دەستەی نەزاهەی عیراق بڕیاری دەستگیركردن بۆ رێبوار تاڵەبانی، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك دەردەكات و تۆمەتی دیارنەمانی ئۆتۆمبێلی ئەنجومەنی پارێزگای دراوەتەپاڵ.
ئەو بڕیارە كە چەند رۆژێكە بە بڕیاری دادوەرێكی دەستەی نەزاهە دەرچووە، تیایدا رێبوار تاڵەبانی تۆمەتباردەكات بە "بردن و دیارنەمانی ئۆتۆمبێل" كە موڵكی ئەنجومەنی پارێزگایە.
رێبوار تاڵەبانی، لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ (كەركوك ناو)، وتی "ئەو دادوەرە منی تۆمەتبار كردووە بەوەی ئۆتۆمبێلی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك دیارنەماوە، لەکاتێكدا بە بەرچاوی خۆمان و خەڵکەوە هێزەكانی حەشد و سوپای عیراق، ئۆتۆمبێلەکانیان خستە سەر فلات وتیان دەیبەن بۆ بینای پارێزگای کەرکوک، بەڵام ئەوان دزن و ئۆتۆمبێلەکانیان دزی، لەبری تاوانباركردنیان، دادوەر فەرمانی دەسگیرکردن بۆ من دەردەکات".
ئەوەش لەكاتێكدایە، خودی رێبوار تاڵەبانی، لە دادگاكانی هەرێمی كوردستان و عیراق سکاڵای لەسەر دزینی ئۆتۆمبێلەکان لەدژی ئەو هێزانە تۆمارکردووە.
ئەو بڕیارە نوێیە بۆ دەستگیركردنی رێبوار تاڵەبانی، سەرۆكی كاتی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، لەكاتێكدایە دادگای كه‌تنی ره‌سافه‌ی تایبه‌تمه‌ند بۆ دۆسیه‌كانی ده‌ستپاكی و سپیكردنه‌وه‌ی دراو، لە 30ی حوزەیرانی ئەمساڵ، ته‌واوی تۆمه‌ت و فه‌رمانه‌كانی ده‌ستگیركردنی رێبوار تاڵه‌بانی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه، كه پێشتر له‌لایه‌ن دادگای كه‌تنی كه‌ركوك له دژی ده‌ركرابوو.
رێبوار تاڵه‌بانی، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن له لیستی برایه‌تی / یه‌كگرتوی ئیسلامی، له 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017وه نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ كه‌ركوك و له هه‌ولێر ده‌ژی، له‌وكاته‌شه‌وه چه‌ندین دۆسیه دژ به ناوبراو و به تۆمه‌تی جیاواز كراونه‌ته‌وه.
دادگای كه‌تنی كه‌ركوك 26ی كانونی یه‌كه‌می 2018 بڕیاریدا به زیندانیكردنی رێبوار تاڵه‌بانی، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت بۆ ماوه‌ی شه‌ش مانگ، ئه‌وه‌ش به‌پێی مادده‌ی 331ی یاسای سزادانی عیراقی.