كه‌ركوك ناو – نه‌ینه‌وا
ئه‌حمه‌د به شه‌رمه‌وه له‌پاڵ دایكی‌دا راوه‌ستابوو، هه‌ندێكجار پێده‌كه‌نی و هه‌ندێكجاریش ده‌موچاوی گرژ ده‌كرد، هه‌رچه‌نده ئه‌و و دایكی چاوه‌ڕێی وه‌رگرتنی كتێب بوون، به‌ڵام نه‌یده‌ویست له‌و خوێندنگه‌یه‌دا بخوێنێت.
خوێندنگه‌كه‌ی ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د-ی ته‌مه‌ن 9 ساڵ، ناوی سه‌فایه و ده‌كه‌وێته به‌ری چه‌پی شاری موسڵ، هاوشێوه‌ی ده‌یان ناوه‌ندی تری په‌روه‌رده‌یی به‌هۆی شه‌ڕه‌وه زیانی به‌ركه‌وتووه.
"حه‌زم به خوێندنگه و یاریكردنه له‌گه‌ڵ هاوڕێیهكانمدا، به‌ڵام خوێندنگه‌كه‌ی ئێمه ئاو و كاره‌بای نییه، ئه‌و كتێبانه‌ی وه‌رمگرتووه دڕاوه و كورسیه‌كانی دانیشتنیش له پۆله‌كاندا شكاون" ئه‌حمه‌د بۆ (كه‌ركوك ناو) وای وت.
به‌پێی بڕیاری وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی عیراق، بڕیاره 30ی ئه‌یلول، پرۆسه‌ی خوێندن له ته‌واوی وڵات‌دا ده‌ستپێبكاته‌وه، ئه‌وه‌ش له كاتێكدایه هێشتا زۆرێك له ناوچه كۆنتڕۆڵكراوه‌كانی ژێر ده‌ستی داعش، به‌ده‌ست وێرانه‌یی كه‌رتی په‌روه‌رده‌وه ده‌ناڵێنن.
"خوێندن له شاری موسڵ له سه‌رده‌می حوكمڕانی داعش سه‌ختی و كێشه‌ی زۆری هه‌بوو، به‌ڵام به‌قه‌د ئه‌مڕۆ نا" مسته‌فا شامل (48 ساڵ) واده‌ڵێت.
ئه‌و هاوڵاتییه كه چوار منداڵی له قۆناغی بنه‌ڕه‌تی خوێندندایه، نیگه‌رانه له داهاتووی خوێندكارانی شاره‌كه‌ی به‌هۆی نه‌بونی خوێندنگه‌ی پێویسته‌وه، به‌وهۆیه‌شه‌وه منداڵه‌كانیان ناچارن رێگه‌یه‌كی دوور ببڕن تا ده‌گه‌نه ئه‌و خوێندنگانه‌ی نۆژه‌نكراونه‌ته‌وه.
"ئه‌و هاتووچۆ به‌رده‌وام و دوره له وه‌رزی زستاندا روبه‌ڕوی مه‌ترسییان ده‌كاته‌وه چونكه ئه‌وان منداڵی قۆناغی سه‌ره‌تایین" شامل وای وت.
په‌روه‌رده‌ی نه‌ینه‌وا، بۆ ساڵی نوێی خوێندنی 2019-2020، دوو هه‌زار و 47 خوێندنگه‌ی ئاماده‌كردووه پێشوازی له خوێندكارانی قۆناغه جیاوازه‌كان بكه‌ن له ته‌واوی سنوری پارێزگاكه‌دا.
سامی فه‌زلی، لێپرسراوی په‌یوه‌ندییه گشتییه‌كان و راگه‌یاندنی له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌ی نه‌ینه‌وا بۆ (كه‌ركوك ناو)ی رونكرده‌وه ئه‌و خوێندنگانه هه‌زار و 446یان بۆ سه‌ره‌تاییه، 538 بۆ ناوه‌ندی و دواناوه‌ندی، 14 خوێندنگه بۆ پیشه‌ییه‌كان له‌گه‌ڵ دوو په‌یمانگه و 47 باخچه‌ی منداڵاندا.
له كۆگاكانی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی عیراقییه‌وه، پرۆگرامه‌كانی خوێندن به رێژه‌ی له‌سه‌دا 90 ئاماده‌كراوه و له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا، حه‌وت ملیۆن كتێب ره‌وانه‌ی نه‌ینه‌وا كراوه.
"له رۆژانی داهاتوودا رێژه‌ی ئاماده‌كاریی و دابینكردنی پێداویستییه‌كان ده‌گاته سه‌دا 100، تا خوێندنی ئه‌مساڵ بگاته ئاستی پێشكه‌وتنی گه‌وره له روی پرۆسه‌كانی په‌روه‌رده‌یی و فێربونه‌وه" به‌وته‌ی سامی فه‌زڵی.
سه‌رباری تێپه‌ڕینی دوو ساڵ به‌سه‌ر كۆتایی شه‌ڕ له موسڵ، هێشتا خه‌ڵك له بارێكی خراپی بژێویدان به‌هۆی لێكه‌وته‌كانی شه‌ڕ و كه‌می ههلیكارهوه، بۆیه كه‌سوكاری خوێندكاران داواكارن له دابینكردنی پێداویستیهكاندا هاوكاری بكرێن.
فه‌واز یوسف، باوكی خوێندكارێكی یه‌كی بنه‌ڕه‌تییه له موسڵ و به ئومێده هاوشێوه‌ی سه‌رده‌می حوكمڕانی پێشووتری عیراق پێداویستیه‌كانی خوێندن (قرتاسیه) بۆ خوێندكاران دابینبكرێت.
ئه‌و به (كه‌ركوك ناو)ی وت "دابینكردنی ئه‌و پێداویستییانه پاره‌یه‌كی زۆر له‌سه‌ر خێزانه‌كان ده‌كه‌وێت و ئه‌وه‌ش بۆ بارودۆخی ئێستا ئه‌وان زۆره و قورسه، به تایبه‌ت هه‌ندێك كه‌س زیاد له منداڵێكیان خوێندكاره و ئه‌و پاره‌یه‌یان نییه".
كه‌می خوێندنگه له نه‌ینه‌وا، به‌هۆی نۆژهننهكردنهوهی به‌شێكی زۆر له زیانلێكه‌وتوه‌كان، وایكردووه چه‌ند چه‌ندین خوێندنگه یه‌كبخرێن.
عوسمان نه‌جار (36 ساڵ)، هاوڵاتییه‌كی خه‌ڵكی موسڵه و پێیوایه یه‌كخستنی سێ ده‌وامی خوێندنگه له‌یه‌ك خوێندنگه‌دا هۆكاری بۆ شكستی خوێندن.
"منداڵه‌كه‌م له پۆلیی چواری بنه‌ڕه‌تییه و ساڵی رابردوو وانه‌ی رێزمانی عه‌ره‌بی نه‌خوێند، چونكه مامۆستاكه نه‌یتوانی پرۆگرامه‌كه‌یان پێبڵێته‌وه، له‌به‌ر نه‌بونی كاتی پێویست، چونكه خوێندكارانی سێ خوێندنگه له یه‌ك خوێندنگه‌دا كۆكرابونهوه" عوسمان بۆ (كه‌ركوك ناو) وای وت.
ئه‌و خوێندنگه‌یانه‌ی سێ ده‌وامی تێداده‌كرێت، به‌شێك له خوێندكاران كاتژمێر 8ی به‌یانی تا 11ی پێشنیوه‌ڕۆ، به‌شێكی تریان له كاتژمێر 11وه تا 1:30 خوله‌كی دوانیوه‌ڕۆ و ئه‌وانیتر تا چواری به‌ر له ئێواره ده‌وام ده‌كه‌ن.
سێ ساڵ له شه‌ڕ و ئاڵۆزییه به‌رده‌وامه‌كانی موسڵ، كه‌رتی په‌روه‌رده‌ی له‌و سنوره‌دا خستۆته به‌رده‌م چه‌ندین ته‌حه‌دی و چاره‌سه‌ری ئه‌و بارودۆخه‌ش به‌بڕوای شاره‌زایانی په‌روه‌رده‌یی، كاتی ده‌وێت.
جومعه عه‌بدلی، شاره‌زای په‌روه‌رده‌یی پێیوایه به‌ربه‌سته‌كان له‌گه‌ڵ خوێندنی ئه‌مساڵیشدا به‌رده‌وامی ده‌بێت، "له دیارترینیان نه‌بونی ژێرخانه، چونكه زۆرینه‌ی خوێندنگه‌كان خاپور بون و دوباره بنیاتنهنراونهتهوه"، ئه‌وه‌ش وایكردووه هه‌ر خوێندكارێك بۆ گه‌یشتن به خوێندنگه‌یه‌ك كه زیانی به‌رنه‌كه‌وتووه، رێگه‌یه‌كی درێژ ببڕێت و له هه‌ندێك شوێن ده‌گاته دوو كیلۆمه‌تر، به سه‌رما و گه‌رما.
عه‌بدلی به (كه‌ركوك ناو)ی وت "مامۆستا و وانه‌بێژ و ئیدارییه‌كان له نه‌ینه‌وا به گشتی ئه‌ركه‌كانی خۆیان به ته‌واوی جێبه‌جێناكه‌ن، هه‌ست به چاودێریی راسته‌قینه ناكه‌ن".
ئه‌و شاره‌زا په‌روه‌رده‌ییه باسی له رابردوی خوێندن كرد له نه‌ینه‌وا، كه ده‌ستخۆشی و پله به‌رزكردنه‌وه هه‌بوو بۆ ئه‌و مامۆستایانه‌ی سه‌ركه‌وتنیان به‌ده‌ستده‌هێنا، ئه‌وه‌ش وایده‌كرد كادیره په‌روه‌رده‌ییه‌كان هه‌وڵه‌كانیان چڕتر بكه‌نه‌وه.
له دوای كۆتاییهاتنی ده‌سه‌ڵاتی داعشه‌وه، مامۆستا و كادیرانی كه‌رتی په‌روه‌رده له‌رێی ئاسایشی نیشتمانی عیراقییه‌وه وردبینی بۆ ناوه‌كانیان كرا، به‌رله‌وه‌ی ده‌وام ده‌ستپێبكه‌نه‌وه، به ئامانجی ئاشكراكردنی ئه‌و كه‌سانه‌ی په‌یوه‌ندییان به‌و رێكخراوه چه‌كدارییه‌وه هه‌بووه.
ئه‌سیل عه‌بادی، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی په‌روه‌رده‌ی نه‌ینه‌وا به وه‌كاله‌ت ده‌ڵێت هێشتا هه‌ندێك له مامۆستا و فه‌رمانبه‌رانی په‌روه‌رده موچه‌كانیان بۆ نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه، به‌هۆی نه‌بونی وردبینی ئه‌منییه‌وه.
"قۆناغی داهاتوو؛ قۆناغی سه‌قامگیری په‌روه‌رده‌ییه، بۆ ئه‌وه‌ش ئاماده‌كاری ته‌واو كراوه بۆ پێشوازی له ساڵی نوێی خوێندن، له‌رێی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی خوێندنگه‌كان و دابینكردنی پێداویستییه‌كانی خوێندن" به‌وته‌ی ئه‌سیل عه‌بادی بۆ (كه‌ركوك ناو).
كێشه‌كانی په‌روه‌رده له موسڵ، ته‌نیا نه‌بونی خوێندنگه و مامۆستا نیه، به‌شێك له منداڵان به بارودۆخێكی خراپی ده‌رونیدا تێپه‌ڕ بون، له نێویاندا ئه‌وانه‌ی دایك یان باوكیان به‌هۆی شه‌ڕه‌وه له ده‌ستداوه، بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی خوێندن پێویستیان به هاوكاریی هه‌یه.
ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د، ئه‌و خوێندكاره‌ی له‌گه‌ڵ دایكی سه‌ردانی خوێندنگه‌كه‌ی كردبوو بۆ وه‌رگرتنی كتێب، له‌گه‌ڵ باسی خراپی بینای خوێندنگه‌كه‌یدا، جارێكی‌تر گرژییه‌كانی ده‌موچاوی بۆ زه‌رده‌خه گۆڕی و به رویه‌كی گه‌شه‌وه، سه‌یرێكی دایكی كرد و وتی ده‌یه‌وێت بخوێنێت بۆ ئه‌وه‌ی ببێته ئه‌ندازیار؛ تا رۆڵی هه‌بێت به دوباره ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی خوێندنگه خاپوربوهكان له‌گه‌ڵ دروستكردنی باخچه و گۆڕه‌پانی یاری وه‌رزشیدا.