هاوپه‌یمانی كوردستانی دروشمی دانا
سه‌رۆكی لیست له‌ كه‌ركوك بۆ یه‌كێتی و له‌ موسڵ بۆ پارتییه‌

سلێمانی، تشرینی یه‌كه‌می 2019، كۆبونه‌وه‌ی حزبه‌كانی به‌شدار له‌ هاوپه‌یمانی كوردستانی فۆتۆ: بڕیار نامیق

كاروان ساڵحی – كه‌ركوك

هاوپه‌یمانی كوردستانی، بڕیاریدا به‌ دروشمی "به‌ڵێ بۆ پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌ و جێبه‌جێكردنی ده‌ستور" بچێته‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتووی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانه‌وه له‌ ناوچه‌كانی جێناكۆك، بۆ ئه‌وه‌ش یه‌كێتییه‌ك له‌ كه‌ركوك ده‌كرێته‌ سه‌رۆكی لیست و له‌ موسڵیش كاندیدێكی پارتی داده‌نرێت.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 1ی تشرینی یه‌كه‌م له‌ گردی زه‌رگه‌ته‌ی باره‌گای سه‌ره‌كی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، 15 حزب و لایه‌نی سیاسی كوردی كۆبونه‌وه‌ بۆ یەكلاییكردنەوەی سەرۆكی قه‌واره‌ی هاوپەیمانی كوردستانی، له‌گه‌ڵ دانانی دروشم و لۆگۆی هاوپەیمانێتییەكە.

رەسوڵ رەئوف، لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوكی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا دروشمی هاوپه‌یمانی دانرا كه‌ بریتییه‌ له‌ (بەڵی بۆ پێكەوه‌ژیانی ئاشتییانە و جێبەجێكردنی دەستور)، كه‌ لە رووی دەستوریی و یاسایییه‌وه‌ هیچ كێشه‌یه‌كی نییه‌".

هه‌ر له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا بڕیاردراوه‌ سه‌رۆكی لیست و كاندیدی یه‌كه‌می هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌، له‌ كه‌ركوك بۆ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و له‌ موسڵ بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان بێت، به‌ڵام هێشتا كه‌سی یه‌كه‌م بۆ پارێزگاكانی سه‌ڵاحه‌دین و دیاله‌ یه‌كلایینه‌كراوه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌وته‌ی ره‌ئوف.

پێشتر و له‌ 28ی ئەیلولدا، ئەو حزب و لایەنانە، بڕیاریاندا بەیەك لیست بەشداریی هەڵبژاردنەكانی داهاتوی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك و ناوچەكانی تری جێناكۆك بكەن، بەناوی لیستی هاوپەیمانی كوردستانی.

لەنێو حزب و لایەنە كوردییەكاندا تەنیا نەوەی نوێ بەشدار نییە لەو هاوپەیمانێتییە، ئەوەش بۆ یەكەمجارە لە دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق لە ساڵی 2005  كورد بەو یەك دەنگییە بەشداربێت.

logo
لۆگۆی په‌سه‌ندكراوی هاوپه‌یمانی كوردستانی

عەبدولرەحمان مستەفا، دوای دیاریكردنی به‌ سه‌رۆكی قه‌واره‌ی هاوپەیمانی كوردستانی به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "زۆر خۆشحاڵم كۆی حزبە كوردستانییەكان لە لیستی هاوپەیمانی كوردستانی بەكۆی دەنگ ئەو شەرفەیان بەمن بەخشی، ئەمە ئەركێكی نیشتیمانی و نەتەوەییە، ئەم یەكڕیزییەی ئەمڕۆ مایەی دڵخۆشی هەموولایەكە".

"هیوادارین بتوانین ئەم یەكڕیزییە بپارێزین و دڵنیام زۆر شت بەدەستدەهێنین".

عەبدولرەحمان مستەفا، كه‌ له‌ 2003 تا 2011 پارێزگاری كه‌ركوك بوو، وتی "ئەگەر چاوێك بە مێژوودا بخشێنینەوە ده‌بینین شتی زۆر ناخۆشمان بەسەردا هاتووە، لە ناكۆكیدا بوین و شتی زۆرمان له‌ده‌ستداوه‌، به‌ڵام به‌ یه‌كڕێزی زۆرشتمان به‌ده‌ستهێناوه‌".

كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ عیراق، تا 5ی تشرینی یه‌كه‌می ئه‌مساڵی دیاریكردووه‌ بۆ تۆماركردنی هاوپه‌یمانێتییه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان به‌ كه‌ركوكیشه‌وه‌، كه‌ بڕیاره‌ له‌ 1ی نیسانی 2020دا ئه‌نجامبدرێت.

هاژە سلێمان، ئەندامی سەركردایەتی حزبی شیوعی كوردستان به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "له‌كۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا لەسەر پێكهێنانی سكرتاریەتێك بۆ ڕاپەراندنی ئیشوكارەكانی هاوپەیمانێتیەكە، كە عەبدولرەحمان مستەفا سەرۆكی دەبێت لەگەڵ نوێنەرانی حزبە بەشداربوەكاندا".

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌دا رێككه‌وتون هه‌ر كه‌سێك له‌ چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌دا نه‌یتوانی كورسی به‌ده‌ستبهێنێت، دواتر و له‌ دابه‌شكردنی پۆسته‌كاندا، به‌پێی ده‌نگه‌كانی پله‌ و پۆستی پێده‌درێت.

به‌وته‌ی هاژه‌ سلێمان؛ حزبه‌كان تاوتوێی هه‌وڵه‌كانیان كردووه‌ بۆ هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عیراق، كه‌ پێیانوایه‌ به‌هۆیه‌وه‌ ده‌نگی كورد ده‌فه‌وتێت و له‌رێی فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كانه‌وه‌، تانه‌ی لێدراوه‌.

دوایین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق لە ساڵی 2013دا بەرێوەچوو، جگە لە كەركوك كە 14 ساڵە لەو پرۆسەدا بەشدارنییە، ئه‌وه‌ش بەهۆی ناكۆكی پێكهاتەكانه‌وه‌ له‌سه‌ر چه‌ند مادده‌یه‌ك، له‌ نێویاندا تۆماری ده‌نگده‌ران و ئاساییكردنه‌وه‌ی بارودۆخی كه‌ركوك.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT