌بووه‌ به‌ داعشه‌وه‌، هه‌ر به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ شه‌ش كه‌سیان ده‌ستگیركران، بۆیه‌ داواكارن له‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی تكریت گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان رابگرێت و ئه‌و كه‌مپه‌ش له‌ سنوره‌كه‌یاندا دابخات.

pass
وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌ران پاسی بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئاواره‌كان ته‌رخانكردووه‌ فۆتۆ: وه‌زاره‌تی كۆچ

نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌ زۆری ئاواره‌كان راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ و له‌گه‌ڵ نیشاندنی نیگه‌رانییه‌كانیدا، هۆشداری داوه‌ له‌ روداوی نه‌خوازراو له‌و دۆسیه‌یه‌دا.

به‌پێی ئاماره‌كانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، به‌بڕیاری حكومه‌تی عیراق و ئیداره‌ی نه‌ینه‌وا زیاتر له‌ 300 خێزان، كه‌ له‌ هه‌زار و 600 كه‌س پێكهاتون، له‌ كه‌مپه‌كانی حه‌مام عه‌لیل، ئه‌لسه‌لامییه‌ و نه‌مردووه‌وه‌ نێردراونه‌ته‌وه‌ بۆ كه‌مپی نێو شاره‌كانی خۆیان له‌ كه‌ركوك، سه‌ڵاحه‌دین و ئه‌نبار.

مارتا رویداس، هەماهەنگیکاری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عیراق باسی له‌وه‌كردوه‌ به‌شێك له‌ ئاواره‌كان، ترس و دڵەڕاوکێیان دەربڕی بوو لە بارەی سەلامەتی خۆیان ئەگەر ناچاربکرێن بگەڕێنەوە، بەڵام ئه‌و نیگەرانی و ترسه‌ لەلایەن دەسەڵاتدارانی نەینەواوە پشتگوێخراون.

له‌ ناوه‌ڕاستی ساڵی 2014وه‌ به‌هۆی هێرشه‌كانی داعش و دواتر شه‌ڕی ئه‌و رێكخراوه‌، نزیكه‌ی شه‌ش ملیۆن هاوڵاتی ئاواره‌ بوون كه‌ ده‌كاته‌ نزیكه‌ی سه‌دا 15ی ژماره‌ی دانیشتوانی وڵات، له‌و ژماره‌یه‌ش تائێستا زیاتر له‌ چوار ملیۆن كه‌س گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌.

مستەفا حمێداوی، دانیشتوی قەزای شه‌رگات یه‌كێك له‌وانه‌ی نارازییه‌ به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و خێزانانه‌ی ئه‌و و به‌شێك له‌ خه‌ڵكی سنوره‌كه‌ به‌ لایه‌نگری داعش تۆمه‌تباریان ده‌كه‌ن، بۆ (كه‌ركوك ناو) رونیكرده‌وه‌ "ئه‌وان مەترسیدارن، منداڵانیان و ئافرەتەكانیان بیرۆكەی پارتیزانی هاوسەرەكانیان وەرگرتوە واتا هەر كاتێك بۆیان بگونجێت دەستدەوەشێنن، بۆیه‌ ده‌بێت حكومه‌ت ئاواره‌كان جیابكاته‌وه‌".

هه‌فته‌ی رابردووش، 116 خێزان كه‌ ژماره‌یان 615 كه‌سه‌، ژمارەیەک خێزانی ئاوارەی كەركوك كە لەناو کەمپەکانی موسڵ نیشتەجێبون، بۆ كەمپەكانی كەركوك گەڕێنرانەوە و نیشتەجێكران.

عەمار سەباح، بەڕێوەبەری ئۆفیسی کەرکوکی فەرمانگی کۆچ و کۆچبەرانی عیراق بە (كەركوك ناو)ی وت "گەڕاندنەوەی ئەو خێزانانە لەسەر بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران عیراق بووە کە بڕیاریداوە هەموو خێزانە ئاوارەكان دەبێت بگەرێنرێنەوە پارێزگاكەی خۆیان".

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، ژمارەیەکی زۆر لە خێزانە ئاوارەکان، بە تایبەتی ئەو کەسانەی خەڵکی حەوێجەن، له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ ده‌ترسن و روبه‌ڕوی هه‌ڕه‌شه‌ بونه‌ته‌وه‌.

هه‌روه‌ها هاتووه‌ "هاوکارانی ئاسایش دەستیانگرتووە بەسەر بەڵگەنامەکانی شارستانی ئاوارەکان، بە خێزانەکانیان راگەیاندووە کە بەڵگەنامەکانیان پێدەدرێتەوە تەنبا ئەو کاتەی کە دەچنە ناو پاسەکانی گەڕانەوە".

نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان، ئاماده‌یی نیشانداوه‌ بۆ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عیراقی، تا رێگایه‌كی گونجاو بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان له‌سه‌ر خواستی خۆیان و سه‌لامه‌تییان بدۆزنه‌وه‌.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT