كه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی كه‌ركوك ده‌كرێته‌وه‌؟
دوایین راپۆرتی نه‌زاهه‌: سه‌دا 1ی كاره‌كانی ته‌واو بووه‌

كه‌ركوك، 2019، هۆڵی سه‌ره‌كی پێشوازی و رۆیشتن له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی كه‌ركوك كه‌ هێشتا ته‌واو نه‌كراوه‌ فۆتۆ: راگه‌یاندنی فڕۆكه‌خانه‌

گۆران بابان – كه‌ركوك

فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی كه‌ركوك، ته‌نیا سه‌دا 1ی كاره‌كانی ته‌واو بووه‌ و چه‌ند ساڵێكی دیكه‌ی ده‌وێت تا به‌ڕوی خه‌ڵكدا بكرێته‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌پێی زانیارییه‌كانی ده‌سته‌ی نه‌زاهه‌ و ئه‌نجومه‌نی پارێزگا، كه‌ ئیداره‌ی پارێزگاكه‌ ره‌تیده‌كاته‌وه‌.

پڕۆژه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی كه‌ركوك، لەكۆتایی 2017ـه‌وه‌ به ‌بڕیاری حكومەتی عیراق چۆته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌، به‌ڵام سه‌رباری تێپه‌ڕینی نۆ مانگ به‌سه‌ر واده‌ی ته‌واوبونی كاره‌كانیدا، هێشتا دیارنیه‌ كه‌ی ته‌واو ده‌كرێت و گه‌شته‌كانی ده‌ستپێده‌كات.

فه‌رمانگه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌كان سه‌ر به‌ ده‌سته‌ی نه‌زاهه‌ی عیراق، سه‌ره‌تای ئه‌یلولی ئه‌مساڵ له‌ راپۆرتێكدا و دوای به‌دواداچونی مه‌یدانی، ورده‌كاریی سستی كاركردنی له‌ 167 پرۆژه‌ی كه‌ركوكدا بڵاوكرده‌وه‌، له‌ نێویاندا فڕۆكه‌خانه‌.

به‌پێی به‌دواداچونه‌كانی نه‌زاهه‌؛ له‌ پرۆژه‌ سسته‌كانی وه‌به‌رهێناندا فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی كه‌ركوك، ته‌نیا سه‌دا 1ی كاره‌كانی ته‌واو بون، كه‌ به‌ بودجه‌ی 93 ملیۆن و 500 هه‌زار دۆلاری بۆ دابینكراوه‌.

frokaxana (2)
كاركردن له‌ فرۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی كه‌ركوك فۆتۆ: راگه‌یاندنی فڕۆكه‌خانه‌

ئیداره‌ی پارێزگاكه‌ی كه‌ركوك، راپۆرته‌كه‌ی نه‌زاهه‌ ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌ و سورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی وه‌ك پێشتر به‌ڵێنیانداوه‌، له‌ كۆتایی ئه‌مساڵ یاخود سه‌ره‌تای ساڵی داهاتوودا، فڕۆكه‌خانه‌كه‌ بۆ گه‌شتی ناوخۆیی بكرێته‌وه‌.

عه‌لی حه‌مادی، یاریده‌ده‌ری پارێزگاری كه‌ركوك بۆ كاروباری هونه‌ری به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "كاره‌كانی فڕۆكه‌كانه‌ گه‌یشتۆته‌ سه‌دا 95، پێموایه‌ راپۆرته‌كه‌ی نه‌زاهه‌ زانیارییه‌كانی ورد نین و بڕواناكه‌م راپۆرتی هاوشێوه‌شیان هه‌بێت، چونكه‌ چوار مانگ له‌مه‌وبه‌ر سه‌دا 60ی كاره‌كان تێپه‌ڕێندرا و بڕیاربوو له‌ تشرینی یه‌كه‌می ئه‌مساڵ بكرێته‌وه‌، به‌ڵام ره‌نگه‌ واده‌كه‌ كه‌مێك دوابكه‌وێت".

"من پێتاندەڵێم تا سەرساڵ، سەدا 100ی فڕۆكەخانەكە ئامادە دەبێت بۆ ئەنجامدانی گەشتە ناوخۆییەكانی وڵات".

به‌وته‌ی حه‌مادی، له‌ دوو هه‌فته‌دا هۆڵه‌كانی هاتن و رۆیشتن ته‌واو ده‌بن، دوای 20 رۆژ كاری شه‌قامه‌كانی ناوه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ش كۆتاییدێت.

فڕۆکەخانەكە دەکەوێتە باشوری كەركوك و لە ساڵی 1957ەوە وەک فڕۆکەخانەیەکی نێودەوڵەتی لە عیراقدا تۆمارکرا، بەڵام لەساڵی 2003 كرا بە بنکەیەکی سەربازی هێزەکانی ئەمەریکا و له‌ ئێستادا هه‌وڵه‌كان بۆ ئه‌وه‌یه‌ بكرێته‌ مه‌ده‌نی.

matar1
كه‌ركوك، ئه‌یلولی 2019، نیشتنه‌وه‌ی یه‌كه‌م فڕۆكه‌ی مه‌ده‌نی له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی كه‌ركوك كه‌ راكان سه‌عید، پارێزگار و شاندێكی باڵای عیراقی تێدا بوو فۆتۆ: راگه‌یاندنی پارێزگار

 

نوسینگەی راگه‌یاندنی راكان سه‌عید جبوری، پارێزگاری كەركوك به‌وه‌كاله‌ت، راپۆرته‌كه‌ی نه‌زاهه‌ ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌ و له‌ لێدوانێكدا بۆ (كه‌ركوك ناو) پێیانوایه‌ ئه‌و زانیارییانه‌ی ده‌سته‌ی نه‌زاهه‌ پشتی پێ به‌ستووه‌، مێژوه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ پێش 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017.

ئه‌وه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ نه‌زاهه‌ هیچ ئاماژه‌یه‌كی به‌وه‌ نه‌داوه‌ راپۆرته‌كه‌ی پشتی به‌ زانیاری پێشتر به‌ستبێت.

(كەركوك ناو) پەیوەندیكرد بە زیاد محه‌مه‌د، ڕێكخەر و بەڕێوه‌بەری كاروبارەكانی فڕۆكەخانەی كه‌ركوكه‌وه‌، به‌ڵام به‌پاساوی سنورداركردنی لێدوانی رۆژنامه‌وانی له‌لایه‌ن ئیداره‌ی پارێزگاوه‌، ئاماده‌نه‌بوو لێدوان بدات.

پرۆژه‌كانی كه‌ركوك، به‌بێ چاودێری ئه‌نجومه‌نی پارێزگا به‌ڕێوه‌ده‌چن، به‌وپێیه‌ی ئه‌نجومه‌ن نزیكه‌ی دوو ساڵه‌ دانیشتنه‌كانی په‌كیكه‌وتووه‌.

نەجات حسێن، سەرۆكی لیژنەی نه‌زاهه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئێمەش توشی شۆك بوین كاتێك ژماره‌ و ئاماره‌كانی ئیداره‌ی كه‌ركوكمان بینی به‌وه‌ی سه‌دا 90ی كاره‌كانی فڕۆكه‌خانه‌ ته‌واو بون، پێناچێت ئه‌و زانیارییانه‌ راست بن، چونكه‌ له‌ ئه‌رزی واقیعدا هه‌ستمان پێنه‌كردووه‌".

ناوبراو كه‌ پێشتر له‌ لیژنه‌ی چاودێری كاره‌كانی فڕۆكه‌خانه‌دا بووه‌، دواتر دورخراوه‌ته‌وه‌ و له‌ شوێنی ئه‌و كه‌سێكی تر دانراوه‌، "ره‌نگه‌ لابردنی من بۆ په‌رده‌پۆشكردنی راستییه‌كان بێت".

frokaxana (4)
تاقیكردنه‌وه‌ی روناكییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هۆڵی پێشوازی له‌ فڕۆكه‌خانه‌ فۆتۆ: راگه‌یاندنی فڕۆكه‌خانه‌

سه‌رۆكی لیژنه‌ی نه‌زاهه‌ ده‌ڵێت ئه‌وه‌نده‌ی ئەوان زانیارییان هەیە و پێیانگەیشتووە، فڕۆكەخانەكە بەدوو ئاڕاستەو دوو پرۆژە كاری لەسەر دەكرێت؛ هەنگاوی یەكەم دروستكردنی هۆڵی پێشوازییه‌ له‌گه‌ڵ ده‌روازه‌ سەرەكییەكان و ئەو شەقامەی بۆ نیشتنەوەی فڕۆكەكان بەكاردەهێنرێت، كه‌ به‌وته‌ی ئیداره‌ی كه‌ركوك به‌شێكی زۆری ته‌واو بووه‌.

"به‌ڵام قۆناغی دووەم پێویستی بە دووساڵ هەیە، كه‌ ڕێرەوێكی 250 مەترییه‌ له‌گه‌ڵ هۆڵێكی نوێ و ژمارەیەك ئامێری ڕادار".

نه‌جات حسێن باسی له‌وه‌كرد سه‌رباری داواكاریی به‌رده‌وام، به‌ڵام "زانیارییه‌كانمان لێ ده‌شارنه‌وه‌"، له‌سه‌ر پرۆژه‌كانی دیكه‌ش، وه‌ڵام نادرێنه‌وه‌.

ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك، زیاتر له‌ 100 تێبینی له‌سه‌ر پلانی پرۆژه‌كانی ئه‌مساڵ داوه‌ته‌ ئیداره‌ی پارێزگا، به‌ڵام وه‌ڵامی زۆرینه‌ی تێبینییه‌كان نه‌دراوه‌ته‌وه‌.

ده‌ستپێكردنی گه‌شتی ده‌ره‌وه‌ له‌ فڕۆكه‌خانه‌كه‌وه‌، پێویستی بەمۆڵەت هەیە و كاتی دەوێت

یاریده‌ده‌ری پارێزگار بۆ كاروباری هونه‌ری ده‌ڵێت هەندێك كێشەی یاسایی و ئیدارییان هه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ش به‌ سه‌رۆكایه‌تی تورهان موفتی، له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌ لیژنه‌یه‌ك پێكهێنراوه‌ بۆ به‌دواداچونی كێشه‌كان و چاره‌سه‌ركردنیان، له‌رێی ناردنی راپۆرتی كۆتاییه‌وه‌ بۆ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران.

"ده‌ستپێكردنی گه‌شتی ده‌ره‌وه‌ له‌ فڕۆكه‌خانه‌كه‌وه‌، پێویستی بەمۆڵەت هەیە و كاتی دەوێت، چونكە پەیوەستە بەفڕۆكەوانی جیهانیەوە".

عه‌لی حه‌مادی وتیشی "ئەو كۆمپانیایەی ئیدارەدانی فڕۆكەخانەی سلێمانی لەئەستۆ گرتووە. هەمان ئەو كۆمپانیایە لێرە كارەكان بەڕێوەدەبات، بۆیە موژدە دەدەین بەهاوڵاتیان ڕەشبین نەبن و سەری ساڵ دەتوانن لەكەركوكەوە به‌ فڕۆكه‌ بچنە شارەكانی تری عیراق".

له‌ بودجه‌ی دابینكراو بۆ فڕۆكه‌خانه‌ی كه‌ركوك، تائێستا هه‌شت ملیۆن دۆلار خه‌رجكراوه‌، وه‌ك یاریده‌ده‌ری پارێزگار باسیكرد، هێشتاش كێشه‌ی تر هه‌یه‌ له‌ نێویاندا فراوانكردنی روبه‌ری پرۆژه‌كه‌، ئه‌وه‌ش به‌ لابردنی ماڵه‌كانی ناوچه‌ی حه‌مزه‌لییه‌ ده‌بێت.

ئیداره‌ی پارێزگای كه‌ركوك، له‌ ئایاری ئه‌مساڵدا، بڕیاریدا‌ به‌ چۆڵكردنی گه‌ڕه‌كی حه‌مزه‌لی له‌ باشوری خۆرئاوای شاره‌كه‌، به‌وپێیه‌ی ده‌كه‌وێته‌ سنوری فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌، به‌ڵام خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ ئاماده‌نین به‌ده‌م ئه‌و داواكارییه‌وه‌ بڕۆن و تائێستا زیاتر له‌ جارێك ناڕه‌زاییان نیشانداوه‌.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT