له‌ گرعوزێر؛ 18 هه‌زار خانوو له‌ مین پاككرانه‌وه‌

كارمه‌ندێك له‌كاتی هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی مینێكی چێنراو فۆتۆ: به‌رێوه‌به‌رایه‌تی كاروباری مین له‌ دهۆك

عه‌مار عه‌زیز – شنگال

له‌ سه‌نته‌ری ناحیه‌ی گرعوزێر و دوو كۆمه‌ڵگه‌ی تری نیشته‌جێبون، 18 هه‌زار خانوو له‌ مین و ته‌قه‌مه‌نییه‌كانی سه‌رده‌می داعش پاككرانه‌وه‌، ئه‌وه‌ش مانگێك كاری به‌رده‌وام، كه‌ ژماره‌یه‌ك كارمه‌ندی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی تێدا بوو به‌ قوربانی.

پرۆسه‌ی هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی مین و ته‌قه‌مه‌نییه‌كانی قه‌زای شنگال، به‌ به‌شداری سوپای عیراقی و هێزه‌كانی به‌رخودانی شنگال، كۆتایی ئابی ئه‌مساڵ له‌ ناوچه‌كانی گرعوزێره‌وه‌ ده‌ستپێكرد، بڕیاره‌ تا پاككردنه‌وه‌ی ته‌واوی سنوره‌كه‌ش‌ به‌رده‌وامی هه‌بێت.

جەلال خەڵەف، به‌رێوه‌به‌ری ناحیه‌ی گرعوزێر به‌وه‌كاله‌ت به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "دوای 30 رۆژ له‌ كاری به‌رده‌وام، به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ ته‌واوی ناحیه‌كه‌ و هه‌ردوو كۆمه‌ڵگه‌ی گرزه‌رك و سیبا شێخ خدر له‌ مین پاككرانه‌وه‌".

له‌ مه‌راسیمێكدا به‌ ئاماده‌بونی پارێزگاری نه‌ینه‌وا، چوارشه‌ممه‌ 25ی ئه‌یلول، كۆتایی پرۆسه‌ی هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی مین له‌ گرعوزێر راگه‌یه‌ندرا.

 

له‌ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌دا، سێ فیرقه‌ی ئه‌ندازیاری سه‌ربازی هه‌ڵگرتنه‌ویه‌ مین، له‌گه‌ڵ 15 تیمی گه‌ڕۆكدا به‌شداربون.

"له‌و مانگه‌دا، حه‌وت هه‌زار خانوو له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی سیبا، شه‌ش هه‌زار خانوو له‌ سه‌نته‌ری گرعوزێر و پێنج هه‌زار خانوو له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی گرزه‌رك پاككراونه‌ته‌وه‌، به‌داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ش به‌ قوربانیدان و شه‌هیدبونی سێ كه‌س له‌ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌دا".

دوو ئه‌فسه‌ری سوپای عیراق، له‌ هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی مینه‌كاندا له‌ 7ی ئه‌یلول، به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی خانوویه‌كی بۆمبڕێژكراوه‌وه‌ گیانیان له‌ده‌ستدا و یه‌كێكی دیكه‌ش برینداربوو.

جه‌لال خه‌ڵه‌ف ده‌ڵێت هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی مین و ته‌قه‌مه‌نی له‌ ناوچه‌ی به‌عاج ماوه‌، به‌ تایبه‌ت له‌ گوندی ره‌مبوسی و ده‌وروبه‌ری.

shngal.taqinawa (1)
نه‌ینه‌وا، ئه‌یلولی 2019، ته‌قینه‌وه‌ی خانویه‌كی بۆمبڕێژكراو له‌ شنگال قوربانی لێكه‌وته‌وه‌ فۆتۆ: تايبه‌ت به‌ كه‌ركوك ناو

ناحیه‌ی گرعوزێر له‌ سێ كۆمه‌ڵگا پێكهاتووه‌؛ سیبا شێخ خدر، گرزه‌رك، ره‌مبوسیێ، زیاتر له‌ 15 گوند له‌ خۆده‌گرێت.

"دڵنیایی ده‌ده‌ینه‌ هاوڵاتیان له‌مه‌ودوا ده‌توانن به‌بێ ترس بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ناوچه‌كانی خۆیان" به‌ڕێوبه‌ری ناحیه‌ی گرعوزێر وای وت.

رێكخراویMAG  تایبه‌ت به‌ هه‌ڵگرتنی مین و ته‌قه‌مه‌نی، سه‌رپه‌رشتی پرۆسه‌‌كه‌ ده‌گات له‌ ته‌واوی سنوری شنگال و به‌پێی ئاماره‌كانیش، سه‌دا 85ی قه‌زاكه‌ له‌ مین پاككراونه‌ته‌وه‌.

چەكدارانی رێكخراوی داعش، لە ماوەی حوكمڕانییاندا زۆربەی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتیان بۆمبڕێژكرد، به‌ تایبه‌ت قه‌زای شنگال، پێش بەجێهێشتن‌ و كۆنتڕۆڵكردنەوەی لەلایەن هێزە عیراقییەكانه‌وه‌، له‌وكاته‌‌وه‌ به‌هۆی مینه‌كانه‌وه‌ ده‌یان كه‌س بونه‌ته‌ قوربانی و بۆته‌ رێگر له‌ به‌رده‌م گه‌ڕانه‌وه‌ هه‌زاران خێزانی ئاواره‌شدا.

فه‌هد حامد ، قایمقامی قه‌زای شنگال به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "سه‌نته‌ری قه‌زای شنگال و ناحیه‌ی سنونێ و گرعوزێر پاككراونه‌ته‌وه‌ له‌ مین، ته‌نیا خانووه‌ ڕوخاوه‌كان ماون، ئه‌ویش نازانرێت ئایا‌ مینرێژكراون یاخود نا".

به‌پێی خه‌مڵاندن و به‌دواداچونی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان، هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی ته‌قه‌مه‌نییه‌كان له‌ موسڵ و پاككردنه‌وه‌ی ئه‌و شاره‌ له‌ بۆمب لانیكه‌م هه‌شت ساڵی پێویسته‌، تا دوباره‌ خه‌ڵك و ئاواره‌كان به‌بێ مه‌ترسی بگه‌ڕێنه‌وه.

مه‌نسور مه‌رعید، پارێزگاری نه‌ینه‌وا له‌ مه‌راسیمی راگه‌یاندنی پاككردنه‌وه‌ی گرعوزێر له‌ مین، وتارێكی پێشكه‌شكرد و وتی "پێویسته‌ متمانه‌ بۆ هاوڵاتیان بگه‌ڕێنینه‌وه‌، كه‌ هیچ هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسییه‌ك له‌ ناوچه‌كه‌دا نییه، تا بڕیاری گه‌ڕانه‌وه‌ بده‌ن و له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانیشدا، هه‌وڵی زیاتری ئاوه‌دانی بۆ سنوره‌كه‌ ده‌ده‌ین".

ئه‌وه‌ش له‌ كاتێكدایه‌، قه‌زای شنگال (بەدووری 120 لە رۆژئاوای موسڵ) كه‌ لە 3ی ئابی 2014 داعش دەستیبەسەرداگرت، لە تشرینی دووەمی 2015وه‌ كۆنتڕۆڵكراوه‌ته‌وه‌ و هێشتا زۆربه‌ی خزمه‌تگوزارییه‌كان و خه‌ڵكه‌كه‌یشی نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT