لە سلێمانییەوە گەڕێنرانەوە كەركوك
جارێكی تر لێكۆڵینەوە لە دەستگیركراوانی عەرەب دەكرێتەوە

كه‌ركوك، ئه‌یلولی 2019، كه‌سوكاری بێسه‌روشوێنان هێزه‌كانی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌ عیراقییه‌كانیان تۆمه‌تبار ده‌كرد فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

کاروان ساڵحى – کەركوك

ئەو 90 دەستگیركراوەی لەلایەن هێزه‌كانی دژه‌تیرۆر له‌ سلێمانی (سه‌ر به‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان)ەوە رەوانەی كەركوك كرانەوە، جارێكی تر لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەكرێتەوە.

سێشه‌ممه‌ 17ی ئه‌یلول هێزێكی دژه‌تیرۆر، له‌ سلێمانییه‌وه‌ 90 ده‌ستگیركراویان بردەوە كه‌ركوك و رادەستی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی شاره‌كه‌یان كردەوە‌، ئەوەش لە چوارچێوەی قۆناغی سێیەمی رادەستكردنەوەی دەستگیركراوانی عەرەب.

ئیسماعیل حەدیدی، راوێژكارێكی سەرۆك كۆماری عیراق و كەسایەتی سوننی كەركوك، بە (كەركوك ناو)ی وت "رادەستكردنەوەی دەستگیركراوانی عەرەب لە سلێمانییەوە بۆ دەزگا ئەمنییەكانی كەركوك بە ئاگادارى سەرۆک کۆمار و لەسەر داواکاریى نەتەوەى عەرەب بوو، تائێستا بە سێ قۆناغ گەڕێنراونەتەوە و قۆناغی تریش بەردەوامدەبێت، تاكو كۆتایی بەو پرسە دێت".

وتیشی "ئەو دەستگیرکراوانە پێشتر ناوەكانیان تۆماركراوە و دوو رۆژ بەر لەئێستا كەسوكاریان ئاگاداركراونەتەوە بۆ بینینیان و هێنانی بەڵگەنامەكانیان بۆ ئەوەی رادەستی دەزگا ئەمنییەكانی كەركوك بكرێنەوە، ئەوانە جارێكی تر لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت، ئەوەی دەركەوت تاوانی كردووە دەدرێتە دادگا، ئەوانی تر ئازاددەكرێن".

besarushwenn
كەركوك/20ی تەمموزی 2019/ كەسوكاری بێسەروشوێنان 1000 فۆرمی زانیارییان لەبارەی رۆڵەكانیان رادەستی پارێزگاری كەركوك كرد فۆتۆ: كاروان ساڵحی

ئەو دەستگیركراوانە خەڵكی كەركوك، موسڵ و قەزای شەرگات-ن و بەپێی ماددەی چواری تیرۆر دەستگیركراون، ئەوەش هەر بەوتەی ئیسماعیل حەدیدی كە خۆی یەكێكە لەو كەسانەی ئاگاداری وردەكاری رادەستكردنەوەی دەستگیركراوەكانە بە هێزە ئەمنییەكانی كەركوك.

پێشتر و زیاد له‌ جارێك، كەسوكاری ئەو دەستگیركراوانە له‌ڕێی گردبونه‌وه‌ی ناڕه‌زایی و كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانییه‌وه‌، داوای چاره‌نوسی ده‌ستگیركراوانی كردووه‌ لای هێزه‌ ئه‌منییه‌ كوردییه‌كان، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا له‌ ته‌مموزی ئه‌مساڵدا ناوی 1000 بێسەروشوێنی رادەستی راكان سەعید پارێزگاری كەركوك كرد، كه‌ هەردوو ئاسایشی یەكێتیی و پارتیان به‌ بێسه‌روشوێنكردنیان تۆمەتباركرد.

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، هه‌فته‌ی رابردوو له‌ وه‌ڵامی داواكاری كه‌سوكاری بێسه‌روشوێنان و حزبه‌ عه‌ره‌بییه‌كاندا، له‌ نێویاندا ئیداره‌ی كه‌ركوك، راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ و جه‌ختیكرده‌وه‌ "بانگه‌شه‌ی ده‌ستگیركردنی دانیشتوانی كه‌ركوك و ناوچه‌كانی دیكه‌ له‌ به‌ندیخانه‌كانی هه‌رێم دورن له‌ راستییه‌وه‌ و هیچ بنه‌مایه‌كیان نییه‌، ده‌رگای به‌ندیخانه‌كانیش له‌به‌رده‌م رێكخراوه‌ مرۆییه‌كان و مافی مرۆڤی نێوده‌وڵه‌تی و لۆكاڵی كراوه‌یه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌".

به‌پێی ئاماره‌كانی نوسینگه‌ی راكان سه‌عید جبوری، پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت تائێستا دۆسیه‌ی هه‌زار و 700 بێسه‌روشوێن، رفێنراو و ده‌ستگیركراو له‌ زیندانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ره‌وانه‌ی نوسینگه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی عیراق كراوه‌.

له‌ شوباتی ئه‌مساڵیشدا، له‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ 12 به‌ندكراوی عه‌ره‌ب به ‌نهێنیی و دور له‌ چاوی راگه‌یاندنه‌كان بۆ كه‌ركوك گه‌ڕێنرانه‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ و له‌ 11ى نیسانیشدا، 24 به‌ندكراوی تر به ‌ئاماده‌بونی نوێنه‌رانی پێكهاته‌كان، ده‌زگا ئه‌منییه‌كان و نوێنه‌ری سه‌رۆك كۆمار (ئاراس شێخ جه‌نگی برازای جه‌لال تاڵه‌بانی) گه‌ڕێنرانه‌وه‌ بۆ كه‌ركوك و هه‌ندێكیان دواتر ئازادكراون.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT