سۆران محەمەد - کەرکوک

عومەر سەید عەلی و عەبدولڕەحمان مستەفا كاندیدن بۆ سەرۆكایەتی هاوپەیمانی كوردستانی

هەولێر/29ی ئەیلولی 2019/ كۆبونەوەی حزبە كوردییەكان بۆ تاوتوێكردنی سەرۆكی هاوپەیمانی كوردستانی بۆ هەڵبژاردن لە ناوچەكانی جێناكۆك

هەریەكە لە عومەری سەید عەلی، رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان وعەبدولڕەحمان مستەفا پارێزگاری پێشوتری كەركوك، كاندیدن بۆ سەرۆكایەتیكردنی هاوپەیمانی كوردستانی بۆ هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە پارێزگاكانی كەركوك، نەینەوا، دیالەو سەڵاحەدین.

نۆ حزب و لایەنی سیاسی كوردی، شەممە 28ی ئەیلول بڕیاریاندا بەیەك لیست بەشداریی هەڵبژاردنەكانی داهاتوی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك و ناوچەكانی تری جێناكۆك بكەن، بەناوی لیستی هاوپەیمانی كوردستانی.

ئەمڕۆ یەكشەممە 29ی ئەیلول، بۆ تاوتوێكردنی زیاتری لۆگۆ، دروشم و سەرۆكایەتی هاوپەیمانێتییەكە لە مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە هەولێر کۆبونەوە.

خەسرەو گۆران، لێپرسراوی دەزگای هەڵبژادنی پارتی، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا دوابەدوای كۆبونەوەكەیان، وتی "جارێ هیچ بڕیارێک نەدراوە لەسەر سەرۆکی لیستەکە، لە کۆبونەوەی ئایندە ئەوە بابەتە تەواو دەبێت، سەبارەت بەلۆگۆش هەندێك لۆگۆ خرانەڕوو، بەڵام ئەوەش هەڵنەبژێردرا، بۆ ئەوەی باشترین لۆگۆ بخەینە بەرچاو دوسبەی (سێشەممە 1ی تشرینی یەكەم) بڕیار لەسەر لۆگۆش دەدرێت، کۆبونەوەی ئەمڕۆ زیاتر ڕێکەوتن بوو لەسەر بنەما سەرەتایەکانی هاوپەیمانی کوردستانی".

شوان محەمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، لەبارەی كۆبونەوەكەوە بە (كەركوك ناو)ی وت "بڕیارماندا دورشمێکی مەدەنیی و یاسایی هەڵبژێرین، بۆ سەرۆكی لیستەكەش ناوی هەریەک لە عومەری سەید عەلی و عەبدولڕحمان مستەفا هێنراوە و گفتوگۆ كراوە، بەڵام تائێستا یەکلایی نەبۆتەوە کە کێ دەبێت بە سەرۆکی لیستەکە".

هاوكات رزگار عەلی، لێپرسراوی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتیی نیشتیمانیی كوردستان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، وتی "رۆژی سێشەمە حزبە بەشداربوەکانی لیستەکە لە شاری سلێمانی کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی تا کاتی دیارکراوی کۆمسیۆن لیستەکە لە کۆمسێۆن تۆمار بکرێت، دڵینام ئەم یەکلیستییە دەبێتەهۆی بەدیهێنانی سەرکەوتنی گەلی کوردستان و زامنی جێبەجێکردنی مادەی 140ی دەستور".

ئەوەش لەكاتێكدایە حزبە كوردییەكانی كەركوك، 9ی ئه‌یلول، رێككەوتنێكیان راگه‌یاند بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك، تا له‌رێی لیستێكی هاوبه‌شه‌وه‌ به‌ناوی "كه‌ركوكی كوردستانی" به‌شداری بكه‌ن.

هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و رێككه‌وتنه‌، له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا به‌ ناوی ته‌واوی لایه‌نه‌ كوردییه‌كانه‌وه‌ راگه‌یه‌ندرا، جگه‌ له‌ پارتی دیموكراتی كوردستان و نه‌وه‌ی نوێ كه‌ به‌شداری كۆبوونه‌وه‌كه‌یان نه‌كرد، دواتر سۆسیالیستیش ره‌تیكرده‌وه‌ له‌و یه‌كلیستییه‌دا به‌شداربێت.

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT