پۆلیسی فیدراڵی له‌ له‌یلان پاشه‌كشێ ده‌كات

كه‌ركوك، هێزێكی پۆلیسی فیدراڵی له‌ناوچه‌كانی باشور و خۆرئاوای كه‌ركوك فۆتۆ: راگه‌یاندنی ئه‌و هێزه‌

كه‌ركوك ناو – كه‌ركوك

هێزه‌كانی پۆلیسی فیدراڵی، له‌ ناحیه‌ی له‌یلانی كه‌ركوكه‌وه‌ پاشه‌كشێ ده‌كه‌ن به‌ره‌و به‌غدا و له‌ جێی ئه‌وان سوپا جێگیرده‌كرێن، ئه‌وه‌ش به‌وته‌ی زیاد له‌ سه‌رچاوه‌یه‌ك؛ له‌ چوارچێوه‌ی بڕیارێكی حكومه‌تی ناوه‌ندی عیراقیدا دێت بۆ گۆڕانكاری ئه‌منی.

پاشه‌كشێ پۆلیسی فیدراڵی له‌ له‌یلان (باشوری خۆرهه‌ڵاتی كه‌ركوك)، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 8ی تشرینی یه‌كه‌م ده‌ستیپێكردووه‌، ئه‌وه‌ش دوای رۆژێك له‌ سه‌ردانی وه‌زیری به‌رگری بۆ كه‌ركوك.

یه‌كێك له‌ سه‌رچاوه‌كانی (كه‌ركوك ناو) كه‌ لێپرسراوێكی باڵای ئه‌منییه‌ له‌ كه‌ركوك، وتی "چه‌ند مانگێك له‌مه‌وبه‌ر بڕیاردراوه‌ به‌ پاشه‌كشێی پۆلیسی فیدراڵی له‌ سنوری ناحیه‌ی له‌یلان، تا سنوره‌كه‌ راده‌ستی سوپا بکرێت، به‌ڵام ئه‌م بڕیاره‌ جێبه‌جێنه‌کرا و راگیرابوو".

به‌وته‌ی سه‌رچاوه‌كه‌، دوێنێ دوشه‌ممه‌، له‌ كۆبونه‌وه‌ی ئه‌منی شاندی وه‌زاره‌تی به‌رگری له‌ كه‌ركوك، بڕیاردراوه‌ كاربكرێت به‌ فه‌رمانی پاشه‌كشێی پۆلیسی فیدراڵی.

هەریەكە لە نەجاح شەمەری، وەزیری بەرگری عیراق و هادی عامری، ئەمنیداری گشتی رێكخراوی بەدر، لە كەركوك بون، بە یاوەری عەبدولئەمیر یارەڵا، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان، بە مەبەستی چاودێریكردنی قۆناغی شەشەمی ئۆپەراسیۆنی ئیرادەی نەسر كه‌ قەزای حەویجە و ناحییەكانی رەشاد و ریاز ده‌گرێته‌وه‌.

waziribargri
كه‌ركوك، تشرینی یه‌كه‌می 2019، سه‌ردانی وه‌زیری به‌رگری عیراق بۆ كه‌ركوك فۆتۆ: راگه‌یاندنی پۆلیس

"له‌ به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆوه‌ فه‌وجی دوی لیوای 18ی پۆلیسی فیدراڵی پاشه‌كشێیان كردووه‌ به‌ره‌و به‌غدا، به‌ كاتی له‌ جێی ئه‌وان لیوانی 61ی سوپا به‌ هاوبه‌شی پۆلیسی له‌یلان بازگه‌كانی سنوره‌كه‌ به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن، ئه‌وه‌ش له‌ چاوه‌ڕوانی گه‌یشتنی فیرقه‌ی 11ی سوپا له‌ به‌غداوه‌ به‌ره‌و كه‌ركوك" سه‌رچاوه‌كه‌ واده‌ڵێت.

هێزه‌كانی پۆلیسی فیدراڵی، سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆی عیراقین و له‌ دوای روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017وه‌ ئه‌منیه‌تی به‌شێك له‌ ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری پارێزگای كه‌ركوكیان گرتۆته‌ده‌ست.

ئه‌و گۆڕانكارییه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ كشانه‌وه‌ی سوپا له‌نێو چه‌ند ناوچه‌یه‌كی به‌غدا و جێگرتنه‌وه‌یان له‌لایه‌ن پۆلیسی فیدڕاڵییه‌وه‌، دوای تۆمه‌تباركردنی سوپا به‌ "به‌كارهێنانی راده‌به‌ده‌ری هێز دژی خۆپیشانده‌ران له‌ ناوچه‌ی سه‌در".

خۆپیشاندانی ناڕه‌زایی هه‌فته‌یه‌ك له‌ به‌غدا و چه‌ند پارێزگایه‌كی تر به‌رده‌وامی هه‌یه‌، به‌هۆی سه‌رهه‌ڵدانی بارگرژییه‌وه‌، به‌ پێی دوایین ئاماره‌كان 104 كه‌س كوژران و زیاتر له‌ شه‌ش هه‌زار كه‌سیش برینداربون.

سه‌رچاوه‌كه‌ی (كه‌ركوك ناو) ده‌ڵێت دوای ده‌ستپێكردنی گۆڕانكارییه‌ ئه‌منییه‌كان له‌ كه‌ركوك، له‌ ئه‌مڕۆوه‌ بازگه‌ی چونه‌ ژوره‌وه‌ بۆ ناو له‌یلان له‌ نزیک کارگه‌ی چیمه‌نتۆی که‌رکوک، بازگه‌ی ته‌په‌لو له‌گه‌ڵ بازگه‌ی خاڵۆبازیانی له‌ ئه‌ستۆی لیوای 61ی سوپا و بنکه‌ی پۆلیسی له‌یلانه.

ئه‌وه‌شی رونیكرده‌وه‌ له‌گه‌ڵ گه‌یشتنی فیرقه‌ی 11ی سوپا بۆ كه‌ركوك، لیوای 61 پاشه‌كشێ ده‌كه‌ن به‌ره‌و باره‌گاكانی خۆیان له‌ناو شاردا.

دۆسیه‌ی ئه‌منی كه‌ركوك، زیاتر له‌ دوو ساڵه‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كاندایه‌، كه‌ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵ له‌ پارێزگاكه‌ پێكهێنرا بۆ سه‌رپه‌رشتی هه‌موو هێزه‌ سه‌ربازی و ئه‌منییه‌كانی سنوره‌كه‌ له‌ نێویاندا پۆلیسی ناوخۆیی و حه‌شدی شه‌عبی.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT