خەسرەو گۆران، لێپرسراوی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان، رایدەگەیەنێت كە حزبەكەی "یەكلیستیی و یەكڕیزی كوردی بەلاوە گرنگە"و یەكەم لایەن بون پێشنیاری یەكلیستیان بۆ كەركوك كردووە، ئەوەش لە لێدوانێكیدا بۆ (كەركوك ناو).
خەسرەو گۆران هاوكات لەگەڵ بەڕێوەچونی كۆبونەوەی حزبە كوردییەكانی كەركوك بۆ بڕیاردان لەسەر یەكلیستی، بە (كەركوك ناو)ی وت "پارتی دیموكرات لەپێش هەموو حزبە كوردییەكانەوە پێشنیاری یەكلیستیمان بۆ هەڵبژاردنی كەركوك كردووە و یەكلیستیی و یەكڕێزی كوردمان بەلاوە گرنگە، بۆیە پشتگیری ئەو هەوڵەی حزبە كوردییەكان دەكەین".
ئەو لێدوانەش هاوكات بوو لەگەڵ بڕیاری حزبە كوردییەكانی كەركوك بۆ یەكلیستی لە هەڵبژاردنی یەكی نیسانی ساڵی داهاتوی ئەنجومەنی پارێزگاكان.
ئەو بڕیارە لە كۆبونەوەیەكدا هات كە ئەمڕۆ دووشەممە 9ی ئەیلول، لە بارەگای حزبی شیوعی كوردستان بەڕێوەدەچوو، بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان بەشدارنەبوو لە كۆبونەوەكە.
خەسرەو گۆران وتی "ئێمە پشتگیری یەكلیستی دەكەین، ئەگەر بارودۆخی كەركوك ئاساییبكرێتەوە ئەوا بەشداری هەڵبژاردنی داهاتوو دەكەین، بەڵام ئەگەر بارودۆخەكە هەر وەكو ئێستا بێت، ئەوا بەشداریی هەڵبژاردن ناكەین".
رەوەند مەلا مەحمود، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە پەیامنێری (كەركوك ناو)، ئامادەی بوو، وتی "هەموو حزبەكان رێككەوتین لە هەڵبژاردنی داهاتودا بە یەك لیست بەشداریی بكەین و ناوی لیستەكەشمان نا كەركوك كوردستانییە".
لەبارەی پارتی دیموكراتی كوردستان، كە بەشداریی كۆبونەوەكە نەبون، رەوەند وتی "ئەوانیش لەگەڵ یەكلیستین، شەوی رابردوو نوێنەری حزبی شیوعی كوردستان لەگەڵ پارتی دیموكرات قسەیان كردووە و وتویانە لاریمان نییە لە یەكلیستی".