هێڵه‌كانی ئینته‌رنێت له كه‌ركوك و ناوچه‌كانی تری جێناكۆك كه‌وتنه‌وه كار، ئه‌وه‌ش دوای راگرتنی بۆ ماوه‌ی زیاتر له 100 كاتژمێر، به‌هۆی هه‌ڵكشانی خۆپیشاندانه‌كانی ناڕه‌زایی له به‌غدا و چه‌ند پارێزگایه‌كی دیكه‌دا.
حكومەتی عیراق بەهۆی خۆپیشاندانەكانەوە و لە درەنگانێكی شەوی 2ی تشرینی یەكەمەوە تەواوی هێڵەكانی ئینتەرنێتی لە پارێزگاكانی عیراق، كەركوك و ناوچەكانی تری جێناكۆك بڕی، تا كاتژمێر كاتژمێر 7:30 خوله‌كی ئه‌مشه‌و دوشه‌ممه 7ی تشرینی یه‌كه‌م هیڵهكان كهوتنهوهكار.
به‌وته‌ی په‌یامنێرانی (كه‌ركوك ناو) له كه‌ركوك، موسڵ و ناوچه‌كانی تری جێناكۆك، ئینته‌رنێتی كۆمپانیاكان به‌بێ كێشه كه‌وتۆته‌وه كار، به‌ڵام خێرا نیه و له هه‌ندێك ناوچه‌ش خاوه.
تا ئاماده‌كردنی ئه‌م هه‌واڵه، ئینته‌رنێتی كۆمپانیاكانی په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له ناوچه‌كانی جێناكۆك نهكهوتونهتهوه كار.
سه‌رچاوه‌یه‌ك له كۆمپانیایه‌كی دابینكه‌ری ئینته‌رنێت له كه‌ركوك به (كه‌ركوك ناو)ی وت؛ به‌بڕیاری به‌غدا قه‌ده‌غه له‌سه‌ر هێڵه‌كانی ئینته‌رنێت هه‌ڵگیراون، به‌ڵام ئاگادارنه‌كراونه‌ته‌وه گه‌ڕانه‌وه‌ی ئینته‌رنێت كاتییه یاخود نا.
له چه‌ند رۆژی رابردوشدا و به‌هۆی نه‌بونی ئینته‌رنێته‌وه، كاری دەیان فەرمانگەی سه‌ر به وه‌زاره‌تی ناوخۆ له نێویاندا پاسپۆرت له كەركوك و ناوچەكانی تری جێناكۆك راگیرابون.
بڕیاری راگرتنی هێڵه‌كانی ئینته‌رنێت، هاوكات بوو له‌گه‌ڵ هه‌ڵكشانی ناڕه‌زاییه‌كاندا و به‌هۆی سه‌رهه‌ڵدانی بارگرژییهكانیشهوه، تائێستا 104 كه‌س كوژراون و زیاتر له شه‌ش هه‌زار كه‌سی دیكه‌ش برینداربون، كه زۆرینه مه‌ده‌نی بون، به‌پێی ئاماره‌كانی فه‌رمانده‌یی گشتی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی هاوبه‌شه‌كانی عیراق.
ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراق، له دوایین كۆبونه‌وه‌ی نائاساییی خۆیدا دره‌نگانی شه‌وی شه‌ممه 5ی تشرینی یه‌كه‌م، 17 بڕیاری ده‌ركرد له نێویاندا ته‌رخانكردنی زه‌وی نیشته‌جێبون و پێدانی موچه‌ی مانگانه به خه‌ڵكی كه‌مده‌رامه‌ت و بێكار، وه‌ك به‌ده‌مه‌وه‌چونی داواكاری خۆپیشانده‌ران، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆی له شاره‌كاندا هه‌ڵگرت.